ناساندنی کتێبی:
(Mathematical methods for physics and engineering)
بێگوومان دەزانن زمانی زانست و بە تایبەتیش فیزیا بریتییە لە ماتماتیک. ئەگەر وەک گالیلیۆ دەری ببڕین دەبێ بڵێین ماتماتیک ئەو زمانەیە کە گەردوونی پێ نووسراوەتەوە. بۆیە پێش هەموو شتێک پێویستە کەسی فیزیایی شارەزاییەکی باش لە ماتماتیکدا پەیدا بکات بۆ ئەوەی ببێتە فیزیاییەکی باش و وەک کەسێکی ئەکادیمی یاخود فیزیاییەکی ڕاستەقینە لە فیزیا تێبگات و بیزانێت یاخود پێوەی سەرقاڵ بێت. زۆرێک لە بابەتە ماتماتیکییە تا رادەیەک جدییەکان لە قۆناغی ئامادەیی بە شێوەیەکی سەرەتایی دەخوێندرێن و دواتر لە بەشی فیزیای زانکۆکانیش بە شێوەیەکی زۆر جدیتر ماتماتیکی پێویست بە پێی ئەو لقانەی فیزیا کە لە هەر زانکۆیەک دەخوێندرێت بە خوێندکارەکان دەوترێتەوە. بۆ نمونە بۆ تێگەیشتن لە ئێلێکترۆماگنێتیزم و هاوکێشەکانی ماکسوێڵ، جگە لە جەبر و کاڵکڵەس و بابەتە بنچینەییەکانی تر پێویستت بە زانینی vector algebra و vector calculus و differential equations دەبێت. وەک باسم کرد ئەگەر خوێندکاری زانکۆ بیت ئەوە ڕەنگە وەک دەرسێکی سەربەخۆ سالێک پێش خوێندنی بابەتە فیزیایییەکە یان لەگەڵ خوێندنی بابەتەکە بە هەمان شێوە ئەو ماتماتیکەی پێویستە بۆی بیخوێنیت.
چەندین کتێبی جیاواز هەن کە بە چەندین شێوازی جیا ئەو ماتماتیکە پێویستەیان تێدایە کە کەسێکی فیزیایی پێویستە وەریبگرێت. ماوەیەک لەمەوپێش کتێبێکم پێ ناساندن کە تا ڕادەیەک ئاستی بەرز بوو و دەکرێت بڵێم بە پێی وەڵامی ئەوانەتان کە پێوەی سەرقاڵ بوون و بە لەبەرچاوگرتنی سیستەم و ئاستی خوێندن لە وڵاتی خۆمان زیاتر بە کەڵکی دەرچوویەکی زانکۆ یاخود خوێندکارێکی ئاستبەرز لە ماتماتیکدا دێت کە بیەوێت بە توانا ماتماتیکییەکەیدا بچێتەوە یاخود باشتری بکات.
بەڵام ئەم تێکستبووکەی لە خوارەوە لینکی داونڵۆدەکەیم داناوە کتێبێکە کە لە سەرەتاییترین بابەتەکانی ماتماتیکەوە تێیدایە تا دەگاتە هەموو ئەو بابەتانەی ماتماتیک کە بۆ خوێندنی بابەتەکانی ئاستی زانکۆیی فیزیا پێویستە بزانرێت و دەستت لەگەڵیان ڕابێت، جا ئەگەر خوێندکاری بەشی فیزیایت یان هەر ئارەزوومەندێکیت و دەتەوێت بە شێوەیەکی قووڵ و جدی و ئەکادیمیانە سەرقاڵی فیزیا و تیۆرییەکان بیت ئەوە دەکرێت ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەک بەکار بهێنیت بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بچێتە سەر هەر بەشێک کە پێویستە بۆ خوێندنی لقێک یان بابەتێکی تایبەتی فیزیا، یاخود دەکرێت لە سەرەتاوە وەک مەنهەجێک دەست بکەیت بە خوێندنی بۆ بەهێزکردنی توانا ماتماتیکییەکەت لە هەموو بابەتە بنچینەییە پێویستەکاندا.
گرنگی و تایبەتمەندی ئەم کتێبە لەچاو کتێبەکانی تردا ئەوەیە بە ڕوونی و هەنگاو بە هەنگاو باسی بابەتەکان دەکات و هەوڵی تێگەیاندنی بابەتەکە دەدات و دوای تەواوکردنی بابەتێک سەرەڕای فێربوونی میکانیزمی گەیشتە ئەنجام و بەکارهێنانەکەی لەوەش تێدەگەیت کە خودی بابەتە چی بوو، هەروەها زیاتر لە ٨٠٠ ڕاهێنانی تێدایە و سەروو ١٣٠٠ لاپەڕەیە و سەرەڕای ئەوەش کتێبەکە لە ئاستێکی سەرەتایی و ناساندندایە و لە بابەتە سەرەتاییەکانی وەک جەبر و داتاشراوە و تەواوکارییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە Tensorەکان کە بۆ تیۆری ڕێژەیی گشتی ئاینشتاین پێویستە بخوێندرێن و یان Quantum Operators کە لە پێویستییەکانی خوێندنی بابەتێکی وەک کوانتەمن و چەندین بابەتی تری لەو جۆرە. هەر بۆیە بۆ کەسێک کە توانا ماتماتیکییەکەی لە ئاستی ماتماتیکی خوێندنگادا بێت یاخود سەرەتای هاتنە زانکۆی بێت کتێبێکی زۆر باشە تا دەگاتە کۆتا قۆناغی زانکۆ و ئاستی دوای ئەوە کە پێویستی بە کتێبی ئاستبەرزتر دەبێت، یاخود هەر خوێندکارێکی زانکۆی بەشی فیزیا و ئەندازیاری.
دەتوانن لەم لینکانەی خوارەوە بە free داونڵۆدی بکەن (هەر بۆ زانیاریتان نرخی کتێبەکە سەروو ١٠٠ دۆلار و نرخی نمونە حەلکراوەکانی نزیکەی ٤٠ دۆلارە).
بۆ فێربوونی شێوازی داونڵۆدکردنی ئەم کتێبە Mathematical methods for physics and engineering سەردانی ئەم لینکە بکە:
چۆن هەر کتێب یان توێژینەوەیەک کە دەمەوێت داونڵۆدی بکەم؟
وێنەی بەرگی کتێبەکە:
7 سەرنج
[…] بۆ پێداچوونەوەیەکی باش بە ماتماتیکدا و هەروەها نەهێشتنی هەر کەم و کورتییەک یان بیرچوونەوەیەک بۆ ئەو کەسانەی بەشە زانستییەکان و بە تایبەت فیزیایان تەواو کردووە و دەیانەوێت بەردەوام بن یان هەر کەسێک کە ئاستی لە ماتماتیکدا زۆر باشە و دەیەوێت بە گشتی پێداچوونەوەیەک بکات پێش دەستکردن بە خوێندنی فیزیا (کە دەڵێم زۆر باش هەر بە ڕاستی مەبەستم زۆر زۆر باشە و وەک هەنگاوی یەکەم ڕەنگە بۆ زۆر کەس بە کەڵک نەیەت چونکە ئاستی بابەتەکانی کتێبەکە بەرزە). بۆ کتێبی تر کە زۆر زۆر وردترە و بابەتەکانی بە شیکردنەوەی زۆر زیاتر تێدایە و زیاتر بە کەڵکی سەرەتا دێت، پێشنیاری ئەم کتێبە دەکەم کە لەم بابەتەدا ناساندوومە: بۆ خوێندنەوەی بابەتەکەی تر کلیک لێرە بکە […]
کاک ئارمان لینکەکان لەکارکەوتوون.
کاک ئوسامەی ئازیز،
سپاس بۆ ئاگادارکردنەوەکەت، هەردوو لینکەکەم چاک کرد.
دەستت خۆش کاك ئارمان
[…] بۆ پێداچوونەوەیەکی باش بە ماتماتیکدا و هەروەها نەهێشتنی هەر کەم و کورتییەک یان بیرچوونەوەیەک بۆ ئەو کەسانەی بەشە زانستییەکان و بە تایبەت فیزیایان تەواو کردووە و دەیانەوێت بەردەوام بن یان هەر کەسێک کە ئاستی لە ماتماتیکدا زۆر باشە و دەیەوێت بە گشتی پێداچوونەوەیەک بکات پێش دەستکردن بە خوێندنی فیزیا (کە دەڵێم زۆر باش هەر بە ڕاستی مەبەستم زۆر زۆر باشە و وەک هەنگاوی یەکەم ڕەنگە بۆ زۆر کەس بە کەڵک نەیەت چونکە ئاستی بابەتەکانی کتێبەکە بەرزە). بۆ کتێبی تر کە زۆر زۆر وردترە و بابەتەکانی بە شیکردنەوەی زۆر زیاتر تێدایە و زیاتر بە کەڵکی سەرەتا دێت، پێشنیاری ئەم کتێبە دەکەم کە لەم بابەتەدا ناساندوومە: بۆ خوێندنەوەی بابەتەکەی تر کلیک لێرە بکە […]
دەستتان خۆش بێت، ماندوو نەبن. سوپاس بۆ ئەو سایتە جوانە.
بژیت هاوڕێ گیان، سوپاس بۆ سەرنجەکەت.