وزەی تاریک و ماددەی تاریک
لە ساڵەکانی سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو شتێک هەبوو دەربارەی کشانی گەردوون تا ڕادەیەک جێی دڵنیایی بوو. ڕەنگە گەردوون چڕیی وزەکەی بەشی پێویست بێت بۆ ئەوەی کشانەکە بوەستێنێت و بێتەوە یەک، یان ڕەنگە چریی وزەکەی هێند کەم بێت کە هەرگیز لە کشان نەوەستێت، بەڵام ئەوە جێی دڵنیایی بوو کە بە تێپەڕینی کات کێشکردن دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی کشانی گەردوون.
دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە خاوبوونەوەکە نەبینراوە، بەڵام بە پێی پێشبینی تیۆرییەکان دەبێت کشانی گەردوون خاو ببێتەوە. گەردوون پڕە لە ماددە و هێزی کێشکردنیش هەموو ماددەکە ڕادەکێشیتەوە بۆ لای یەک. دواتر کە ساڵی ١٩٩٨ هات، بە هۆی چاودێریکردنی سوپەرنۆڤا زۆر دوورەکانەوە لە لایەن تەلیسکۆپی هابڵ بۆمان دەرکەوت کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر گەردوون زۆر لەوەی ئێستا خاوتر دەکشا. بۆیە کشانی گەردوون بە هۆی کێشکردنەوە خاو نەبۆتەوە وەک چۆن وا بیری لێدەکرایەوە کە خاو ببێتەوە بەڵکوو کشانی گەردوون زیاتر و زیاتر تاو دراوە. کەس چاوەڕێی نەدەکرد ئەمە وابێت، کەسیش نەیدەزانی چۆن ئەمە شیبکاتەوە. بەڵام شتێک هەبوو کە دەبوو بە هۆکاری ئەمە.
سەرەنجام تیۆریزانەکان سێ جۆر شیکردنەوەیان خستە ڕوو. ڕەنگە ئەوەی ڕوودەدات ئەنجامێکی ئەو ڤێرژنە لە تیۆرییە ڕێژەییەکەی ئاینشتاین بێت کە دەمێکە پشتگوێ خراوە، ئەو تیۆرییەی کە شتێکی تێدابوو پێی دەگوترا “نەگۆڕی گەردوونی”. لەوانەیە جۆرێک وزەی شلگازی سەیر هەبێت کە هەموو فەزای داگیر کردبێت. لەوانەیە کێشەیەک هەبێت لە تیۆریی کێشکردنەکەی ئاینشتایندا و بکرێت تیۆرییەکی نوێ بێتە کایەوە کە جۆرێک بوار لە خۆ بگرێت کە ئەم تاودانە گەردوونییەی خوڵقاندووە. تیۆریزانەکان هێشتا نازانن شیکردنەوە دروستەکە چییە بەڵام چارەسەکەیان ناو ناوە وزەی تاریک.
وزەی تاریک چییە؟
ئەوەی نەزانراوە زۆرترە لەوەی زانراوە. ئێمە دەزانین بڕی وزەی تاریک چەندە چونکە دەزانین چۆن کاریگەری هەیە لەسەر کشانی گەردوون. سەرەڕای ئەوەش شتەکە بە تەواوی لێڵ و نادیارە. بەڵام ئەمە نادیارییەکی گرنگە. وا دیارە بە نزیکەیی لە سەدا ٦٨ی گەردوون بریتییە لە وزەی تاریک. ماددەی تاریکیش لە سەدا ٢٧ی گەردوونی پێکهێناوە. ئەو ڕێژەیەی تر کە دەمێنێتەوە هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لەسەر زەوی هەن و هەموو ئەو شتانەی بینیومانن و هەموو ئەو ماددە ئاساییەی تر بە هەموویەوە لە سەدا ٥ی گەردوون پێکدەهێنن. وەرە بیری لێبکەرەوە، ڕەنگە هەر پێویست نەکات پێی بگوترێت ماددەی ئاسایی چونکە ئەمە بەشێکی زۆر کەمی گەردوونە.
یەکێک لە شیکردنەوەکان ئەوەیە کە وزەی تاریک خاسیەتێکی خودی (فەزا)یە. ئالبێرت ئاینشتاین یەکەم کەس بوو کە درکی بەوە کرد کە فەزای بەتاڵ بریتی نییە لە هیچ. فەزا خاسیەتگەلێکی سەرسووڕهێنەری هەیە کە تازە بە تازە خەریکین لە زۆرێکیان تێدەگەین. یەکەم خاسیەت کە ئاینشتاین دۆزییەوە ئەوە بوو کە ڕێی تێدەچێت بەردەوام فەزای زۆرتر بێتە بوون. دواتریش ئەو نوسخەیەی تیۆریی کێشکردنەکەی ئاینشتاین کە “نەگۆڕی گەردوونیی” تێدایە پێشبینی دووەمی ئەوەیە کە “فەزای بەتاڵ” دەکرێت وزەی خۆی هەبێت. جا لەبەرئەوەی ئەم وزەیە خاسیەتێکی خودی فەزا خۆیەتی بۆیە بە کشانی گەردوون وزەکە بۆ هەر بەشێک لە فەزا هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و لەگەڵ کشانی فەزا چڕییەکەی کەم ناکات. لەگەڵ هاتنەبوونی فەزای زیاتر بڕێکی زۆرتریش لەم “وزەی فەزا”یە پەیدا دەبێت. لە ئەنجامدا ئەم جۆرە وزەیە دەبێتە هۆی ئەوەی خێرایی کشانی گەردوون زۆرتر و زۆرتر ببێت. بەڵام بەداخەوە کەس لەوە تێناگات کە بۆچی دەبێت “نەگۆڕی گەردوونی” هەر بوونی هەبێت، لەمە هەر زۆر کەمتر تێدەگەین کە بۆچی ئەو نەگۆڕە گەردوونییە نرخەکەی ڕێک ئەوەندەیە کە دەبێتە هۆی ئەو کشانەی گەردوون کە دەیبینین.
شیکردنەوەیەکی تر بۆ ئەوەی کە چۆن فەزا وزەی دەستدەکەوێت لە تیۆریی کوانتەم بۆ ماددەوە دێت. لەم تیۆرییەدا “فەزای بەتاڵ” لە ڕاستیدا بەتاڵ نییە و پڕە لە تەنۆلکەی “خەیاڵی” کە بە شێوەیەکی کاتی بوونیان هەیە و بەردەوام پەیدا دەبن و دیار نامێنن. بەڵام کاتێک فیزیازانەکان هەولیاندا حیسابی ئەو بڕە وزە بکەن کە ئەمە دەیدات بە فەزای بەتاڵ، وەڵامی حیساباتەکە بە ڕێژەیەکی زۆر هەڵە بوو. ژمارەکە ١٠ بە توان ١٢٠ ئەوەندە گەورەتر بوو لەو ژمارەیەی بە ڕاستی دەیزانین و دەبوو ئەوەندە بوایە. ئەوەش کە وەڵامێکی هێند خراپ وەک وەڵامێکی باش تەماشا بکرێت شتێکی قورسە. بۆیە نادیاری و لێڵییەکەوە وەک خۆی بێ چارەسەر مایەوە.
شیکردنەوەیەکی تر ئەوەیە کە وزەی تاریک جۆرە شلگاز یان بوارێکی وزەی داینامیکی نوێیە، شتێکە کە هەموو فەزا پڕ دەکاتەوە بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر کشانی گەردوون، پێچەوانەی کاریگەری ماددە و وزەی ئاسایییە. هەندێک تیۆریزان ناویان ناوە جەوهەر وەک ئاماژە بۆ توخمی پێنجەم لای فەیلەسوفە یۆنانییەکان. بەڵام ئەگەر ئەم جەوهەرە وەڵامەکەیە، خۆ ئێمە هێشتا نازاین کە چۆنە و لە چی دەچێت، کارلێک لەگەڵ چی دەکات یان بۆ بوونی هەیە؟ بۆیە دیسان نادیاری و لێڵییەکە بەردەوامە.
دوایین شت کە ڕێی تێدەچیت ئەوەیە کە تیۆریی کێشکردنەکەی ئاینشتاین ڕاست نییە. جا ئەمە نەک هەر کاریگەری دەبێت لەسەر کشانی گەردوون بەڵکوو هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی ماددەی ئاسایی لە ناو کاکیشانەکان و هێشووە کاکێشانەکانیش چۆن هەڵسوکەوت دەکات. ئەم ڕاستییەش ڕێیەکمان نیشان دەدات بۆ ئەوەی بڕیار بدەین ئاخۆ چارەسەری کێشەی وزەی تاریک بە تیۆرییەکی نوێ بۆ کێشکردن دەکرێت یان نا: ئێمە دەتوانین چاودێری ئەوە بکەین کە چۆن کاکێشانەکان لە هێشووە کاکێشانەکاندا کۆ دەبنەوە و دێنە لای یەک. بەڵام ئەگەر دەرکەوت کە تیۆرییەکی نوێی کێشکردن پێویستە بێتە ئاراوە، ئایا دەبێت چ جۆرە تیۆرییەک بێت؟ وەک دەزانین کە چۆن تیۆرییەکەی ئاینشتاین دەتوانێت بە دروستی جووڵەی تەنەکانی کۆمەڵەی خۆری لێکبداتەوە، ئەی چۆن ئەم تیۆرییە نوێیە دەتوانێت ئەمە بە دروستی لێکبداتەوە و لە هەمان کاتدا پێشبینی جیاواز لەویشمان بۆ بکات دەربارەی گەردوون کە پێویستمانن؟
کەواتە چەند تیۆرییەک هەن کە بەربژارن بۆ لێکدانەوەی وزەی تاریک، بەڵام هیچیان قایلکەر نین، بۆیە نادیاری و لێڵییەکە هەر بەردەوام دەبێت. ئەوەی پێویستە بۆ بڕیاردان لە نێوان ئەم ڕێتێچوونانەی باسکران بۆ وزەی تاریک بریتییە لە داتای زیاتر و باشترە.