داهاتووی فیزیا و تێگەیشتنمان لە گەردووون بەرەو کوێ دەڕوات؟
ئێستا بەشێک لە فیزیکزانە پێشەنگەکانی جیهان سەرقاڵی چین؟
ئەو پرسیارەی ئێستا بەشێک لە فیزیکزانە پێشەنگەکانی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، کە یەکێک لەوان ‘پرۆفیسۆر نیما ئەرکانی-حامد’ە (وێنەکە)، ئەوەیە کە ئایا تایبەتمەندییەکانی گەردوون شایانی پێشبینیکردنن و هەردەبێ وابن، یان وەک خۆیان دەڵێن ئایا خەسڵەتەکانی گەردوون (سروشتی)ن؟ یاخود ئەگەرەکەی ترە و گەردوون بە تەواوەتی (ناسروشتی)یە؟
گەردوونێکی (سروشتی) ئەو گەردوونەیە کە دەکرێ دەربارەی بزانرێت، واتە ڕێسا و یاساکان و پرەنسیپەکانی و نەگۆڕەکانی ناو یاساکان لە بنچینەییترین فۆرمدا دەچنە قاڵبێکەوە کە دەکرێت لێیان تێبگەین و بزانین بۆ وان، بەڵام گەردوونی (ناسروشتی) گەردوونێکە لەنێو چەندین گەردوونی تر دا، واتە فرەگەردوونییەک بوونی هەیە و ئەمەی ئێمە واڕێککەوتووە یاخود وا چێ بووە کە بەم شێوەیە بێت.
پرۆفیسۆر نیما یەکێکە لەوانەی باوەڕیان بە سروشتی بوونی گەردوون هەیە. تا ئێستا ئەو دەرەنجامانەی لە بەیەکداکێشەری تەنۆلکەکانەوە ئاشکرابوون، پشتڕاستی پشێبینییە تیۆرییەکانی ئەوان لەسەر سروشتی بوونی گەردوون ناکەنەوە، بەڵام پێیانوایە پێویستیان بە بەیەکداکێشەری بەهێزتر و وزە بەرزتر هەیە.
بۆ ئەمەش لە ساڵی ٢٠١٣ وە نیما قبوڵی کردووە ببێتە بەڕێوەبەری دروستکردنی وزەبەرزترین و گەورەترین بەیەکداکێشەری جیهان لە وڵاتی چین، کە وزەکەی دەکرێت بگاتە ١٠٠ تێرا ئەلکترۆن ڤۆڵت و تیرەکەی ٦٠ میل بێت کە بەمەش چوار هێندە لە بەیەکداکێشەرەکەی سێرن گەورەتر دەبێت و وزەی بەیەکداکێشانەکان زیاتر لە شەش هێندە دەبێت.
دروستکردنی ئەم تاقیگەیە زیاد لە ٣٠ ساڵی پێدەچێت و وا خەمڵێنراوە کە تێچووەکەی ١٠ ملیار دۆلار بێت، حکومەتی ناوەندی چین هێشتا بڕیاری دروستکردنی نەداوە، بەڵام چەندین کۆبوونەوە کراوە و دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەم بڕیارە. بە گشتی لە لایەن زۆرێک لە زانایانی سەرتاسەری جیهانەوە بە پرۆفیسۆر نیما خۆیشییەوە هەوڵیکی زۆر هەیە بۆ سەر ڕێخستنی ئەم پڕۆژەیە.
ئەگەری زۆر هەیە ئەنجامەکانی ئەو بەیاکداکێشانە وزە بەرزانەی لەم تاقیگەیەوە دەست دەکەون وەڵامدەرەوەی پرسیاری سروشتی بوون یان نەبوونی گەردوون بدەنەوە.
هەڵبەت جیا لەم بەیەکداکێشەرە و دروستکران یان نەکرانی، هێشتا فیزیازانەکان بە شێوەی تیۆری هەر سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە گەردوون. یەکێک لەو پرسیارانەی پرۆفیسۆر نیما بە شێوەی تیۆری سەرقاڵە پێوەی ئەوەیە کە هەر لەسەرەتاوە چ شتێک بووە هۆی پەیدابوونی فەزا و کات کە لە درێژەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا و لە ساڵی ٢٠١٣ دا پرۆفیسۆر نیما و یەکێک لە خوێندکارەکانی دۆزینەوەیەکیان کرد کە چاوەڕواننەکراو بوو، ئەویش ئۆبجێکتێکی ماتماتیکی چەند ڕووە کە بە شێوەیەکی زۆر ئاسان دەرەنجامی بەیەکداکێشانی کۆمەڵە تەنۆلکەیەک دەخاتە ڕوو کە ناویان ناوە Amplituhedron.
ئامادەکردن و وەرگێڕان: ئارمان
سەرچاوە: