لە کتێبی Nuclear Physicsدا وێرنەر هایزنبێرگ دەپرسێت ئاخۆ ئێمە لەمڕۆدا دەتوانین خەونی کیمیاگەرە کۆنەکان بهێنینە دی کە دروستکردنی ئاڵتوونە لە جیوە؟
بەوە درێژە بە باسەکە دەدات کە لە ئێستادا و بەم زانستەی تا ئێستا پێی گەیشتووین بە تایبەت لە فیزیای ناوکیدا دەزانین کە گەردیلەژمارە(واتە ژمارەی پڕۆتۆنەکانی ناوکی توخمەکە) بە شێوەی سەرەکی جۆری توخمەکە دیاریدەکات و لەو ڕووەشەوە جیوە و ئاڵتوون دەکەونە نزیک یەکتری لە ڕووی گەردیلەژمارەوە، بەوەی کە گەردیلەژمارەی جیوە ٨٠ و هی ئاڵتوون ٧٩ە، بەمەش دەکرێت بڵێین کیمیاگەرە کۆنەکان بەوەی کە هەوڵیان دەدا جیوە بکەن بە ئاڵتون، تا رادەیەک لە ڕێگە ڕاستەکەی ئەنجامدانی ئەو کارەوە نزیک بوون.
ئەوەی لە ئێستادا دەیزانین ئەوەیە کە جیوە ٧ ئایزۆتۆپی جێگیری هەیە،(ئایزۆتۆپ واتە هەمان توخمە چونکە هەمان ژمارەی پڕۆتۆنی هەیە بەڵام بە ژمارەی نیوترۆنەکانی جیاوازە)، کە ئەو ئایزۆتۆپانەش بارستە ژمارەیان لە ١٩٦ بۆ ٢٠٤ە و لەو نێوانەدا ئایزۆتۆپی بارستەژمارەی ١٩٧ دیار نییە و دیارە ناجێگیرە و زوو هەڵدەوەشێت و نامێنێت. ئەگەر ئایزۆتۆپی بارستەژمارە ١٩٦ی جیوە، نیوترۆنێکی لێ بدرێت ئەوە دەبێت بەو ئایزۆتۆپە ناجێگرە بارستەژمارە ١٩٧ە. کە دواتر ئەویش لەبەر ناجێگیرییەکەی بە دەردانی پۆزیترۆنێک دەبێت بە توخمی ئاڵتوون!
کەواتە ئاڵتونمان دروستکرد! هەربۆیە فیزیازانێکی بواری فیزیای ناوکی هیچ کێشەیەکی نایەتە ڕێ بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.
بەڵام ڕەنگە یەکێک بپرسێت بۆ ئەم کارە ئەنجام نادرێت بۆ ئەوەی ئاڵتوون دروست بکرێت؟ هۆکارەکە ئەوەیە کە قازانجەکە لە ڕاستیدا زۆر زۆر کەمترە لە تێچووی کارەکە و ڕەنگە پڕۆسەی دروستکردنی ئالتوون کە بەچەند ڕێگایەکی تر و بە بەکارهێنانی چەند ئایزۆتۆپێکی تریش دەکرێت جگە لەوەی باسکرا، تێچووەکەی چەند ملیۆن ئەوەندەی تێچووی دەستکەوتنی ئاڵتوون بێت بە ڕێگا ئاساییەکە کە دۆزینەوەیەتی لە سروشتدا.
ئامادەکردن: ئارمان
پێشتر ناساندنێکم بۆ ئەم کتێبە کردووە، بۆ خوێندنەوەی ناساندنەکە و داونڵۆد کردنی کتێبە کلیک لەم لەم لینکەی خوارەوە بکە:
https://kurdphysicist.wordpress.com/2016/06/29/nuclear_physics_heisenberg/