بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بێ هەبوونی پێشەکییەکی قووڵ لەسەر فیزیا دەربارەی فیزیای ناوکی بخوێننەوە و زانیارییەکانیان فراوانتر بکەن بێ ئەوەی پێویست بکات سەرقاڵی هاوکێشە زۆر ئاڵۆز و وردەکارییە ماتماتیکییەکان بن، یان ئەوانەی کە ساڵی داهاتوو و لە قۆناغی چوار فیزیای ناوکی دەخوێنن و دەیانەوێت ئەم هاوینە پێشەکییەکی زۆر باش دەربارەی بزانن پێشنیار دەکەم ئەم کتێبە بخوێننەوە:
کتێبی Nuclear Physics لە نووسینی وێرنە هایزنبێرگ، براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیا و داڕێژەری پرەنسیپی نادڵنیایی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی فیزیای کوانتەم. ئەم کتێبە کۆمەڵە وانەیەکە لە سەر فیزیای ناوکی کە کاتی خۆی لە لایەن وێرنەر هایزنبێرگەوە گوتراونەتەوە، خوێندنەوەی ئەمەش وەک ئەوە وایە خودی هایزنبێرگ مامۆستات بێت.
لە سەرەتاوە بە باسکردنێکی کورتی مێژوویی دەستپێدەکات لەسەر ئەتۆم و هەنگاوەکانی تێگەیشتنمان لێی و تیۆرییە یەک لە دوای یەکەکان هەر لە کۆنەوە تا دەگاتە ئەو کارلێک و پڕۆسانەی کە لە ناو ئەتۆمدا و بە تایبەت لە ئاستی ناوکیدا ڕوودەدەن.
ڕوونکردنەوەکان لەسەر بابەتەکان هێند سادە ڕوونن کە تەنها بە زانیارییەکی کەم دەتوانیت بە ئاسانی لە بابەتەکان تێبگەیت، هەڵبەت لە پاڵ ئەمەشدا قووڵ و وردن و پێویست بە هەڵوێستەکردن و وەستان و نووسینی تێبینی لەسەر بابەتەکان دەکات.
بابەتەکانی کتێبەکە بە پێی بەشەکان ئەمانەن:
١. تیۆری ئەتۆم، لە چاخی کۆنەوە تا کۆتاییەکانی سەدەی ١٩
٢. ئەتۆم و مۆلیکیولەکان
٣.ڕادیۆئەکتیڤیتی(لە خۆوە تیشکدان) و پێکهێنەرە سەرەکیەکانی ناوکی ئەتۆم
٤.دۆخە ئاساییەکانی ناوکی ئەتۆم
٥.هێزە ناوکییەکان
٦.کارلێکە ناوکییەکان
٧.ئامرازەکانی فیزیای ناوکی
٨.جێبەجێکردنە کردارییەکانی فیزیای ناوکی
بۆ فێرکاری شێوازی داونڵۆدکردنی ئەم کتێبە Nuclear Physics سەردانی ئەم لینکە بکە:
چۆن هەر کتێب یان توێژینەوەیەک کە دەمەوێت داونڵۆدی بکەم؟
یان لەم لینکەوە بیخوێننەوە:
https://www.scribd.com/book/283164341/Nuclear-Physics