دوای ئەم دۆزینەوەیە دەکرێت بگوترێت: ڕەنگە مرۆڤ بووبێت بە خاوەنی چاوێکی نوێ بۆ بینین و لێکۆڵینەوە لە گەردوون و بە تایبەت ئەو بەشانەی گەردوون کە بە ڕووناکی ئاسایی لێکۆڵینەوە و بینینیان ئەستەمە.
دوای ١٠٠ ساڵ لە پێشبینییەکەی ئاینشتاین، شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن دۆزرانەوە(بۆمان دەرکەوتن)
زانایان بۆ یەکەم جار توانییان شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن ببینن(دیتێکت بکەن)، کە بریتین لە لەرینەوەی شەپۆلی لە چنراوی شوێن-کات دا (واتە خودی بنەمای شوێن-کات دەلەرێننەوە)، کە لە شوێنە دوورەکانی گەردوونەوە دەگەن بە زەوی. ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی پێشبینییەکی گەورەی تیۆریی ڕێژەیی گشتیی( ساڵی ١٩١٥) ئالبێرت ئاینشتاینە. ئەم دۆزینەوەیە و دەست پێڕاگەیشتنمان بە شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن، کرانەوەی پەنجەرەیەکی بێوێنەیە بەرەو گەردوون و تێگەیشتن لێی.
شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن هەڵگری زانیاریی گرنگن دەربارەی سەرچاوەی دەرچوونیان و سروشتی هێزی کێش کردن، کە بە هیچ ڕێگایەکی تر ئەو زانیارییە دەست ناکەوێت. فیزیاییەکان گەشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەو شەپۆلانەی هێزی کێشکردن کە ئەوان بینیویانن(بۆیان دەرکەوتوون) لە کۆتا ساتی ئەو چرکەیە دا کە دوو کونی ڕەش یەکیان دەگرت و دەبوون بە کونەڕەشێکی خولاوەی گەورەتر، بەرهەم هاتوون. ئەم بەریەککەوتنەش نابینرێت، بەڵکوو تەنها پێشبینی کراوە.
شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن لە ٥:٥١ ی بەیانی ڕۆژی ١٤ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠١٥ دیتێکت کراون(بینراون) لە لایەن هەردوو دیتێکتەری LIGO کە دەکەونە لڤینگستۆنی ویلایەتی لویزیانا و هانفۆردی ویلایەتی واشنگتۆنی ئەمریکا. ئەو دوو ڕوانگەیەی دۆزینەوەکەیان تێدا کراوە لە لایەن Caltech و MIT ەوە کاریان پێدەکرێت. دۆزینەوەکە لە ژۆرناڵی Physical Review Letters دا قبوڵ کراوە بۆ بڵاوکردنەوە.
زانایی LIGO بە پێی ئەو سیگناڵانەی چاودێرییان کردووە، وای دەخەمڵێنن بارستەی هەردوو کونەڕەشەکەی کە ئەم شەپۆلانەیان لێوە چاودێری کراوە ٢٩ ئەوەندە و ٣٦ ئەوەندەی بارستایی خۆر بێت و ئەم ڕووداوی یەکبوونی دوو کونەڕەشەش نزیکەی ١.٣ ملیار ساڵ لەمەوپێش ڕووی دابێت. لەم ڕووداوەدا بارستەیەک کە بڕەکەی سێ هێندەی بارستایی خۆرە لە ماوەی چرکەیەک دا گۆڕاوە بۆ وزە بۆ دروست بوونی شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن. بە تێڕوانین لە کاتی گەیشتنی شەپۆلەکان، زانایان دەڵێن سەرچاوەی ئەو ڕووداوە دەکەوێتە بەشی باشوور نیوەگۆی زەوی لەبەرئەوەی شەپۆلەکە ٧ملی چرکە درەنگتر گەیشتۆتە ڕوانگەی هانفۆرد کە دەکەوێتە بەشی باکووری ئەمریکا لە چاو ڕوانگەکەی لڤینگستۆن.
بە پێی تیۆریی ڕێژەیی گشتی، کاتێک دوو کونی ڕەش بە دەوری یەکتریدا دەخولێنەوە، بەرە بەرە وزە ون دەکەن بە هۆی دەرچوونی شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن لێیانەوە، کە ئەم ونکردنی وزەیە وا دەکات دوای چەند ملیار ساڵ لە یەکتری نزیک ببنەوە بەڵام ئەم لێک نزیکبوونەوەیە لە کۆتا دەقەکاندا زۆر زۆر بە خێرایی ڕوودەدات. لە کۆتا بەشی چرکەیەک دا و بە نیوەی خێرایی ڕووناکی، دوو کونە ڕەشەکە بەریەکدەکەون و کونەڕەشێکی گەورە پێک دێت، کە لە کاتی بەریەککەوتنەکەدا بڕێک لە بارستایی دوو کونەڕەشەکە بە پێی هاوکێشەی E=m*c^2 دەگۆڕێت بۆ وزە. ئەم بڕە زۆرەش لە وزە، دواجار بە کت و پڕی، بە شێوەی شەپۆلەکانی هێزی کێش کردن دەردەدرێت. ئەوەش ئەو شەپۆلانەی هێزی کێش کردن بوون کە LIGO چاودێری کردوون.
لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دا Taylor, Jr و هاوکارەکانی، ئەوەیان نیشان دابوو کە ئەو شەپۆلانە بوونیان هەیە، ئەویش بە چاودێری کردنی خولگەی ئەستێرەیەی نیوترۆنی خولاوە، کە بەرە بەرە بە هۆی ونکردنی وزە بۆ دروستکردنی شەپۆلەکانی هیزی کێش کردن، خولگەکەی بچووک دەبۆوە و توشی چوونەوەیەک دەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣ دا هەردوو زانا Hulse و Tylor ببنە براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا. ئەمەش نیشاندانێکی ناڕاستەوخۆی بوونی ئەو شەپۆلانە بوو. بەڵام دۆزینەوە نوێکەی ئەمساڵی LIGO، یەکەم چاودێری کردن و بینینی ڕاستەوخۆی خودی شەپۆلەکانی هێزی کێشکردنە، ئەویش بە پێوانی ئەو شێواندن و لەراندنەوەیەی کە شەپۆلەکان دروستی دەکەن لەسەر شوێن و کات کاتێک بە ناو زەوی دا تێدەپەڕن.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تاقیگەی LIGO، کە ناوی David H. Reitze ە، دەڵێت:
“چاودێریکردنی شەپۆلەکانی هێزی کیشکردن لە لایەن ئێمەوە، گەیشتن بوو بەو ئامانجە بەرزەی لە ٥٠ ساڵ لەمەوپێشەوە دەستمان بە کارکردن کرد بۆ گەیشتن پێی، کە ئەویش بریتییە لە بینین و دیتێکت کردنی ڕاستەوخۆی ئەم دیاردە ناڕوونە و تێگەیشتنێکی باشتر لە گەردوون، هەروەها تەواوکەری میراتەکەی ئاینشتاین بوو لە سەتەم ساڵیادی تیۆرییە ڕێژەیییە گشتییەکەیدا.”
توێژینەوەکەی LIGO لە لایەن ئالیکارانی زانستیی لیگۆ، ناسراو بە LSC ئەنجام دراوە، کە گروپێکە زیاتر لە ١٠٠٠ زانا لە زانکۆکانی ئەمریکا و ١٤ وڵاتی تر لە خۆ دەگرێت. زیاتر لە ٩٠ زانکۆ و پەیمانگای توێژینەوە لە لایەنی گەشەپێدانی تەکنۆلۆجی و شیکردنەوەی داتاکان، هەروەها زیاتر لە ٢٥٠ خوێندکار، ئەندامی بەهێز و جدی ئەم ئالیکارییە بوون.
گابرێلا گۆنزالێز، وتەبێژ پرۆفیسۆری فیزیک و ئەستێرەناسی لە زانکۆی ویلایەتی لویزیانا دەڵێت:
“ئەم دیتێک کردن(بینین یان هەستپێکردنە) سەرەتای سەردەمێکی نوێیە؛ بواری ئەستێرەناسی بە هۆی شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن لە ئێستا دا بووە بە شتێکی ڕاستی.”
لە هەردوو ڕوانگەکەدا، ئامێری سەریەکچوون پێکەری LIGO کە شێوەی پیتی L ی ئینگلیزی هەیە و لە بەشی سەرەوە لای چەپی وێنەکەدا دیارە کە هەرلایەکی ٤ کیلۆمتر درێژە، ڕووناکییەکی لەیزەر دەکات بە دوو بەشەوە کە بە هەردوو قۆڵەکە دا دەڕۆن و دەگەڕێنەوە. لە کۆتایی هەردوو قۆڵەکە و لە دووری ٤ کیلۆمەتری یەکسانەوە، ئاوێنەیەک هەیە کە تیشکەکە دەگەڕێنێتەوە، بە گوێرەی تیۆرییەکەی ئاینشتاین کاتێک شەپۆلەکانی هیزی کێش کردن بە ناو ئامێری پیوانەکەدا تێدەپەڕن دەبنە هۆی گۆڕانێکی زۆر زۆر کەم لە مەودای نێوان ئاوێنەکان واتە لە ٤ کیلۆمەترەکەدا. هەر گۆڕانێکیش لەم مەودایەدا کە بڕەکەی بچوکتر بێت لە یەک لەسەر دە هەزاری تیرەی پڕۆتۆنێک، دەکرێت بپێورێت بە هۆی تیشکە گەڕاوەکان و ئەنجامی سەریەکچوونەکەیان وەک لە وێنەکەدا و دوای بەیەکداچوونی تیشکی A و B بە هێڵکارییە شینەکە دیارە.
پێوسیت بوو دوو ڕوانگە بە کار بهێنرێت لەم چاودێریکردنەدا، هەروەها مەودایەکی دوور هەبێت لە نێوان هەردوو تاقیگەکەدا بۆ بەراورد کردنی ئەنجامەکان و دڵنیا بوون لەوەی ئەنجامەکە بە هۆکارێک لە ناو زەوی کاری تێنەکراوە، ئەویش لەبەر هەستیاری ئامێرەکان کە بە بچوکترین گۆڕانکاری لە دەورووبەر دا ئەنجامی دەستکەوتوو دەگۆڕێت.
لویز لینەر کە فیزیایییەکی پەیمانگای فیزیای تیۆریی پێریمیتەیە لە ئۆنتاریۆ، دەڵێت:
“هەموو جارێک کە پەنجەرەیەکی نوێ بە ڕووی گەردوون دا دەکرێتەوە، شتی نوێ دەدۆزینەوە. ئەم بینینەی شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن وەکوو ڕوانینەکەی یەکەم جاری گالیلۆ وایە بە تەلیسکۆپەکەی، کە لە سەرەتادا چەند هەسارە و مانگێکی بینی بەڵام دوای خۆی ئێمە تەلیسکۆپی ڕادیۆیی و سەرووبنەوشەیی و تیشکی ئێکس مان دروست کرد و شتی زۆر زیاترمان دەربارەی گەردوون زانی. ئێمەش لە هەمان ئەو ساتە داین کە گالیلۆ دەستی کرد بە بینینی یەکەم تەنەکانی ئاسمان، ئەم دۆزینەوەیە هەمان ئەو کاریگەرییە گەورەیەی دەبێت لەم بوارەدا.”
گرنگی ئەم دۆزینەوەیە لەوەدایە کە دەکرێت لەمەولا شەپۆلەکانی هێزی کێشکردن کە لە کونە ڕەشەکان و ڕووداوە گەورەکانی گەردوونەوە دەردەچن بپێورێن و چاودێری بکرێن و بە هۆیانەوە زانیاریمان دەربارەی ئەو سەرچاوانە دەست بکەوێت کە بە شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان ناکرێت دەستمان بکەوێت، گرنگترین ڕووداوی گەردوونیش کە بووەتە هۆی دروست بوونی ئەم شەپۆلانەی بریییە لە بیگ بانگ یان هەمان تەقینەوە گەورەکە، کە لەمەولا دەرگایەکی نوێمان بۆ کراوەتە بۆ لێکۆڵینەوە لێی بە هۆی ئەو شەپۆلانەی پاشماوەی ساتی دروست بوونی گەردوونن.
کۆکردنەوە و وەرگێڕان بە دەستکارییەوە: ئارمان
پەیجی فیزیک Physics
سەرچاوەکان:
وێب سایتی فەرمی LIGO، بەشی Caltech:
https://www.ligo.caltech.edu/news/ligo20160211
نوسینێکی ژۆرنالیستی زانستی، فیزیایی و ئەستێرەناس، کلارا مۆسکۆویتز لە گۆڤاری Scientific American:
http://www.scientificamerican.com/…/gravitational-waves-di…/
وێبسایتی PHYS.ORG:
http://phys.org/n…/2016-02-gravitational-years-einstein.html