وردەکارییەکانی دۆزینەوەکەی هەردوو براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا ساڵی ٢٠١٥:
(باسی دۆزینەوەکە، وردەکارییەکان و دەرەنجامی تاقیکردنەوەکان، شیکردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکە بە پێی تیۆری کوانتەم)
ئەمڕۆ ٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ ئەکادیمیای شاهانەی سوید بۆ زانستەکان، هەردوو Takaaki Kajita و Arthur B.McDonald ی وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەستنیشان کرد بۆ دۆزینەوەی Neutrino Oscillations، کە نیشانی دەدات نیوترینۆ بارستەی هەیە کە پێشتر وا دەزانرا نییەتی.
نیوترینۆ لە دوای فۆتۆنەکانی ڕوناکی، دووەم زۆرترین تەنۆلکەی بڵاوە لە گەردوون دا کە زۆر بە ئەستەم کارلێک دەکەن و بە ئاسانی بە ناو هەموو شتێک دا تێدەپەڕن، بۆ نمونە هەر لەم ساتەدا ژمارەیەکی بێ ئەندازە لە نیوترینۆ بە ناو لەشی ئێمە و زەوی دا تێدەپەڕن بێ ئەوەی هیچ کارلێک کردنێک هەبێت لە نێوانیاندا. نیوترۆنەکان سێ جۆرن کە سێ تام یشیان پێ دەگوترێت: ئەلکترۆن-نیوترینۆ، میۆن-نیوترینۆ، تائۆن نیوترینۆ. کاتێک نیوترۆنەکان کارلێک لەگەڵ ئەتۆمێک(گەردیلەیەک) دەکەن، لەهەر کارلێکێک دا ئەگەری دەرچونی یەکێک لەم سێ تەنۆلکەیە هەیە: ئەلکترۆن، میۆن، تائۆن، کە ناونانی نیوترۆنەکان وەک پێشتر باسکرا پەیوەندی بە جۆری ئەو تەنۆلکەیەوە هەیە کە لە کاتی کارلێک کردنی نیوترینۆ لەگەڵ ئەتۆمێک دا دەردەچێت. سەرچاوەی سروشتی دروست بونی نیوترینۆکان چالاکی ناخی خۆر و ئەستێرەکان، ناخی زەوی یان کارلێکی تیشکە گەردونیەکانە لەگەڵ ئەتۆمەکانی ناو ئەتمۆسفیری زەوی.
کارەکە لە دوو بەش پێک دێت:
یەکەم: تاقیکردنەوە بووە لەسەر ئەو نیوترینۆیانەی کە لەو تیشکە گەردونییەوە دروست دەبن کە کارلێک لەگەڵ ئەتۆمەکانی بەرگەهەوای زەوی دا دەکات کە بریتین لە ئەلکترۆن-نیوترینۆ و میۆن نیوترینۆ، بە هۆی دیتێکتەری Super-Kamiokande لە وڵاتی ژاپۆن لە قوڵایییەکی زۆر لە ژێڕ زەوی دایە و پرۆفیسۆر T.Kajita کاری لەسەر کردووە. دیتێکتەرە بریتیتە لە پەنجا هەزار تۆن ئاو کە یانزە هەزار هەستەوەری بینایی لە خۆ دەگرێت، ئەو هەستەوەرانە کاتێک نیوترینۆ بەریان دەکەوێت تەنۆلکەیەکی بارگەداری وەک ئەلکترۆن یان میۆن یان تائۆن دەردەدەن و کاتێک یەکێک لەو تەنۆلکە بارگەدارانەش بە ناو ئاوەکەدا دەڕوات دەبێتە هۆی تیشکدانی ڕووناکی و دروست بوونی ئەڵقەی ڕوناکی کە جیاوازی ئەم ئەڵقانەش دەبێتە هۆی ناسینەوەی جۆری ئەو نیوترینۆیەی کارلێکی لەگەڵ دیتێکتەرەکەدا کردووە. لەو تاقیکردنەوەیە دا دەرکەوت کە لەو دوو جۆرە نیوترینۆیەی کە لە بەرگەهەوادا دروست بوون تەنها ئەلکترۆن-نیوترینۆ دەگاتە دیتێکتەرەکە و میۆن-نیوترینۆ دیار نامێنێت و دەگۆڕێت بۆ ئەلکترۆن-نیوترینۆ.
دووەم: تاقیکردنەوە بوو لە سەر ئەو نیوترینۆیانەی کە لە کارلێکەکانی ناو خۆر دا دروست دەبن لە تاقیگەی Sundbery Neutrino Observatory لە وڵاتی کەنەدا کە پرۆفیسۆر A.B.McDonald کاری تێدا دەکات و بریتییە لە هەزار تەن ئاوی قورس (ئاوی ئاسایی ئەو ئاوەیە کە لە دوو توخمی هایدرۆجین و توخمێکی ئۆکسیجین پێک دێت بەڵام ئاوی قورس لە دوو توخمی دیوتریۆم و یەک توخمی ئۆکسیجین پێک هاتووە، دیوتریۆم هەمان توخمی هایدرۆجینە بەڵام لە بری تەنها یەک پڕۆتۆن، نیوترۆنێکیشی هەیە). لەم تاقیگەیەدا دوو کارلێک ڕوودەدات، لە یەکێکیاندا کاتێک نیوترینۆی هاتوو بەر ئەتۆمێک دەکەوێت، تەنها هەڵی دەوەشێنێت بۆ پرۆتۆنێک و نیوترۆنێک و نیوترینۆکەش دەمێنێتەوە و تەنها بە هۆی هەڵوەشانەکە دەزانین کە نیوترینۆیەک هەبووە و بووەتە هۆی ئەم هەڵوەشانە، بۆیە لەمەیاندا ناتوانین جۆری نیوتینۆکە دیاری بکەین، لە کارلێکەکەی تر دا نیوترینۆکە لەگەڵ نیوترۆن ەکە دەبێت بە پڕۆتۆن و هەر بۆیە لە پاڵ پرۆتۆنەکەی کە ئەتۆمەکە پێشتر هەیبووە دوو پرۆتۆن دەردەچێت و بۆ پاراستنی بارستە و بارگەش ئەلکترۆنێک دەردەچێت لەگەڵ دوو پرۆتۆنەکەدا، بەمەش وەک پێشتر باسمان کرد بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو نیوترینۆیەی کە کارلێکی کردووە لە جۆری ئەلکترۆن-نیوترینۆ یە چونکە ئەلکترۆنێک دەرچووە. ئەو ئەلکترۆنانەی لە ناو خۆر دا دروست دەبن تەنها لە جۆری ئەلکترۆن-نیوترینۆ ن، بۆیە دەبێ لە تاقیکردنەوەکەدا ژمارەی ئەو نیوترینۆیانەی کە کارلێکەکەیان لە جۆری دووەمە و نازانرێت چ جۆرێکن لە نیوترینۆ یەکسان بە ژمارەی ئەوانەی کارلێکەکەی دووەم ئەویش بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی هەموو ئەو نیوترینۆیانەی کە دەگەنە تاقیگەکە لە جۆری ئەلکترۆن-نیوترینۆن، بەڵام وەک تاقیکردنەوەکەی یەکەم کە لە ژاپۆن بوو دەرکەوت، هەندێک لە نیوترینۆکان پاش تێپەڕ بونیان بە بەرگەهەواو و زەوی دا گۆڕاون بۆ جۆرێکی تر لە نیوترینۆ. واتە جۆرەکان یان تامەکانی نیوترینۆکە گۆڕاون، ئەمەش پێی دەگوترێت Neutrino Oscillations.
ئەم دیاردەی گۆڕانی تامی نیوترونەکان کاتێک بە ناو بۆشایی دا تێدەپەڕن بە وردی پێی دەگوترێت Neutrino flavor Oscillations کە بە تیۆری کوانتەم لێک دەدرێتەوە کە دەڵێت تەنۆلکەکان بۆ نمونە نیوترینۆ بە شێوەی شەپۆل وەسف دەکرێن، ئەم شەپۆلانەش پێک دادەچن و یەکتر بەهێز دەکەن یان لە ناو دەبەن. بە پێی تیۆری کوانتەم ئەم گۆڕانی جۆری نیوترۆنانەن کە لەو دوو تاقیکردنەوەیەدا بینراوە تەنها کاتێک ڕوو دەدات کە تەنۆلکەی نیوترینۆ بارستەکەی سفر نەبێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە نیوترینۆ بارستایی هەیە.
وەرگێران و ئامادەکردن: ئارمان
سەرچاوە:
کورتە ڕوونکردنەوەکەی پرۆفیسۆر ئۆلگا بۆتنەر لە دوای ڕاگەیاندنی ناوی براوەکانی خەڵتی نۆبڵی فیزیا:
Announcement of the Nobel Prize in Physics 2015