دوو کۆرس دەربارەی بنچینەکان و تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیا، کە هی زانکۆیەکی بێ ئەندازە باشن و لە لایەن پرۆفیسۆرێکی ئاستبەرزەوە گوتراونەتەوە.
ئەم دوو کۆرسەی لینکەکەیانم لە خوارەوە داناوە بە گشتی بریتین لە ٤٩ وانە دەربارەی تیۆرییە بنچینەیی و سەرەکییەکانی فیزیا کە لە لایەن پڕۆفیسۆر R. Shankar لە زانکۆی Yale گوتراونەوە و تۆمار کراون. بە گشتی ئەمانە هەمان ئەو بابەتە تیۆرییانەن کە خوێندکارێکی بەشی فیزیا لە زانکۆ دەیانخوێنێت و پێویستە وەک بنچینەی تیۆری بیانزانێت، ئەمەی لەم دوو کۆرسەدا هەیە چڕکراوەیە و وا پێویست دەکات لە سەر هەر بابەتێک خوێندکار بڕێکی زۆرتر وردەکاری وەربگرێت (هەڵبەت ئەمە لە چاو ئەو بابەتانەی خوێندکاری دەرچووی فیزیا لە زانکۆیەکی باش وەریاندەگرێت نەک …). بۆ نمونە لە کۆتایی کۆرسی دووەمدا بە ٧ وانە باس لە کوانتەم میکانیک کراوە (هەموو بابەتەکانی تری ئەم کۆرسەش بە هەمان شیوە بە کورتی و چڕییە) کە لە ڕاستیدا لە هەر زانکۆیەک خوێندکار پێویستە زیاد لە ٣٠ کاتژمێر کوانتەم میکانیک بخوێنێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە فیزیادا، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا کۆرسێکی بێ ئەندازە باش و ڕوون و بە کەڵکە بۆ هەموو ئەوانەی خوێندکاری فیزیان یاخود دەیانەوێ دەست بکەن بە خوێندنی فیزیا و بە دوای هەنگاوی یەکەمدا دەگەڕێن و یاخود دەیانەوێ بە گشتی و لە ئاستێکی ئەکادیمیدا شتێک بزانن دەربارەی تیۆرییە سەرەکییەکانی فیزیا. هەڵبەت وا پێویست دەکات وەک وانەی زانکۆ کەسی فێرخواز لەگەڵ سەیرکردنی ئەم وانانە هەوڵی نووسینی تێبینی و پێداچوونەوەی دواتر و حەڵکردنی نمونە بدات کە لەو لینکانەدا هەن کە لە کۆمێنت دامناون یاخود نمونە لە هەر کتێب و سەرچاوەیەکی تری دەرەکییەوە.
جا لە ڕاستیدا ئەوەی لەو وانانەدا دەیبینن ئەوە سادەترین و یەکەم هەنگاوی فیزیایەکی ڕاستەقینەیە کە بەشی هەرە زۆری دەربڕینی ماتماتیکییە نەک قسە و قسەڵۆکی گشتی دەربارەی بابەتەکان، واتە ئەو هەواڵ و باسکردن و شتانەی تر کە بێ ماتماتیکن و لە دەرەوەی ناوندە ئەکادیمییەکان و لە سایت و هەندێک کتێبی گشتیدا دەیبینن تەنها شتانێکە بۆ خەڵکی بە گشتی نەک خودی زانستی فیزیا بە وردەکارییەوە.
کۆرسی یەکەم: (Fundamentals of Physics I)
٢٤ وانەیە و بە شێوەی سەرەکی ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت:
-میکانیکی نیوتنی
-تیۆریی ڕێژەیی تایبەت
-کێشکردن
-ثێرمۆداینامیک
-شەپۆلەکان
لینکی وانە ڤیدیۆییەکانی کۆرسی یەکەم :
https://www.youtube.com/playlist?list=PLFE3074A4CB751B2B
کۆرسی دووەم: (Fundamentals of Physics II)
٢٥ وانەیە و بە شێوەی سەرەکی ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت:
-کارەبا
-موگناتیس
-بیناییزانی
-کوانتەم میکانیک
لینکی وانە ڤیدیۆییەکانی کۆرسی دووەم:
https://www.youtube.com/playlist?list=PLD07B2225BB40E582