ناوی کتێب:
مەشقی بنەڕەتیی ماتماتیک: پرۆگرامێکی فیتنس بۆ خوێندکارانی زانست
Basic Training in Mathematics: A Fitness Program for Science Students
دەربارەی نووسەر:
Ramamurti Shankar
پڕۆفیسۆری فیزیایە لە زانکۆی Yale لە ئەمریکا، یەکێکە لە وانەبێژە زۆر سەرکەوتووەکان بە ڕای من، ئەمە لە ئەنجامی سەیر کردنی ئەو وانانەیەوە دەڵێم کە لە یوتیوب هەن وە لە پۆستێکی تایبەتدا لینکەکەی دادەنێم، جگە لەم کتێبە چەند کتێبێکی تری هەیە دەربارەی بنچینەکانی فیزیا و پرەنسیپەکانی کوانتەم.
ئەم کتێبە بۆ کێ دەبێت؟
بۆ پێداچوونەوەیەکی باش بە ماتماتیکدا و هەروەها نەهێشتنی هەر کەم و کورتییەک یان بیرچوونەوەیەک بۆ ئەو کەسانەی بەشە زانستییەکان و بە تایبەت فیزیایان تەواو کردووە و دەیانەوێت بەردەوام بن یان هەر کەسێک کە ئاستی لە ماتماتیکدا زۆر باشە و دەیەوێت بە گشتی پێداچوونەوەیەک بکات پێش دەستکردن بە خوێندنی فیزیا (کە دەڵێم زۆر باش هەر بە ڕاستی مەبەستم زۆر زۆر باشە و وەک هەنگاوی یەکەم ڕەنگە بۆ زۆر کەس بە کەڵک نەیەت چونکە ئاستی بابەتەکانی کتێبەکە بەرزە).
بۆ کتێبی تر کە زۆر زۆر وردترە و بابەتەکانی بە شیکردنەوەی زۆر زیاتر تێدایە و زیاتر بە کەڵکی سەرەتا دێت، پێشنیاری ئەم کتێبە دەکەم کە لەم بابەتەدا ناساندوومە:
بۆ خوێندنەوەی بابەتەکەی تر کلیک لێرە بکە
دەربارەی کتێبەکە:
ئەم کتێبە بە نزیکەیی هەموو ئەو ماتماتیکە بنەڕەتییەیە کە خوێندکارێکی زانست و بە تایبەت خوێندکاری فیزیا پێویستە بیزانێت بۆ خوێندنی فیزیا بە جدی و دواتر چوون بەرەو بابەتی پێشکەوتووتر و ئاستبەرزتر، بەڵام بابەتەکان و باسکردنەکە زۆر چڕکراوەیە، هەڵبەت وەک دەزانن بە تەنها زانینی هاوکێشە و سەردێڕی بابەتەکان و چاوپێداخشاندنیان گرنگ نییە بەڵکوو دەست ڕاهاتن لەگەڵ حەلکردنی نمونەکان زۆر گرنگە کە ئەویش وەک نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەدا باسی دەکات کە تەنها بە تێگەیشتنێکی زۆر باش لە بنچینەی بابەتەکان و دواتر حەلکردنی زۆرترین نمونەی جیاواز و بەشێنەیی دەکرێت. کتێبەکە تەنها ۳٦٥ لاپەڕەیە و لەسەر کۆرسێک بنیاد نراوە کە کاتی خۆی پڕۆفیسۆر شانکار لە زانکۆی Yale گوتویەتییەوە وەک دەرسێکی پێشوەخت و پێویست بۆ زۆربەی خوێندکارانی زانکۆکە و بە تایبەت بەشە زانستییەکان و بە تایبەتی تریش فیزیا. لە زۆر شوێندا نووسەر لە ماتماتیکی پوخت لادەدات و بەکارهێنانە فیزیاییەکەی بابەتەکە باس دەکات. ئەوەی زۆر تایبەتە لەم کتێبەدا ئەوەیە کە دوو یاخود سێ ئەوەندەی نووسینەکان و زیاتریش شەرحی وردەکاری و باسکردن و هەوڵدان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو هاوکێشە و یاسا ماتماتیکییانەیە کە لە کتێبەکەدا هەن، واتە کتێبەکە بە تەنها هەوڵدان نییە بۆ فێرکردنێکی ڕۆبۆتیانەی چۆنێتی ئەنجامدانی کردارێکی ماتماتیکی و گەیشتنە ئەنجام و تەواو، بەڵکوو هەوڵدانە بۆ پێداچوونەوە بە بابەتەکان لە بنچینەوە.
جا یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پێشنیارکردنی ئەم کتێبە ئەوەیە کە دەتوانیت بە تەنها خۆت و بێ مامۆستا سەرقاڵی بیت هەڵبەت وەک پێداچوونەوە بۆ ماتماتیک یان ئەگەر ئاستت زۆر باش بێت وەک باشکردنی توانا ماتماتیکییەکانت بۆ سەرقاڵ بوون بە فیزیاوە، ئەویش لەبەر شێوازی نووسین و دەوڵەمەندی لە نووسین و سادەیی لە شێوازی دەربڕینەکان. وەک نووسەر لە سەرەتا ئاماژەی پێدەدات هەوڵیداوە کە تا بکرێت ئاسانی بکات بەڵام نەک بەو ڕادەیەی کە خودی زانستەکە بکاتە قوربانی لە پێناو ئاسانکاری. بۆیە چاوەڕێ مەبن بە شێوەیەکی وا ئاسان بێت کە هیلاکبوونی نەوێت.
کتێبەکە ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت:
-پێداچوونەوەیەکی کاڵکلەس a review of calculus
-زنجیرە ناکۆتاکان infinite series
-ئەو نەخشانەی گۆڕاوێکی ئاوێتەیان تێدایە functions of a complex variable
-کالکڵەسی ئاڕاستەبڕەکان vector calculus
-ماترێکسەکان matrices
-فەزا ئاڕاستەدارە هێڵییەکان linear vector spaces
-هاوکێشە جیاکارییەکان differential equations
بە دڵنیاییەوە ئەمە هیلاکبوونی دەوێت، بەڵام کلیلی دەرگای یەکەمی خوێندن و تێگەیشتنی قووڵی فیزیا لەم کتێبە و کتێبە هاوشێوەکانی زیاتر نییە، بۆیە سەرقاڵ بوون بە تێگەیشتن لەم بابەتانە و هیلاکبوون پێیانەوە جگە لەوەی زۆر خۆشە، سوودێکی زۆریشی دەبێت بۆ تێگەیشتن لە زۆربەی بابەتەکا ئاستبەرزەکانی فیزیا، سەرەڕای ئەوەی ئەمە بە گشتی ئەو ماتماتیکەیە کە بەکارهاتووە هەر لە فیزیای کلاسیکەوە تا دەگاتە کوانتەم، وەک پێشر وتم پێداچوونەوەی ئەو بابەتانی مامتماتیک لە ڕێگای کتێبیکی لەم چەشنەوە و زانینی ماتماتیک لەم ئاستەدا بەرەوسەر پێویستییەکی سەرەکی چوونیشە بەرەو بابەتە ئاڵۆزتر و ئاستبەرزترەکان، جا ئاگادار نەبوون لەمانە و نەزانینیان هەمیشە لە دەرەوەی ئەو بازنەیە دەتهێلێتەوە کە ناو بازنەکە بریتییە لە تێگەیشتن لە هاوکێشە و یاساکان لە ئاستە ماتماتیکییەکەیدا و دەرەوەی بازنەکەش هەر تێگەیشتنە سادەکەیە کە تەنانەت خەڵکی گشتی دەتوانن پێی بگەن بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە زانستییانەی ماتماتیکیان تێدا نییە. بۆیە هەوڵبدە بە باشترکردنی توانا ماتماتیکییەکانت بەرەو ئەوە بڕۆیت کە ببیتە فیزییاییەکی ڕاستەقینە و زیاتر لە بابەتە هەرە قووڵترەکان تێبگەیت و بتوانیت سەرقاڵیان بیت.
بۆ فێربوونی شێوازی داونڵۆدی ئەم کتێبە Basic Training in Mathematics سەردانی ئەم بابەتە بکە: