نزیکترین ئەستێرە لە ئێمەوە، خۆرە. خۆر ئەستێرەی کۆمەڵەی خۆرییەکەمان، هەرچی زەوی و ئەوانەی تری وەکوو عەتارد، زوهرە، مەریخ، موشتەری، زوحەل، ئۆرانۆس و نێپتۆن-ە هەسارەن.
ئەستێرەکان لە ناواخنەکەیاندا پلەی گەرمی هێند بەرزە کە کرداری ناوکەیەکبوونی تێدا ڕوودەدات، هەر تەنێک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان کرداری ناوکە یەکبوون (fusion)ی تێدا ڕوونەدات ئەستێرە نییە. ئەستێرەکان زۆربەی پێکهاتەکەیان توخمە گازییەکانە، هەندێک هەسارەش هەن هەر وەک ئەستێرەکان بەشیکی زۆریان لە ماددەی گازی دروستبوون بۆ نمونە موشتەری و زوحەل. بەڵام بارستایی ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لەوەدا کە ئایا ئەو شتە دەبێتە هەسارە یان ئەستێرە، بۆ نمونە بۆ ئەوەی هەسارەی موشتەری ببێتە ئەستێرەیەک وا پێویست دەکات بارستاییەکەی ٨٠٠ ئەوەندەی ئەمەی ئێستای بێت ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بە هۆی زۆری بارستاییەکەیەوە پەستانێکی وا دروست ببێت کە پلەی گەرمییەکی زۆر زۆر بەرزی لێ بکەوێتەوە و کرداری ناوکە یەکبوونی دوو توخمی هایدرۆجین بۆ هیلیۆمێک لە ناواخنەکەیدا دەست بکات بە ڕوودان.
لە مەسەلەی خولگەشدا، بێگومان جیاوازییەکە ئەوەیە کە هەسارەکان بە دەوری ئەستێرەکاندا دەسووڕێنەوە، بەڵام هەندێک سیستەمی جووت ئەستێرەییش هەن کە تیایاندا ئەستیرەکانیش بە دەوری یەکتردا دەسووڕینەوە هەموو سیستەمەکە بە دەوری دانەیەکی تردا دەسووڕێتەوە.
بەڵام بە گشتی جیاوازی سەرەکی نێوان هەسارە و ئەستێرە بریتییە لە بارستایی، هەر شتێک بارستاییەکەی ئەوەندە گەورەبوو کە بە هۆی پەستانەوە پلەی گەرمییەکەی بگاتە ڕادەیەک کە ناوکەیەکبوون ڕووبدات لە ناواخنەکەیدا ئەوە ئەستێرەیە. هێشتا لەو نێوندەشدا کورتەبنە قاوەییەکان هەن کە نە ئەوەیە هەسارە بن و نە ئەوەیە بە ئەستێرەش دابنرێن.
جگە لەمەش مەسەلەی پێکهاتنەکەکەیان، ئەستێرەکان بە زۆری لە توخمە سووکەکان پێکهاتوون و هەسارەکانیش لە توخمە قورسەکان. ئەستێرەکان بە زۆری لە هەورە گازییەکان یان لە ناوچەیەکی نێبیولایەکەوە دروست دەبن کە بە هۆی کاریگەری کێشکردن داڕماوە بە سەریەکدا و چڕ بۆتەوە، بەڵام هەسارەکان زۆرتر بە هۆی یەکگرتنی پارچە بەرد و سەهۆڵی دەوری ئەستێرەکانەوە دروست دەبن، هەندێک جار هەندێکیان دوای دروستبوونی ناواخنێکی بەردین، گازی دەورووبەریش ڕادەکێشن بۆ خۆیان و دەبنە هەسارەی گازی وەک موشتەری یان زوحەل.
سەرچاوەکان:
http://www.universetoday.com/24348/stars-and-planets/
http://curious.astro.cornell.edu/…/215-what-is-the-physical…
وێنەکە:
Credit: Mark Garlick/UCL/University of Warwick/University of Sheffield