زاناکان بە هەوڵدان بۆ گونجاندن و جێکردنەوەی مۆدێلێکی تیۆریی پێکهاتەی گەردوون لەگەڵ کۆمەڵێک چاودێری لەسەر گەردوون گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە پێکهاتەی گەردوون بە نزیکەیی بریتییە لە ڕێژەی لەسەدا ٦٨ وزەی تاریک، لەسەدا ٢٧ ماددەی تاریک و لەسەدا ٥ ماددەی ئاسایی. ماددەی تاریک چییە؟ ئێمە دەربارەی ئەوەی کە ماددەی تاریک چی نییە زۆرتر دەزانین و دڵنیاین وەک لەوەی کە چییە. یەکەم شت ئەوەیە کاتێک دەڵێین (تاریکە) مەبەستەکە ئەوەیە لە جۆری و شێوەی ئەستێرە و هەسارەکان نییە کە هەموومان دەیانبینین و دەزانین چین. لە چاودێریکردنەکانەوە ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە بڕی ئەو ماددەیە دەیبینین واتەی ماددەی دیار زۆر کەمترە لەو سەدا ٢٧ەی کە پێویستە بە پێی هەندێک لە چاودێرییەکان هەبێت. دووەم شت ئەوەیە کە ماددەی تاریک لە شێوەی و فۆڕمی ئەو هەورە تاریکانەش نییە کە لە ماددەی ئاسایی پێکهاتوون، ماددە لەو تەنۆلکانە پێک هاتووە کە پێیان دەگوترێت باریۆنەکان [باریۆن ئەو تەنۆلکانەن کە لە سێ کوارک پێکهاتوون، وەک پڕۆتۆن و نیوترۆن]. ئێمە بۆیە ئەمە دەزانین کە لە شێوەی هەورە باریۆنییەکان دا نییە چونکە دەتوانین هەورە باریۆنییەکان دیتێکت بکەین(ببانبین و لێیان بکۆڵینەوە) کاتێک ئەو ڕووناکییەی بە ناویاندا تێدەپەڕێت هەڵیدەمژن. سێیەم شت ئەوەیە کە ماددەی تاریک بریتی نییە لە دژە-ماددە، چونکە ئەوەتا ئەو تشیکی گاما تایبەتییە نابینین کە لە شیبوونەوەی دژە-ماددە لەگەڵ ماددەدا بەرهەم دێت. کۆتا شت ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین نەفیی بوونی ئەو کونە ڕەشە گەورانەی کە قەبارەیان هێندەی گەلەئەستێرەیەک دەبێت بکەین و بە ڕێتێنەچوو لە قەڵەمیان بدەین ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی چەند دانە هاوێنەی کێشکردنی دەبینین. چربوونەوەی بڕێکی زۆر لە ماددە لە شوێنێکی دیاریکراودا دەبێتە هۆی چەمانەوەی ڕێڕەوی ڕووناکی هاتوو لەو تەنانەی دوورن لێیەوە و ڕووناکییەکەیان بەلایدا تێدەپەڕێت، جا بڕی ئەو چەمانەوەی ڕووناکییەی (هاوینەی کێشکردنییەی) بینیومانە، ئەوەندە نییە کە بتوانین بڵێین کە شتی لە چەشنی کونی ڕەشی هێند گەورە بوونیان هەیە کە قەبارەیان هێندەی کاکێشانێکە، بۆ ئەوەی بڵێین ئەو لە سەدا ٢٥ەی کە پێمان وایە ماددەی تاریکە بە هۆی ئەوانەوەیە و ماددەی تاریک نییە.
هەرچۆنێک بێت چەند ڕێتێچوونێکی لەبار هەن بۆ ماددەی تاریک. هێشتا دەکرێت ماددەی باریۆنی بێت کە ماددەی تاریکی پێک هێناوە ئەویش ئەگەر ماددەی ئاسایی لە گرگنە قاوەییەکاندا کۆ بووبێتەوە [ گرگنە قاوەییەکان جۆرێکن لە ئەستێرەی قەبارەی بچوک کە زۆر بە ئەستەم دەبینرێن]، یاخود ئەگەر لە تۆپەڵی بچوک و چڕ کە لە توخمە قورسەکان پێکهاتبێت کۆ بووبێتەوە. ئەم ئیحتمالیانە ناسراون بە MACHOەکان. بەڵام تێڕوانینی هەرە باو ئەوەیە کە ماددەی تاریک بە هیچ شێوەیەک باریۆنی نییە، بەڵکوو لەو تەنۆلکە نامۆیانە دروست بووە کە پێیان دەگوترێت ئەکسیۆنەکان یاخود WIMPS کە ئەمیش واتە ئەو تەنۆلکە بارستە زۆرانەی کە بە لاوازی کارلێک دەکەن.
ماددەی تاریک چییە؟
297
سەرچاوە:
پۆستی پێشتر