نووسینی: جێیرارتت هۆفت،براوەی خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی ١٩٩٩، پڕۆفیسۆری فیزیای تیۆری لە ئەنستیتۆی فیزیای تیۆری، زانکۆی ئوترێخت
ئەمە بابەتێکە بۆ خوێندکارە گەنجەکان یان هەموو ئەوانەی وەک من خرۆشاون بەو بەرەنگاریانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بە هۆی زانستی ڕاستەقینەوە و بۆ ئەوانەش کە وەک من بڕیاریان داوە و سوورن لەسەر بەکارهێنانی مێشکیان بۆ دۆزینەوەی شتی نوێ دەربارەی ئەم جیهانە فیزیکییەی تێیدا دەژین. بە کورتییەکەی ئەمە بۆ هەموو ئەوانەیە کە بڕیاریان داوە سەرقاڵی خوێندنی فیزیای تیۆری بن لە کاتەکانیاندا.
زۆرجار هەندێک ئیمەیڵم لە لایەن هەندێکی ئارەزوومەندی فیزیا [یان فیزیایی ناشارەزا]وە پێدەگات کە بڕوایان وایە چارەسەری[زانستیانەی] هەموو کێشەکانی جیهانیان کردووە، خۆ ئەم ئیمەیڵانە بە مەبەستی باش نێردراون بەڵام شتانێکی تەواو بێکەڵکن. ئەوان بۆیە باوەڕیان وایە کە هەموو شتێکیان حەلکردووە، چونکە هەر بە تەواوەتی هیچ نازانن دەربارەی ئەو ڕێگا و شیوازە ڕاستەقینەیەی کێشە و پرسەکانی پێ چارەسەر(حەل) دەکرێت لە فیزیای مۆدێرندا. ئەگەر دەتەوێت دەستت هەبێت و بەشدار بیت لە تێگەیشتنی تیۆرییانەی یاسا فیزیاییەکان کە شتێکی خۆش و هەژێنەرە ئەگەر سەرکەوتوو بیت، ئەوا شتانێکی زۆر هەن کە دەبێ[پێشوەخت] بیانزانیت. یەکەم شت ئەوەیە کە دەبێ جدی بیت دەربارەی [ئەمەی کە دەتەوێت وا بکەیت]. هەموو ئەو کۆرسانەی زانست کە پێویستن، لە زانکۆکان دەوترێنەوە، بۆیە هەر بە شێوەیەکی سروشتی یەکەم شت کە پێویستە بیکەیت ئەوەیە کە لە زانکۆیەک وەربگیرێیت و هەتا بۆت دەکرێت هەموو ئەو[زانست و زانیارییەی] هەیە کۆی بکەیتەوە و خەریک بیت پێوەی. بەڵام ئەی چی بکەیت ئەگەر هیشتا گەنجیت و لە خوێندنگایت و پێش ئەوەی بچیتە زانکۆ ناچاریت لەگەڵ ئەو گێڕانەوە منداڵانە و سادەیە هەڵبکەیت کە لە خوێندنگا پێی دەڵێن زانست؟ ئەی چی بکەیت ئەگەر بەتەمەنتریت و بە تەما نیت بچیتە ئەو قەڕەباڵغییە پڕ ژاوەژاوانەی خوێندکارە گەنجەکانی زانکۆوە؟
لەم سەردەمەدا دەتوانیت هەموو ئەو مەعریفە و زانیارییەی کە پێویستتە لە ئینتەرنێتەوە دەستی بخەیت. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دنیایەک شتی بێکەڵک لە ئینتەرنێتدا هەیە. ئایا دەکرێت ئەو پەڕە دەگمەنانەی کە بە ڕاستی بە کەڵک دێن بژار بکرێن؟ من زۆر بە وردی دەزانم کە دەبێ خوێندکارێک لە سەرەتای دەستپێکردندا چی پێ بگوترێتەوە و چی فێر بکرێت. ناو و سەردێڕی کۆرسی وانە هەرە پێویستەکان بە ئاسانی دەستدەکەون، ئەوەش هەر ئەوەیە کە من لە خوارەوە کردووەمە. خواستی من ئەوەیە کە بگەڕێم لەو شوێنانەی ئینتەرنێتدا کە پەیپەر و کتێبە زۆر بەکەڵکەکانی تێدان، جا ئەگەر کرا بە تایبەت ئەوانەی کە دەکرێت داونڵۆد بکرێن. بەم ڕێگایەش تێچووی بوون بە فیزیازانێکی بواری تیۆری لە نرخی ئەمانە تێناپەڕێت: کۆمپیوتەرێک، هێڵێکی ئینتەرنێت، پرێنتەرێک و کۆمەڵێکی زۆریش وەرەقە و قەڵەم. سەرەڕای ئەمەش، بەداخەوە هێشتا ناچارم کە ڕاتان بسپێرم بۆ کڕینی هەندێک تێکستبووک[کتێبی مەنهەجی]، بەڵام ئەمە بابەتێکی جیای پێویستە و لەم نووسینەدا باسی ناکەم. با بۆ ئێستا لە سنووری کەمترین شتی پێویست دەرنەچین. ئەو بابەتانەی لە خوارەوە ڕیز کراون پێویستە بخوێندرێن. لابردنی هەر کامێکیان و گوێپێنەدانی، سزاکەی تەنها یەک شت دەبێت کە ئەویش (شکست)ە. جوان لێم تێبگە: پێویست ناکات کە تۆ باوەڕ بە هەر شتێک بکەیت کە دەیخوێنیتەوە لەسەر حیسابی متمانە، بەڵکو چێکی بکە. هەتا دەتوانیت ڕیگا جێگرەوەکانی تر تاقی بکەرەوە. بۆت دەردەکەوێت کە ئەوەی ئەوان[زاناکان] پێوەی خەریک بوون و کردوویانە، زیرەکانەترین شت بووە کە دەکرا ئەنجام بدرێت. سەرسوڕهێنەرە. باشترین کتێبەکان، ڕاهێنانیان تێدایە. ئەنجامیان بدە. هەوڵبدە بۆت دەربکەوێت کە دەتوانیت لە هەموو شتێک تێبگەیت. هەوڵبدە بگەیتە ئاستێک کە هەڵەکانی تایپ و پیتچنینی کتێبەکان، هەڵە وردەکان و هەروەها هەڵە گرنگەکانیش بدۆزیتەو و بیریش لەوە بکەرەوە ئەگەر تۆ ئەو کتێبە بنووسیت چۆن بە ڕێگایەکی زیرەکانەتر دەینووسیت.
من دەتوانم بۆت باسی ئەزموونی خۆم بکەم. من زۆر بەختم هەبوو کە باشترین مامۆستاکانم لە دەور بن. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کە مرۆڤ بە لاڕێدا نەڕوات. هەر ئەمەش یارمەتیدەر بوو لەم ڕێیەدا هەتا گەیشتە ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بەدەست بهێنم. بەڵام من ئینتەرنێتم نەبوو. ئێستا من هەوڵدەدەم کە ببمە مامۆستای تۆ. ئەمەش ئەرکێکی ترسێنەرە. لە ئێستادا ئەم بابەتە بۆ ئەوانە دەبێت کە دەخوازن ببنە فیزیاییەکی بواری تیۆری، ئەویش نەک دانەیەکی ئاسایی، بەڵکو یەکێک لە هەرە باشترینەکان، ئەوانەی کە تەواو یەکلابوونەتەوە کە دەیانەوێت خەڵاتی نۆبڵەکەی خۆیان ببەنەوە. خۆ ئەگەر بە تەمای زۆر لەوە کەمتریت، باشە، یەکەمجار مەکتەبە بێزارکەرەکەت تەواو بکە، دواتر دوای ئەو ڕێچکە ئاساییانە بکەوە کە لە لایەن فێرکەرەکان و پسپۆڕەکانەوە دابین کراوە، ئەوانەی زۆر بە وریاییەوە پارچە پارچەی شتەکان دەجوون پێش ئەوەی دەرخواردی تۆی بدەن. ئەمەی لەم بابەتەدا باسی دەکەم بۆ خەڵکی بە ئاوات و بەرزی خوازە. من دڵنیام هەرکەسێک دەتوانێت ئەمە ئەنجام بدات، ئەگەر کەسەکە بەهرەمەند بێت بە بڕێکی دیاریکراو لە زیرەکی، حەز و دڵنیایی لە ئەنجامدانی ئەمە. ئێستاش، لێرەوە مەسەلە جدییەکە دەستپێدەکات. گلەیی و گازندەی ئەوە مەکە کە ئەوەی لە خوارەوە باسم کردووە و دەبێ ئەنجامیان بدەیت لە زۆر دەچن. خۆ بە بەلاش خەڵاتی نۆبڵ وەرناگریت و بیریشت بێت ئەمە هەمووی پێکەوە بە لایەنی کەمەوە ٥ ساڵی پێدەچێت ئەگەر خوێندکارەکانمان زۆر بە چڕی سەرقاڵی خوێندنی بن (هەڵبەت من ڕووم لەو کەسانەیە کە بە نیازن زۆربەی کاتەکانیان تەرخان بکەن بۆ سەرقاڵ بوون بەم خوێندنەوە). جا بۆ ئەمەش زیاتر لە زیرەکییەکی سەرەتایی و سادە و ساکار پێویستە هەبێت، چونکە خوێندکارە ئاسایییەکانیش تەنها کاتێک دەتوانن ئاستیان لەم شتانەدا زۆر باش ببێت کە لایەن کۆمەڵێک مامۆستای ئارام و بە سەبرەوە یارمەتی بدرێن. زۆر پێویستە کە ڕاهێنانەکان ئەنجام بدرێن. هەندێک لەو نووسینانە ڕاهێنانیان تیدایە. ئەنجامیان بدە، یان ئەگەر بتەوێت شتێکی باشتر بکەیت، ئەوە هەوڵبدە خۆت ڕاهێنان دروست بکە. هەوڵبدە ئاستی زیرەکی دانەری کتێبەکان تێپەڕێنە، بەڵام تکایە خۆت لەوە بە دوور بگرە کە بە ئیمەیڵ ئەو تیۆرییە جێگرەوانەی خۆت داتناون بۆ منیان بنێریت هەتا ئەو کاتەی لە خوێندنی هەموو ئەمانە دەبییەوە و هەموویان تەواویان دەکەیت؛ ئەگەر ئەمە بە باشی ئەنجام بدەیت ئەوە بۆت دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەم دانەری کتێبانە [کە ئەو شتانەیان لە بری بیرۆکەکانی تۆ نووسیوە] هێندەش گێژ نەبوون کە بیرت لێ دەکردەوە.
فیزیای تیۆری هاوشێوەی باڵەخانەیەکی بەرزە. بناغە پتەوەکەی بریتییە لە ماتماتیکی بنەڕەتی(سەرەتایی) و مەفهومەکانی فیزیای کلاسیکی پێش سەدەی بیستەم. وا بیر مەکەرەوە کە فیزیای پێش سەدەی بیستەم پەیوەندی بە باسەکەوە نییە لەبەرئەوەی کە ئێستا زۆر زیاترمان هەیە. لەو سەردەمەدا بناغە پتەوەکەی ئەم مەعریفەیەی ئێستا هەمانە دانراوە. بێ ئەوەی یەکەم جار خۆت ئەم بناغەیە بە باشی بنیات بنێیتەوە و دایبڕێژیتەوە هەوڵ مەدە باڵەخانە بەرزەکەت دروست بکەیت. چەند نهۆمی یەکەمی ئەم باڵەخانەیە پێکدێن لەو داڕشتنە ماتماتیکییە ئاستبەرزانەی کە تیۆرییەکانی فیزیای کلاسیکی دەگۆڕن بە جوانییەکەی خۆیان. ئەوانە پێویستن ئەگەر بتەوێت لەوە بەرزتر بڕۆیت. بۆیە دوای ئەوەش ئەو بابەتانەی تر بە دوایدا دێن کە لە خوارەوە ڕیز کراون. سەرەنجام ئەگەر هێندە شێت بیت کە بتەوێت چارەسەری پرس و کێشە هەرە ئاڵۆزەکانی وەک یەکخستنی فیزیای کێشکردنی لەگەڵ جیهانە کوانتەمییەکە بکەیت، لە کۆتاییدا دەگەیت بە ئەوەی کە سەرقاڵی خوێندنی تیۆریی ڕێژەییی گشتی، تیۆری بەرزە ژێکان، ئێم-تیۆری و شتە هاوشێوەکانیان بیت. لە ئێستادا ئەمە سەری سەرەوەی باڵەخانەکەیە. لوتکەی تریش هەن، وەک چڕبوونەوەی بۆز-ئاینشتاین (Bose-Einstein Condensation)، کاریگەریی کەرتیی هۆڵ (fractional Hall Effect) و زۆری تر، کە باشن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ وەک چۆن ساڵانی ڕابردوو نیشانیان داوە. دەبێ ئاگاداری شتێکیش بین: ئەگەر تۆ هەر زۆر زۆر زیرەکیش بیت، لە شوێنێک هەر تێدەمێنیت. خۆت بە ئینتەرنێتدا بگەڕێ و شتی زیاتر بدۆزەرەوە. بابەتەکان بە شێوەیەکی لۆجیکی ڕیزکراون بە دوای یەکتریدا. مەرجیش نییە شتەکان دەقاودەق بەم ڕیزبەندییە بە دوای یەکتریدا ئەنجام بدرێن، بەڵام بە نزیکەیی ئەم بابەتە جیاوازانە هەر وا پێکەوە دەگونجێن و باشترە بەم شێوە بکرێن.
بابەتەکان:
زمان :: Language
ماتماتیکی بنەڕەتی :: Primary Mathematics
میکانیکی کلاسیکی :: Classical Mechanics
بیناییزانی :: Optics
میکانیکی ئاماری و ثێرمۆداینامیک :: Statistical Mechanics & Thermodynamics
ئەلکترۆنیک :: Electronic
ئێلێکترۆماگنێتیزم(کارۆموگناتیسی) :: Electromagnetism
فیزیای کۆمپیوتەریی(ژمێرەیی) :: Computational Physics
میکانیکی کوانتەمی (ناڕێژەیی) :: Non-Relativistic Quantum Mechanics
گەرد و گەردیلەکان :: Atoms & Molecules
فیزیای دۆخی ڕەقی :: Solid State Physics
فیزیای ناوکی :: Nuclear Physics
فیزیای پلازما :: Plasma Physics
ماتماتیکی ئاستبەرز(پێشکەوتوو) :: Advanced Mathematics
ڕێژەییی تایبەت :: Special Relativity
میکانیکی کوانتەمی پێشکەوتوو :: Advanced Quantum Mechanics
فینۆمینۆلۆژی :: Phenomenology
ڕێژەییی گشتی :: General Relativity
تیۆریی بواری کوانتەمی :: Quantum Field Theory
تیۆری سوپەرسترینگ (بەرزەژێ) :: Super String Theory
زمان :: Language
پێویستیی پێشوەخت و هەرە بنچینەیی بریتییە لە زمانی ئینگلیزی. ئەگەر هێشتا زۆر باش نیت تێیدا، فێری بە. دەبێ بتوانیت بە ئینگلیزی بخوێنیتەوە، بنووسیت، قسەی پێ بکەیت و لێی تێبگەیت. بەڵام پێویستیش ناکات پێرفێکت بیت تێیدا. هەموو بڵاوکراوەکان بە ئینگلیزین. ئاگاداری گرنگیی توانای نووسین بە بە ئینگلیزی. درەنگ یان زوو دەخوازیت کە ئەنجامەکانت بڵاو بکەیتەوە. پێویستە خەڵک بتوانن شتەکانت بخوێننەوە و لێیان تێبگەن.
زانینی فەڕەنسی، ئەڵمانی، ئیسپانی و ئیتاڵیش ڕەنگە بەکەڵک بن، بەڵام بە گشتی پێویست نین. بگرە هەر نزیکیش نین لە بناغەی باڵەخانە بەرزەکەمان کە بە نیازین بنیادی بنێین، بۆیە خەمت نەبێت. پێویستت بە ئەلف و بێی یۆنانی دەبێت. پیتە یۆنانییەکان زۆر بەکاردێن. فێری ناوەکانیان ببە، ئەگینا وەک گێژ و شت دەردەکەویت کاتێک هەوڵدەدەیت لە شوێنێک شتێک پێشکەش بکەیت و قسە بکەیت. ئەمانەی خوارەوە هەندێک سەرچاوەی بەکەڵکن بۆ یارمەتیدانی خوێنەری ئاستە جیاوازەکان و پێویستییە جیاوازەکان بۆ زمانی ئینگلیزی.
دوای کردنەوەی هەریەک لەم لینکانەی خوارەوە، پەڕەیەک دەکرێتەوە کە لە بەشی خوارەوەیدا بە پێی بابەتەکان چەندین لینک و سەرچاوەی بەسوود هەیە کە یارمەتیدەرن لە فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا:
Dictionaries / Grammar / Vocabulary / Punctuation / Writing
*لێرە بەدواوە بابەتە فیزیاییەکان دەستپێدەکات کە وەک دەبینن بۆ هەر یەکێکیان، سەرەتا ناونیشانی سەرەکی نووسیوە و دواتر هەر بۆ زانیاری ناوی سەردێڕی گرنگترین بابەتەکانی نووسیوە و دواتر و گرنگرترین شتیش ئەوەیە کە لینکی چەند وانە و کۆرسێکی داناوە کە دەبێ فێرخواز پێیانەوە سەرقاڵ بێت ، وانەکان هەر لە ئاستی سەرەتاوە تا دەگاتە ئاستی باڵای تێدایە کە پێویستە بکرێن.
ماتماتیکی بنەڕەتی :: Primary Mathematics
ئێستاش گرنگترین ئەو شتانەی کە دەبێت وەک یەکەم هەنگاو بیانخوێنیت ئەم بابەتانەن(ئەمانە تەنها سەردێڕی گرنگترین بابەتەکانن و لینکی کۆرسەکان و وانەکان لە خوارەوە بە ڕەنگی شین دانراوە):
بەینت لەگەڵ ژمارەکان، کۆکردنەوە، لێدەرکردن، ڕەگی دووجاکان و بە گشتی بەینت لەگەڵ ماتماتیک چۆنە؟
-ژمارە سروشتییەکان: ١، ٢، ٣، …
-ژمارە تەواوەکان: …، -٣، -٢، -١، ٠، ١، ٢، ٣، …
-ژمارە ڕێژەییەکان
-ژمارە ڕاستیەکان: π = 3.14159265… , e = 2.7182818، …
-ژمارە ئاوێتەکان: (کە زۆر زۆر گرنگن)
-بیردۆزی کۆمەڵە
-تۆپۆلۆجی
-هاوکێشە جەبرییەکان. تەکنیکەکانی نزیککردنەوە. کردنەوەی زنجیرە: زنجیرەی Taylor
-شیکارکردنی هاوکێشەکان کە ژمارەی ئاوێتەیان تێدایە.
-سێگۆشەزانی: sin(2x)=2sinxcosx، …
-جیاکاری. نەخشە بنچینەییەکانی جیاکاری (sin, cos, exp).
-تەواوکاری. نەخشە بنچینەییەکانی تەواوکاری.
-هاوکێشە جیاکارییەکان. هاوکێشە پلە یەکەکان.
-Fourier transformation. بەکارهێنانی ژمارە ئاوێتەکان. نزیکبوونەوەی زنجیرەکان.
-ڕووتەختی ئاوێتە. تیۆرمەکانی Cauchy و تەواوکاری contour.
-نەخشەی گاما (چێژ وەربگرە لە کاتی خوێندنی خاسیەتەکانی ئەم نەخشەیە).
-تەواوکارییە گاوسییەکان. تیۆری ئیحتمالیە.
-هاوکێشە بەشییە جیاکارییەکان. مەرجە سنوورییەکانی Dirichlet و Neumann.
ئەمە بۆ ئەوانەیە کە لە دەستپێکدان. هەندێک لەم بابەتە ماتماتیکییانەی باسکران لە ڕاستیدا هەر یەکێکیان خۆی کۆرسێکی تەواوە. زۆربەیان لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی تیۆرییەکانی فیزیان. مەرج نییە هەر هەموویان پێش دەستکردن بە بابەتی دوای ئەمە کە میکانیکی کلاسیکییە، تەواو بکەیت. بەڵام بیرت بێت کە دەبێ دواتر بگەڕێیتەوە سەر هەموو ئەو بابەتانەی کە لەم بەشەدا دەیانپەڕێنیت و نایانخوێنیت. ئەمەش لینکی کۆرس و وانەکانی ئەو بابەتانەی لەسەرەوە باسکران، بە پێی ئەو ڕیزبەندییەی دەبێت پێیانەوە خەریک بیت:
کۆرسی سێگۆشەزانی پرۆفیسۆر Dave E. Joyce
کۆرسێک لەسەر ژمارە ئاوێتەکان، پرۆفیسۆر James Binney (زانکۆی ئۆکسفۆرد)
(بە نزیکەیی) پێداچوونەوەیەکی گشتیی هەموو ماتماتیکی سەرەتایی
تێبینیەکانی وانەکانی Chris Pope: مێتۆدی ١ ، مێتۆدی ٢
ڕووتەختی ئاوێتە، تیۆرمەکانی Cauchy و تەواوکاری contour
میکانیکی کلاسیکی :: Classical Mechanics
-میکانیکی ستاتیک (هێز، گرژی)؛ هایدرۆستاتیک. یاساکانی نیوتن.
-خولگە شێوە بڕگە ناتەواوەکانی هەسارەکان. سیستمی فرە تەن.
-پرەنسیپی کار. هاوکێشەکانی هامڵتۆن. لاگرانجیان.(ئەمەیان مەپەڕێنە، بێ ئەندازە گرنگە!)
-لەرەلەرکەری هارمۆنی. بەندۆڵ.
-براکێتەکانی پۆیسن.
-هاوکێشەی شەپۆل. شلە و گازەکان. هاوکێشەی Navier-Stokes. لینجێتی و لێکخشاندن.
کۆرسێکی ئاست ناوەندی دەربارەی داینامیکی شیکاریی کلاسیکی – لە لایەن: پرۆفیسۆر Richard Fitzpatrick
کۆمەڵە تێبینییەک لە وانەکانی زانکۆی هارڤاردەوە
کۆرسێکی کورت لەسەر میکانیکی کلاسیکی لە لایەن پرۆفیسۆر J. J. Binney (زانکۆی ئۆکسفۆرد)
بیناییزانی :: Optics
-شکانەوە و دانەوەی ڕووناکی.
-هاوێنە و ئاوێنەکان.
-تەلیسکۆپ و مایکرۆسکۆپ.
-پێشەکییەک لەسەر بلاوبوونەوەی شەپۆلەکان.
-دیاردەی دۆپلەر.
-پرەنسیپی هۆیگنز بۆ سەریەککەوتنی شەپۆلەکان.
-بەرەشەپۆلەکان.
-Caustics.
(Lecture Note)ەکانی A. A. Louro لە سەر بیناییزانی
(Lecture note)ەکانی R. V. Jones لەسەر بیناییزانی کلاسیکی و کوانتەمی (زانکۆی هارڤارد)
میکانیکی ئاماری و ثێرمۆداینامیک :: Statistical Mechanics & Thermodynamics
-یاسای یەکەم، دووەم و سێیەمی ثێرمۆداینامیک.
-بەشینەوەی بۆڵتزمان.
-خولی کارنۆ. ئینترۆپی(ناڕێکی). مەکینە گەرمییەکان.
-گۆڕانی دۆخەکان. مۆدێلە ثێرمۆداینامیکییەکان.
-مۆدێلی Ising (هەوڵبدە تەکنیکەکانی شیکارکردنی مۆدێلی Ising ی دوو ڕەهەندی هەڵبگرە بۆ دواتر).
-یاسای تیشکدانی پلانک(وەک پێشەکییەک بۆ میکانیکی کوانتەمی).
کۆرسی میکانیکی ئاماری لە لایەن پرۆفیسۆر Alfred Huan
(Lecture note)ەکانی پرۆفیسۆر Kelly لەسەر میکانیکی ئاماری
(Lecture note)ەکانی Gould/Tobochnik
کۆرسێکی ئاست ناوەندی لەسەر میکانیکی ئاماری لەلایەن پرۆفیسۆر R. Fitzpatrick
ئەلکترۆنیک :: Electronic
(تەنها هەندێک شتی بنچینەیی دەربارەی سووڕە کارەباییەکان)
-یاسای ئۆم، بارگەگرەکان، موگنەبارگەکان، بەکارهێنانی ژمارە ئاوێتەکان بۆ ئەژمارکردنی کاریگەرییەکانیان.
-ترانزیستەرەکان، دایۆدەکان (چۆنێتی کارکردنەکەیان دواتر دەخوێندرێت).
وانە لەسەر سووڕە کارەباییەکان لە لایەن: T. R. Kuphaldt
ئێلێکترۆماگنێتیزم(کارۆموگناتیسی) :: Electromagnetism
تیۆری ماکسوێڵ بۆ ئێلێکترۆماگنێتیزم:
-چوونیەک و ناچوونیەک.
-یاساکانی ماکسوێڵ لە ناوەندێکدا. سنوورەکان. شیکارکردنی هاوکێشەکان لە:
لە ناوەندی بەتاڵ و چوونیەکدا(شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان)
لە ناوەندێکی شێوە شەشپاڵوودا
لە سنوورەکان(شکانەوە و دانەوە)
-هەردوو بابەتی vector potential و gauge invariance (بێ ئەندازە گرنگن).
– تیشکدان و هەڵمژینی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان (ئەنتێنا).
-پەرشبوونەوەی ڕووناکی لە تەنەکانەوە.
ئێلێکترۆماگنێتیزم ‘ئاستی سەرەتا’ لە لایەن پرۆفیسۆر James Sparks (زانکۆی ئۆکسفۆرد)
کۆرسی ئێلێکترۆماگنێتیزم ‘ئاستی بەرز’ لە لایەن پرۆفیسۆر R. Fritzpatrick
تیۆریی بواری موگناتیسی ‘ئاستی باڵا’ لە لایەن Bo Y. Thidé
نمونەی شیکارکراو لە کتێبەکەی ‘Jackson’ەوە
فیزیای کۆمپیوتەریی(ژمێرەیی) :: Computational Physics
ئەگەر فیزیازانێک بیت کە هەر بە شێوەیەکی پەتی تەواو لە بواری تیۆریدا کار بکات، ئەوە ڕەنگە هێشتا هەندێک ڕووی فیزیای کۆمپیوتەری هەر سەرنجت ڕابکێشن.
کۆرسێک لەسەر پرۆگرامی Mathematica بۆ خوێندکارانی زانست لە لایەن پرۆفیسۆر James J. Kelly
کۆرسی فیزیای کۆمپیوتەری لە لایەن پرۆفیسۆر Angus MacKinnon (کۆلێجی ئیمپڕاتۆریی لەندەن)
پڕۆژەی Numerical Analysis لە لایەن پرۆفیسۆر John H. Mathews
میکانیکی کوانتەمی (ناڕێژەیی)
Quantum Mechanics (Non-Relativistic)
-مۆدێلی گەردیلەی بۆر.
-پەیوەندییەکانی دیبرۆی (وزە-لەرەلەر، تەوژم-درێژی شەپۆل).
-هاوکێشەکەی شرۆدینگەر (بە پەستانی کارەبایی و بواری موگناتیسییەوە).
-تیۆرمەکەی ئێرنفێست.
-تەنۆلکەیەک لە سندوقێکدا.
-گەردیلەی هایدرۆجین کە بە شێوەیەکی سیستماتیک شیکار کرابێت. کاریگەریی Zeeman. کاریگەریی Stark.
-لەرەلەرکەری هارمۆنیی کوانتەمی.
-ئۆپەرێتەرەکانی: وزە، تەوژم، گۆشەتەوژم، دروستبوون و لەناوبردن.
-ڕێساکانی گۆڕینەوەکەیان.
-پێشەکییەک لەسەر پەرشبوونەوەی کوانتەمی. S-matrix و شیبوونەوەی تیشکاوەری.
پێشەکییەک لەسەر میکانیکی کوانتەمی و ڕێژەییی تایبەت لە لایەن Michael Fowler
*ئەگەر لینکەکەی سەرەوە ناکرێتەوە دەتوانیت یەکێک لەم دووانە بخوێنیت لە جیاتی ئەو، کە یەکێکیان ناساندنێکی کورتە(وەک مەلزەمە) و ئەوی تر تێکستبووکێکی دوور و درێژە(دەتوانیت ئەگەر لە بابەتێکی ناساندنە کورتەکەدا تووشی کێشە بوویت یان ڕوونکردنەوەی زیاترت ویست بچیتە سەر تێکستبووکەکە):
١. وانە کورتەکان / ٢. تێکستبووکە دوور و درێژەکە
کۆرسێک لەسەر میکانیکی کوانتەمی لە لایەن پرۆفیسۆر Niels Walet (زانکۆی مانچستەر)
دوو کۆرسی MIT لەسەر میکانیکی کوانتەمی:
١. ئاستی خوێندکاری زانکۆ (ئەم کۆرسە هەموو وانەکانی بە شێوەی ڤیدیۆیش تێدایە)
٢. ئاستی خوێندکارێکی دەرچووی زانکۆ: وانەکانی وەرزی یەکەم / وانەکانی وەرزی دووەم
وانەکانی فیزیای کوانتەم لە لایەن پرۆفیسۆر James Branson (زانکۆی کالیفۆرنیا)
گەرد و گەردیلەکان :: Atoms & Molecules
-بەندی کیمیایی.
-ئۆربیتاڵەکان.
-شەبەنگی گەردی و گەردیلەیی.
-تیشکدان و هەڵمژینی ڕووناکی.
-ڕێساکانی هەڵبژاردنی کوانتەمی.
-زەبری موگناتیسی.
وانە و تێبینییەکان لەسەر کیمیای کوانتەمیی گشتی لە لایەن ئەنستیتۆی تەکنۆلۆژی جۆرجیا
کیمیای فیزیکی لە لایەن پرۆفیسۆر Darin J. Ulness
فیزیای دۆخی ڕەقی :: Solid State Physics
-گرپە کریستاڵەکان.
-دانەوەی براگ.
-نەگۆڕی Dielectric و Diamagnetic.
شەبەنگی Bloch.
-ئاستی فێرمی.
-گەیەنەرەکان، نیمچەگەیەنەرەکان و نەگەیەنەرەکان.
-گەرمیی تایبەتی.
-ئەلترۆنەکان و کونەکان.
-ترانزیستەر.
-بەرزەگەیەنەرێتی.
-کاریگەری Hall.
پێشەکییەک بۆ فیزیای دۆخی ڕەقی (ئاستی سەرەتا) لە لایەن پڕۆفیسۆر Yuri M. Galperin (زانکۆی ئۆسلۆ)
کۆرسێکی فیزیای دۆخی ڕەقی (ئاستی بەرز) لە لایەن پڕۆفیسۆر Mark Jarrell (زانکۆی کالیفۆرنیا)
تێبینی لە سەر فیزیای دۆخی ڕەقی لە لایەن Chetan Nayak (زانکۆی کالیفۆرنیا)
فیزیای ناوکی :: Nuclear Physics
-ئایزۆتۆپەکان.
-چالاکی تیشکاوەری.
-ناوکەکەرتبوون و ناوکەیەکبوون.
-مۆدێلی دڵۆپە.
-ژمارە کوانتەمییە ناوکییەکان.
-ناوکە سیحرییەکان.
-isospin.
-تیۆری Yukawa.
پێنج وانە لەسەر effective field theory لە لایەن David B. Kaplan
پەرتوکێکی بنچینەیی لەسەر تیۆرای ناوکی لە لایەن J. Dobaczewski
فیزیای پلازما :: Plasma Physics
-Magneto-hydrodynamics.
– شەپۆلەکانی Alfvén.
پێشەکییەک لەسەر فیزیای پلازما لە لایەن پڕۆفیسۆر R. Fritzpatrick
ماتماتیکی ئاستبەرز(پێشکەوتوو) :: Advanced Mathematics
-تیۆریی گروپ، دەربڕینی هێڵیی گروپەکان.
-تیۆریی گروپی Lie.
-ئاڕاستەبڕ و تێنسەرەکان.
-تەکنیکی زیاتر بۆ شیکارکردنی هاوکێشە جیاکارییە بەشەکییەکان و هاوکێشە تەواوکارییەکان.
-پرەنسیپی Extremum و ئەو تەکنیکانەی لەسەری بنیاد نراون.
-هاوکێشەی جیاوازییەکان.
-نەخشەی پەیداکەر.
-فەزای هیلبێرت.
-پێشەکییەک لەسەر functional integral.
بڕوانە سایتی پڕۆفیسۆر John Heinbockel
بڕوانە مێتۆدی دووەمی Chr. Pope (فایلەکە لە جۆری ps ە)
لیستی کتێبە مەنهەجییەکانی ماتماتیک (جارێ لینکەکە کارا نییە)
گروپەکانی Lie لە فیزیکدا لە لایەن پڕۆفیسۆر G.’t Hooft (بە زمانی ئینگلیزی+ڕاهێنانەکان)
*بۆ گروپەکانی Lie، سەیری وانەکانی Chr. Pope بکە لە بەشی ڕێژەییی گشتیدا
نەخشە تایبەتەکان و زۆر ڕادەدارەکان (تەنها لە پرەنسیپەکان تێبگە)
ڕێژەییی تایبەت :: Special Relativity
-گۆڕینی لۆرێنز.
-چوونەوەیەکی لۆرێنز، کات کشان.
-یاسای E=mc^2.
-چوار ئاڕاستەبڕ و چوار تێنسەر.
-ڕێساکانی گۆڕین بۆ بواری ماکسوێڵ.
-دیاردەی دۆپلەری ڕێژەییانە.
کۆرسی وانەکانی پڕۆفیسۆر Peter Dunsby لەسەر تێنسەرەکان و ڕێژەییی تایبەت
کتێبەکەی پڕۆفیسۆر Firk لەسەر ڕێژەییی تایبەت
میکانیکی کوانتەمی پێشکەوتوو :: Advanced Quantum Mechanics
-فەزای هیلبێرت.
-گواستنەوەی ئەلکترۆنەکان [لە ئاستەکانی گەردیلەدا].
-تیشکدان و هەڵمژینی ڕووناکی.
-بزوێنە تیشکدان.
-ماتریکسی چڕی.
-لێکدانەوەی میکانیکی کوانتەمی.
-لاسەنگییەکانی بێڵ.
-بەرەو میکانیکی کوانتەمیی ڕێژەیی: هاوکێشەکەی دیراک، وردەپێکهاتەکان.
-ئەلکترۆن و پۆزیترۆنەکان.
-تیۆری BSC بۆ بەرزەگەیەنەرێتی.
-کاریگەری Hallی کوانتەمی.
-تیۆریی پێشکەوتووی پەرشبوونەوە.
-پەیوەندییەکانی پەرەوازەبوون.
-بابەتی Perturbation expansion.
-بابەتی WKB approximation و پرەنسیپی Extremum.
-چڕبوونەوەی بۆز-ئاینشتاین.
-بەرزەشلەی هیلیۆم.
وانەکانی پڕۆفیسۆر Stringari لەسەر شلە سەرووساردەکان
پێشەکییەک لەسەر Quantum Hall effect لە لایەن A.H. MacDonald
پێشەکییەک لەسەر دۆخە کوانتەمییەکان و تیۆریی زانیاریی کوانتەمی لە لایەن پڕۆفیسۆر K. Fujii
وانەی تایبەتی لەسەر Quantum information لە لایەن پڕۆفیسۆر Peter Zoller
پێشەکییەک لەسەر Quantum Computation لە لایەن A. Chatterjee
وانەکانی ساڵی ١٩٥١ی Freeman J. Dyson لەسەر میکانیکی کوانتەمیی پێشکەوتوو
تێبینییەکانی پڕۆفیسۆر K. Schulten لەسەر میکانیکی کوانتەمیی پێشکەوتوو
تیۆریی کوانتەمی پێشکەوتوو لە لایەن پڕۆفیسۆر James Branson (زانکۆی کالیفۆڕنیا)
فینۆمینۆلۆژی :: Phenomenology
تەنۆلکە بنیادییەکان (مێزۆنەکان، باریۆنەکان، فۆتۆنەکان، لیپتۆنەکان، کوارکەکان) و تیشکە گەردوونییەکان؛ خاسیەتی ماددەکان و کیمیا؛ ئایزۆتۆپە ناوکییەکان، گۆڕانی دۆخەکان، ئەسترۆفیزیک (سیستمە هەسارەییەکان، ئەستێرەکان، گەلەئەستێرەکان، لادان بەرەوسوور، سوپەرنۆڤاکان)؛ کۆزمۆلۆژی (مۆدێلە کۆزمۆلۆژییەکان، تیۆرییەکانی گەردوونی هەڵئاوسان، تیشکدانی زەمینەی مایکرۆیی).
(Lecture note)ەکانی پڕۆفیسۆر R. Casalbuoni لەسەر فینۆمینۆلۆژی
(Lecture note)ەکانی پڕۆفیسۆر Paolo Franzini لەسەر تەنۆلکە سەرەتاییەکان
ڕێژەییی گشتی :: General Relativity
-تێنسەری مەتریک.
-چەمانەوەی فەزا-کات.
-هاوکێشەی کێشکردنی ئاینشتاین.
-کونە ڕەشەکەی Schwarzschild.
-کونی ڕەشی Reissner-Nordström.
-Periastron shift.
-هاوینەی کێشکردنی.
-مۆدێلە کۆزمۆلۆژییەکان.
-تیشکدانی کێشکردنی.
پیشەکییەک لەسەر ڕێژەییی گشتی لە لایەن پڕۆفیسۆر G. ‘t Hooft (+ڕاهێنان)
(Lecture note)ەکانی پڕۆفیسۆر Sean M. Carroll لەسەر ڕێژەییی گشتی
کۆرسێک لەسەر ئەندازە و تیۆریی گروپ لە لایەن Chr. Pope
کۆزمۆلۆژی :: Cosmology
و
ئەسترۆفیزیک و ئەسترۆنۆمی :: Astro-Physics & Astronomy
کۆزمۆلۆژی و ئەسترۆفیزیک بە بەراورد لەگەڵ لقەکانی تر، تازەن و زۆر شت ئێستا لەو بوارانەدا دەگوزەرێت. وا باشترە کە ئاگاداری ئەم بابەتە گرنگانە بیت و بە پێی حەز و چێژی خۆت کاتیان بۆ تەرخان بکەیت. بە دلنیاییەوە دەبێت بزانیت کە لە کۆزمۆلۆژی و ئەسترۆفیزیک و ئەسترۆپارتیکڵ فیزیکەوە دەستکەوت هەیە بۆ چارەسەر و وەڵامی چەندین پرسی فیزیا. بەڵام با ئاوا بەردەوام و بپرسم: ئەی چی دەربارەی فیزیای لقە تایبەتەکانی تری زانست؟ بایۆفیزیک، جیۆفیزیک، فیزیای میوزیک، …
من وەک خۆم پێم باشە و هانتان دەدەم کە بگەڕێن لە وێبدا بۆ ئەو چەشنە بابەتانەی تر کە حەزتان لێیەتی.
تیۆریی بواری کوانتەمی :: Quantum Field Theory
-بوارە کلاسیکییەکان: نائاڕاستەبڕ، Dirac-spinor، بوارە ئاڕاستەبڕەکانی Yang-Mills.
-کارلێککردنەکان، perturbation expansion، شکانی لەخۆوەی هاوجێیەتی، Goldstone mode، میکانیزمی هیگز.
-تەنۆلکەکان و بوارەکان: فەزای Fock، دژە تەنۆلکەکان، ڕێساکانی فاینمەن. مۆدێلی سیگمای Gell-Mann-Lévy بۆ پایۆن و ناوکەکان. بابەتی Loop diagrams. بابەتی Unitarity، هۆیەکی و پەیوەندییەکانی پەرەوازە بوون.
بابەتی (Renormalization (Pauli-Villars; dimensional ren، تیۆری gaugeی کوانتەمی: بابەتی Gauge fixing، بابەتی Faddeev-Popov determinant، بابەتی Slavnov identities، هاوجێیەتی BRST، بابەتی renormalization group. بابەتی Asymptotic freedom.
-سۆلیتۆنەکان، سکیرمیۆنەکان. تاک جەمسەرە موگناتیسییەکان و ئینستانتۆنەکان. میکانیزمی بەندکردنی هەمیشەییی کوارک. کردنەوە(فراوانبوونی) 1/N. فراوانبوونی لێکدانی ئۆپەرێتەرەکان. هاوکێشەی Bethe-Salpeter. بنیاتنانی مۆدێلی ستاندارد. سەرپێچیی جۆری P و CP. تیۆرمی CPTI. سپین و پەیوەندیی ئاماری. بەرزە هاوجێیەتی.
کۆرسێک لەسەر QFT لە لایەن پڕۆفیسۆر Pierre van Baal
بنچینەی چەمکییانە(مەفهومی)ی QFT لە لایەن پڕۆفیسۆر G. ‘t Hooft
چاپتەرێک لە پەرتوکی فەلسەفەی زانست
تاک جەمسەرە موگناتیسییەکان و ئینستانتۆنەکان لە لایەن Gerard ’t Hooft
بەرزە هاوجێیەتی و بەرزەکێشکردن :: Supersymmetry & Supergravity
…
ئەسترۆپارتیکڵ فیزیک :: Astro Particle Physics
…
تیۆری سوپەرسترینگ (بەرزەژێ) :: Super String Theory
پێشەکییەک+ڕاهێنان لەسەر تیۆری سترینگ(ژێ) لە لایەن Gerard ’t Hooft
پێشەکییەک لەسەر تیۆری سوپەرسترینگ (بەرزە ژێ) لە لایەن E. Kiritsis
وێبسایتێکی گشتی دەربارەی تیۆری سترینگ
چەندین نوسین و سەرچاوەی تر
ئەوەی تا ئێستا باسکرا ئەو سەرچاوانە بوون کە بە خۆڕایی دەستدەکەون، لێرە بە دواوە ئەمانە ناونیشانی چەندین کتێبی مەنهەجی باشن دەربارەی بابەتە جیاجیاکانی فیزیای تیۆری:
کلیک لێرە بکە بۆ بینینی لیستی کتێبەکان
سەرچاوە: https://www.staff.science.uu.nl/~gadda001/goodtheorist/index.html
1 سەرنج
[…] چۆن دەبیتە فیزیاییەکی تیۆریی باش […]