بەرەوپێشچوونی زانست چەندە کاری کردۆەتە سەر تێگەیشتنمان لە سروشت و ڕوونکردنەوەی دیاردە سروشتییەکان، هێندەش بەو ڕوونکردنەوانە و زانینی هۆکارەکەیان ئەو خوڕافات و بیروباوەڕە پوچ و بێ بنەمایانەی نەهێشتووە کە لە دێرزەمانەوە کۆمەڵێک لە خەڵکی بێ هیچ بەڵگەیەک و بە بیانووی جۆراوجۆر بانگەشەیان بۆ کردووە.
جا بۆیە لە ناو زانستکارەکاندا زانست (science) و زانستی درۆیینە (pseudoscience) هەوڵی جیاکردنەوەی دراوە و بابەتێکی گرنگ و جێی مشتومڕێکی گەورە بووە لە فەلسەفەی زانستدا بە تایبەت لە سەدەی بیستەمدا.
جا ئەگەر سەرنج بدەیت دەبینی تەنانەت زانا ناودارەکانیش کاریان کردووە لە گەیاندن و ئاسانکردنی زانست بۆ خەڵکی گشتی بە نووسینی کتێب و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و شتی لەو بابەتە و هەوڵدان بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە زانستی درۆیینە و بابەتە بێ بەڵگە و بێ بنەماکان کە دەخرێنە پاڵ زانست، یەک لەوانیش زانای فیزیایی ئەستێرەناس ‘کارڵ ساگان’ە.
ئەو تەنانەت هێند گرنگی بەو بابەتە داوە کە لە زۆر چاوپێکەوتندا باسی مەترسییەکانی بلاوبوونەوە و ڕەواج پێدانی ئەو بابەتانەی زانستی درۆییە (pseudoscience) دەکات. جا یەکێک لە گرنگترین کارەکانی کارڵ ساگان بە ڕای من، نووسینی کتێبێکە دەربارەی ئەم بابەتە لە ساڵی ١٩٩٥، واتە ٢ ساڵ بەر لە مردنی، کە ئەو نوسخەکەی لای منە ٤٢٦ لاپەڕەیە و لە ٢٥ وتار پێکهاتووە. ناوی کتێبەکە ئەمەیە:
‘The Demon-Haunted World: Science as a candle in the dark’
بە کوردییەکەی دەکاتە: ‘جیهانە بە دێو تەنراوەکە: زانست وەک مۆمێک لە تاریکیدا’
لەو کتێبەدا هەوڵی ڕوونکردنەوەی مێتۆدی زانستی دەدات بۆ خەڵکی گشتی و وەک زانایەک بە زمانێکی سادە دەیەوێت خەڵکی تێبگەیەنێت کە زانست چییە و چۆن کار دەکات و چی شتێک زانستییە. گرنگترین شت لە کتێبەکەدا جەختی لەسەر دەکاتەوە ئەوەیە کە هانی خەڵکی دەدات پەرە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بدەن و گومانگەرایانە بڕواننە هەر بابەتێک کە بەرچاویان دەکەوێت. چەندین ڕێگا دەخاتە بەردەست بۆ جیاکردنەوەی زانست (science) لە زانستی درۆیینە (pseudoscience)، ئەو پێی وایە کاتێک بابەتێک دەخرێتە ڕوو دەبێت بەرگەی گومانەکان و ڕەخنەکان بگرێت و بە سەختی بخرێتە ژێر پرسیارەوە پێش ئەوەی قبوڵ بکرێت وەک بابەتێکی ڕێتێچوو وە یان زانستی.
کارڵ ساگان، بە پێچەوانەی هەندێک لەو خەڵکەی کە ئێوە لە ئێستادا ڕۆژانە لە هەندێک پەیجی فەیسبووک و سایت و هەزاران شوێنی تر دەیانبینن کە تەنها زانیاری بڵاو دەکەنەوە و خۆیان لێ بووە بە زانا، پێی وایە کە زانست تەنها کۆمەڵێک زانیاری نییە بەڵکوو شێواز و ڕێگایەکە بۆ بیرکردنەوە. ئەو پێی وایە خوڕافە (superstition) و زانستی درۆیینە (pseudoscience) دەبنە ڕێگر لە بەردەم خەڵکی ئاساییدا و ناهێڵن ئەو خەڵکەی شارەزای وردەکارییە زانستییەکان نین درک بە جوانی و سوودەکانی زانستی ڕاستەقینە بکەن و بەرزی بنرخێنن. ئەو پێی وایە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ڕێگە دەدات خەڵکی ئارگومێنتە ڕاست و ناڕاستەکان لێک جیابکەنەوە و لێیان تێبگەن.
لە هەمان کتێبدا کارل ساگان نمونەیەکی زۆر جوان دەهێنێتەوە بە شێوەی بەسەرهاتێک دەیگێڕێتەوە، کە بەم شێوەیە: ئەو بە کەسێکی عاقڵ و بیرکراوە دەڵێت کە دەیەوێت ئەو ئەژدیهایەی پێ نیشان بدات کە ئاگر لە دەمی دێتە دەرەوە و لە گەراجی ماڵەکەیدا دەژیت! دەچنە گەراجەکە و کابرا دەڵێت ئەی بۆ نایبینم؟ کارل ساگان وەڵام دەداتەوە: بیرم چوو پێتان بڵێم، ئەو ئەژدیهایە نادیارە و نابینرێت. کابراش دەڵێت باشە با ئارد بڕێژین لەسەر عەزرەکە بۆ ئەوەی شوێن پێکانی دیاربن. کارل ساگاڵ وەڵام دەداتەوە کە ئەژدیهاکە باڵی هەیە و دەفڕێت بۆیە شوێن پێکانیشی دەرناچن! جا ئەمجارە کابرا دەڵیت باشە با کامێرایەکی ژێرسوور بهێنین بۆ ئەوەی ئەو ئاگرە نادیارە ببینین کە لە دەمی ئەژدیهاکەوە دێتە دەر. کارل ساگان ڕوونی دەکاتەوە کە ئاگرەکە گەرمی نییە و بۆیە بەو کامێڕایەش نابینرێت! ئیتر بەم شێوەیە هەر کابرا پێشنیاری شتانێک دەکاتە کە پشتڕاستی بکەنەوە کە ئەژدیهاکە بوونی هەیە و هەر کارڵ ساگان بیانوو دەهێنێتەوە کە بۆچی بەو ڕێگایانە نابینرێت بەڵام هەر بوونیشی هەیە!
جا دواتر لە ئەنجامگیریەکەدا دەپرسێت: “باشە ئێستا ئەژدیهایەکی نادیاری فڕیو کە ئاگری بێ گەرمی لە دەمی دێتە دەر و بە هیچ ڕێگایەک ناتوانرێت بسەلمێنرێت بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە بوونی هەیە و گوایە زانست ناتواێت پەی بە بوونی ببات، ئەمە چی فەرقێکی هەیە لەگەڵ ئەژدیهایەک کە بوونی نییە؟ ئەی بە چی ڕێگایەک و چۆن لە سەرەتاوە پێت وابووە کە وەها شتێک بوونی هەیە جگە لەوەی ئەمە بانگەشەیەکی بەتاڵە؟ جا ئەوەش کە کەسەکە نەیتوانی بیانووەکانی من بۆ نەبینرانی ئەژدیهاکە ڕەت بکاتەوە فەرقی زۆرە لەگەڵ سەلماندنی ڕاستیی بوونی ئەژدیهاکە.”
چەند پەرەگرافێک لە هەمان کتێبەوە دەربارەی زانستی درۆیینە، زانست و پرۆگرامی خوێندنی زانست و وانەبێژەکان:
چەند سەرنج و نووسینێک دەربارەی زانستی درۆیینە (pseudoscience)
“هەندێک لە نمونەکانی زانستی درۆیینە (pseudoscience) و خوڕافە (superstition) کە دەخرێنە ڕوو ئەمانەن(هەڵبەت ئەمە لیستێکی تەواو نییە کە هەموویان لە خۆ گرتبێت بەڵکو تەنها وەک نمونە ناوی هەندێکیان هێنراوە):
ئەسترۆلۆجی(بورجەکان)، سێگۆشەی بەرمۆدا، خێوەکان، درککردنی سەرووهەستەکان (ESP)، تێلێپاثی (Telepathy)، تێلێکنیسس (Telekinesis)، پێشگۆییەکانی نۆسترادامۆس، تەجروبەی چوونە دەرەوە لە لەش (بۆ نمونە نزیک مردن)، ئەو ئامێرانەی بە بێ وزە تا هەتایە کار دەکەن، بانگەشەکانی دۆزینەوەی پاشماوەی کەشتییەکەی نوح، گڕتێبەربوونی هەر لە خۆوەی هەندێک لە خەڵکی و سووتانیان، بەڵینی دەستەبەر کردنی وزەی ناکۆتا و [چەندین شتی تر].
“خوڕافە (superstition) و زانستی درۆیینە (pseudoscience)، بەردەوام دەبنە ڕێگر لە بەردەم زانست، بەوەی کە وەڵامگەلێکی ئاسان دەدەن بە دەستەوە و سەرنجمان بەلایەکی تردا ڕادەکێشن و دوورمان دەخەنەوە لە پشکنینێکی گومانکەرانە، بەمەش دەمانکەنە کەسانێک کە بە ئاسوودەیی و بە شێوەیەکی ڕۆتینی سەرقاڵی زانستین، هەروەک چۆن دەشمانکەنە قوربانیی خۆشباوەڕی. بەڵێ، جیهان زۆر سەرنجڕاکیشتر دەبوو ئەگەر یوفۆکان (UFOs) بوونیان هەبوایە و لە قووڵاییەکانی بەرمۆدادا خۆیان ماتدابایە و کەشتی و فڕۆکەیان هەڵلوشیبایە، یان ئەگەر مردووەکان بیانتوانیبایە دەستەکانمان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و نامەمان بۆ بنووسن. زۆر دڵڕفێن دەبوو ئەگەر هەرزەکارەکان بیانتوانیبایە تەنها بە (هێزی)بیرکردنەوە دەسکی تەلەفۆنەکە وەک مووشەک لە جێی خۆی دەرپەڕێنن، یان ئەگەر خەونەکانمان بە وردی باسی داهاتوویان بۆ بکردینایە لە بری ئەوەی جار و بار ڕاست دەربچن و بە هۆی شانس یان زانینمان دەربارەی جیهان لێکبدرێنەوە.
“زانستی درۆیینە (pseudoscience) ڕووی قسەی دەکاتە ئەو پێویستییە هەست و سۆزەکیییە بەهێزانەی مرۆڤ کە زۆرجار لە لایەن زانستەوە تێر ناکرێن. هەڵگری فەنتازیا و خەیاڵە دەربارەی ئەو توانا تاکەکەسییانەی کە وەک مرۆڤ نیمانە و حەز دەکەین هەمانبێت (وەک ئەو توانایانەی لە کەسایەتییە سوپەرهیرۆکانی ناو کۆمیکەکانی ئەمڕۆماندا هەیە[بۆ نمونە سوپەرمان و …]، یاخود وەک خواوەندەکانی سەردەمی کۆن). لە هەندێک لە دەربڕینەکانیدا، بانگەشەی ئەوە دەکات کە برسێتییە ڕۆحییەکانمان تێر دەکات، نەخۆشییەکان چارەسەر دەکات یان بەڵێنی ئەوەمان دەداتێ کە مردن خاڵی کۆتایی نییە (بۆ مرۆڤ). دڵنیامان دەکاتەوە لەوەی ئێمە گرنگین و سەنتەرین لە ڕووی پێگەوە لە گەردووندا. هەندێک جار وەک مەنزڵگەیەک وایە لە نێوان ئایینە کۆنەکان و زانستی نوێدا و لە لایەن هیچیشیانەوە جێی متمانە نییە.
“هەموو بوارەکانی زانست بەشی خۆیان زانستی درۆیینەیان (pseudoscience) دەبێ بە تووشەوە. جیۆفیزیا ئەو خەڵکانەی لێ قووت دەبێتەوە کە بانگەشەی تەختێتی زەوی دەکەن، یان ئەو بانگەشانەی پێیان وایە کیشوەرەکان لە پڕ هەڵدەتۆقن و ژێر ئاودەکەون و دیار نامێنن، یان ئەوانەی پێشوەخت پێشگۆیی هاتنی بوومەلەرزەکان دەکەن. ڕووەکناسەکانیش ئەو خەڵکانەیان دەبێ بە تووشەوە کە دەڵێن گوایە ڕووەکەکان هەست و سۆزیان هەیە و دەکرێ بە ئامێرەکانی پێوانی درۆ هەستەکانیان ببینرێت، مرۆڤناسەکان ئەوانەیان هەیە کە بانگەشەی بوونی مرۆڤی لە مەیمون چوو دەکەن، گیانەوەرزانەکانیش تووشی ئەو خەڵکانە دەبن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دایناسۆرەکان ئێستاش ماون، زیندەوەرزانەکانی بواری پەرەسەندنیش تووشی ئەو خەڵکانە بوون کە باوەڕیان بە تەفسیری حەرفی کتێبی پیرۆز هەیە، شوێنەوارناسەکان ئەوانەی تێدایە کە باسی کەشتیوانە ئاسمانییە دێرینەکان دەکەن [وەک ئەوانەی پێیان وایە قەومە کۆنەکان چوونەتە فەزا]، فیزیاییەکان تووشی ئەوانە دەبن کە بانگەشەی دروستکردنی ئەو ئامێرانە دەکەن کە بۆ هەمیشە و بە بێ بوونی هیچ وزەیەک هەتاهەتایە کار دەکەن، یان تووشی کۆمەڵێک دەبن کە زۆر سەتحی لە بابەتەکان دەزانن و تیۆریی ڕێژەیی ڕەتدەکەنەوە، یان ئەوانەی بانگەشەی ڕوودانی ناوکەیەکبوون لە پلەی گەرمی ژووردا دەکەن (cold fusion). سایکۆلۆجیستەکان دنیایەک لەو خەڵکانەیان لێ پەیدا دەبێت کە باسی بەشێکی زۆری دەروونشیکاری دەکەن، یان هەموو ئەوانەی کە بانگەشەی هەموو[بابەتە بێبنەماکانی]پاراسایکۆلۆژی دەکەن، یان ئەوانەی با … هەندێک جار زانستە درۆیینەکان بەیەکدەگەن و شێواوییەکەیان تێکەڵ بەیەک دەبن، وەک ئەوانەی بانگەشەکارانی تێلپاثی (telepathy) کە گوایە بە دوای گەنجینە ژێرئاوکەتووەکانەکانی ئەتڵانتیسدا دەگەڕێن و … هتد.”
دەربارەی زانست
“زۆر شت هەن کە زانست لێیان تێناگات، زۆرن ئەو نەزانراو و ئاڵۆزییانەی کە هێشتا ماون و دەبێ چارە بکرێن. لە گەردوونێکدا کە دەیان ملیار ساڵی ڕووناکی بەرینە و دە بۆ پانزە ملیار ساڵیش تەمەنیەتی، ڕەنگە ئەمە حاڵەکە بێت و هەمیشە هەر شتانێکی نەزانراو و لێڵ هەبن. ئێمە بەردەوام ڕێمان لە شتی چاوەڕواننەکراو و سەرسامکەر دەکەوێت. سەرەڕای ئەمەش هێشتا هەندێک نووسەری سەر بە بیروباوەڕی (New Age) و ئایینی ئەوە دووپات دەکەنەوە کە زانایان باوەڕیان وایە ‘تەنها ئەوەی ئەوان دەیدۆزنەوە هەموو ئەو شتەیە کە هەیە’. ڕەنگە زاناکان ئەو بۆهاتن(وەحی یان ئیلهام)ە لێڵ و نەزانراوانە ڕەتبکەنەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە بۆیان جگە لە وتە(بانگەشەی)ی کەسێک، بەڵام زۆر بە کەمیش بڕوایان وایە کە مەعریفەکەیان بۆ سروشت تەواو و بێخەوش بێت.
“زانست دوورە لەوەی ئامرازێکی تەواو و بێخەوشی مەعریفە بێت. بەڵکو تەنها ئەوەیە کە باشترین شتە هەمانە.
“زانست بانگهێشتمان دەکات بۆ ئەوەی دان بە ڕاستییە زانراوەکاندا(فاکت) بنێین، تەنانەت ئەگەر نەشگونجێن لەگەڵ ئەوەی ئێمە پێشتر بە ڕاستمان زانیوە.”
دەربارەی پرۆگرامی خوێندنی زانست و وانەبێژەکان
“لە زانکۆی شیکاگۆ، بەختم هەبوو کە توانیم لە پرۆگرامێکی پەروەردەی گشتیدا بخوێنم کە لە لایەن Robert M. Hutchins داڕێژرابوو، کە تیایدا زانست وەک بەشێکی پێویست و سەرەکیی نەخش و نیگارە نازدارەکەی مەعریفەی مرۆڤ دەخرایە ڕوو. لەو پرۆگرامەدا هەر ئەستەم بوو بیریشی لێ بکرێتەوە کە فیزیازانێکی بەپەرۆش[بۆ زانست]، دەربارەی ئەفلاتوون، ئەریستۆ، باخ، شێکسپیر، گیبن، مالینۆڤسکی، فرۆید و چەندینی تری هاوشێوەیان، نەزانێت.
“پێگەی مامۆستاکان لەم پرۆگرامی خوێندنەدا هیچ پەیوەندی نەبوو بە توێژینەوەکانیانەوە؛ مامۆستاکان بە دەرسگوتنەوەکەیان، تواناکانیان بۆ پێدانی مەعریفە[پێگەیاندن] و ئیلهام بەخشین بە نەوەی نوێ، دەنرخێندران.”
وەرگێڕان و ئامادەکردن: ئارمان
لینکی داونڵۆدی کتێبی ناوبراو بە زمانی ئینگلیزی:
1 سەرنج
بژی زۆر ڕاستە هێشتا مرۆڤی گەمژەش ماوە دەلێت ئاینەکان ڕاستن هههههه بەجدی ئەقلیان نیە تۆ وەرە لەسەدەی بیست و یەکبژی هێشتاش باوەڕت بەو خورفیاتانە هەبێت ، نازانم کەی مرۆڤ ئەوە قبوڵ دەکات دوایی مردن هیچ ژیانێکی تر نیە ، تەنها یەک جار دەژین بۆ ئەوە دەژین لەگەردوون تێبگەین هەروەک زانای گەورە ستیڤن هاوکینگ وتی مادام ژیان هەیە هیواش هەیە ، ئەگەر مرۆڤەکان وازیان لەدین هێنابووایە جیهانێکی جیاوازترمان دەبوو جیهانێکی سەرنج ڕاکێشتر ، جیهانێک هەموو مرۆڤەکان زانست خوازن