ئەم نووسینەی خوارەوە تێڕوانینی (ئالبێرت ئاینشتاین)ە دەربارەی گرنگی فەلسەفە و بە تایبەت فەلسەفەی زانست، لە وەڵامیدا بۆ نامەیەکی رۆبێرت سۆرنتن، کە فەیلەسوفێکی گەنجی ئەمریکی-ئەفریقی بوو و هێند نەدەبوو کە دکتۆراکەی لە فەلسەفەی زانست دا و لە ژێر دەستی هێربرت فیگڵ بەدەست هێنابوو و وا بە نیاز بووە دەست بکات بە وتنەوەی فیزیک لە زانکۆی پۆرتۆ ریکۆ لە مایاگوێز. لە نامەیەک دا، داوای لە ئاینشتاین کردبوو کە بە چەند وشەیەک، پشتیوانی لەو هەوڵدانەی بکات کە ویستبووی هەتا بکرێت بڕێکی زۆرتر فەلسەفەی زانست لەو کۆرسە دا کە بریتی بوو لە زانستی مۆدێرن و بڕیار بوو بیڵێتەوە، پێشکەش بکات:
“دەربارەی گرنگی و بایەخیی پەروەردەییی مێتۆدۆلۆجی، بە هەمان شێوەی گرنگیی مێژوو و فەلسەفەی زانست، بە تەواوەتی هاوڕاتم. زۆرێک لە خەڵکی ئەم سەردەمە -بە زانا پێشکەوتووەکانیشەوە- لە دیدی من دا وەکوو کەسێک وان کە هەزاران داری بینیوە، بەڵام هەرگیز دارستانی نەبینیوە. هەبوونی مەعریفەیەکی مێژوویی و فەلسەفی و ئاگاداربوون لێیان، وا لە کەسەکەکە دەکات خاون تێڕوانینێکی سەربەخۆ و دوور لەو پێشوەخت بڕیاردانانە بێت کە هاوسەردەمانی تێیکەوتوون و زۆربەی زانایانیش پێوەی دەناڵێنن. ئەم سەربەخۆیییە، کە ئەنجامی تێڕوانین و تێگەیشتنێکی قووڵی فەلسەفییە، بە ڕای من خاڵی جیاکەرەوەی کەسی پیشەگەر و پسپۆڕە لە کەسێک کە بە ڕاستی وێڵە بە دوای حەقیقەت دا.”
وەرگێڕان: ئارمان
سەرچاوە:
(Einstein to Thornton, 7 December 1944, EA 61-574)
Einstein’s Philosophy of Science