235
لە پەراوێزی ڕۆژی جیهانی ژناندا، لیستی ناو و هەندێک کاری ١٩ لە ئافرەتە پێشەنگەکانی بواری فیزیک و ماتماتیک لە ئێستادا:
١.لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ‘Qunata Magazine’، فیزیکزانی پایەبڵندی بواری فیزیای تیۆری، خاتوو Helen Quinn، بیری ئەو دەمەی خۆی کەوتەوە کە هێشتا خوێندکاری زانکۆ بوو و دڵنیا نەبوو لەوەی کە ئایا درێژە بە خوێندنی فیزیک و هەوڵی بوون بە فیزیکزانێک بدات یاخود ببێتە وانەبێژ لە خوێندنگایەکی ئامادەیی. ئەوە دەڵیت:”هیچ ئافرەتێک لە بەشی فیزیکی زانکۆی ستانفۆرد نەبوو و من خۆم لەوێ نەدەبینی و پێم وانەبوو جێگەم دەبێتەوە.” ڕاوێژکارەکەی ئاگاداری کردبۆوە کە ئەو شوێنانەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و بەرزتری تێدا ئەنجام دەدرێت کەمێک بە نابەدڵی ئافرەتان وەردەگرن، بەڵام پێی وتبوو کە پێم وابێت لەگەڵ تۆ ئەو کێشەیەمان نابێت.
٢. فیزیکزانی ئیتاڵی-ئەمریکی Elena Aprile، کە توێژینەوە لە کونەڕەشەکان دەکات. ئەو باسی ئەو ڕاوێژکارە پیاوەی خۆی دەکات کە حەفتاکان ئەو دەمەی ئەم قوتابی ئەو بووە تەواو هەوڵی داوە کاتەکانی بەرێت بۆ توێژینەوە و بە گوتەی خۆی:”ئەو منی دروست کرد، منی کردە تیتانیۆم!”. هەروەها دەڵیت کە هەردەم ئەو ڕاوێژکارە شتی لەم چەشنەی پێ وتووە بۆ ئەوەی هانی بدات تا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت: “مەسەلەکە هەمووی زانستە، هەموو ئەوەی گرنگە ئامانجەکەتە …، ئەگەر منداڵت هەیە نانی بدەیتێ، ئەوا ڕێگەیەکی بۆ بدۆزەرەوە”
٣. فیزیکزان Katherine Freese کە لە بواری ئەسترۆفیزیکدا کار دەکات و سەردەمی خۆی پیویست بووە ڕوو بکاتە وڵاتی سوید بۆ خوێندنی فیزیای تیۆری. ئەو سەرسامی خۆی دەردەبڕێت لەوەی چۆن لە کلتووری ئەوێدا ئافرەت لە زانستدا قبوڵکراون، هەروەها دەڵێت: “لە تێکڕای وڵاتانی سەر ئەم هەسارەیە، بە ڕای من باشترین شوێن بۆ ئەوەی ئافرەت تێیدا سەرقاڵی زانست بێت، وڵاتانی سکەندەناڤیایە.”
٤. ماتماتیکزانی فەڕەنسی Sylvia Serfaty، کە براوەی خەڵاتە لەسەر vortex dynamics. پێی وایە کە ماتماتیک دەناڵێنێت بە دەست کەمی بیرکردنەوەی جیاوازەوە بەوەی کە لە بواری تیۆریی ژمارەکاندا لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا کارێکی ئەوتۆ نەکراوە، هەروەها دەڵیت کە ئەو جیاوازی لە شێوازی بیرکردنەوەیەدا کە پێویستە و ئەم باسی لێ دەکات، لە ئافرەتاندا بەدی دەکرێت.
٥. ماتماتیکزانی ئێرانی ئەمریکی، خاتوو Maryam Mirzakhani، یەکەم ئافرەتە کە خەڵاتی فیڵد بباتەوە کە بۆ ماتماتیک ئەم خەڵاتە هاوتای خەڵاتی نۆبڵە لە بوارەکانی تردا.
٦. خاتوونی فیزیکزان، پرۆفیسۆر Sharon Glotzer، کە خاوەنی گروپێکی توێژینەوەی گەورەیە و بە دوای دۆزینەوەی ئەو ڕێسایانەدا دەگەڕێن کە پێکهاتە ئاڵۆزەکان لە شتە هەرە سەرەتاییەکانەوە پێکدەهێنن و گروپی توێژینەوەکەی لە ڕووی ژمارەی ئەندامانەوە بەردەوام لە فراوانبووندایە.
٧. پڕۆفیسۆری فیزیکزان Gabriela González، وتەبێژ و پێشەنگی پڕۆژەی LIGOە کە زیاد لە ١٠٠٠ توێژەر و زانا لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە کاری تێدا دەکەن و ساڵی پار دۆزینەوەی شەپۆلەکانی کێشکردنی ڕاگەیاند.
٨. تیۆریزانی بواری فیزیک Tracy Slatyer، کە یەکێکە لەوانەی هەوڵی تێگەیشتن لە ماددەی تاریک دەدات و ساڵی پار کۆمەڵێک خاسیەتی نوێی گەلەئەستێرەی دۆزییەوە.
٩. فیزیکزانی بواری فیزیای تەنۆلکەیی Janet Conrad، سەرقاڵی توێژینەوە و گەڕانە بۆ جۆرێکی تایبەتی نیوترینۆ کە پێ دەوترێت: Sterile Neutrino.
١٠. فیزیکزان Suchitra Sebastian، سەرقاڵی توێژینەوەیە لەسەر دیاردە کوانتەمییە نامۆکان، ئەو دەڵێت:”من بە ڕاستی دەمەوێ تێکەڵی هەموو شتێکی دەورووبەرم ببم بە شێوەی جیا جیا، جیهان چۆن ئیش ئەکات، ئابووری چۆن ئیش ئەکات، حکومەت چۆن بەڕێوە دەچێت؟ حەزم لە زانینی لیکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوە هەیە کە دەیکەین.”
١١. لێکۆڵەر لە بواری ئەسترۆفیزیک، گەردوونناس و نووسەر خاتوو Janna Levin کە هەرگیز لە خوێندنگای ئامادەیی دەرنەچوو! ئەم خاتوونە گەردوونناسە ئەو کاتانەی سەرقاڵی توێژینەوە لە کونەڕەشەکان نییە، خەریکی نووسینی ڕۆمانە پڕفرۆش و بەناوبانگەکانیەتی کە براوەی خەڵاتی بە نرخن. ئەو دەڵێت:”زانست بەشێکی زاتی و جیانەبۆوەیە لە کلتوور.”
١٢. ئەمەشیان هەر یەکێکە لەوانەی لە سەردەمی خوێندنگا وازی لە خوێندن هێناوە، ئێستا فیزیکزان و ماتماتیکزانە. خاتوو Miranda Cheng ئێستا سەرقاڵی توێژینەوەیە لە پەیوەندییە لێڵ و نادیارەی نێوان تیۆری سترینگ (ژێ)، جەبر و تیۆریی ژمارەکان.
١٣. ماتماتیکزان لە زانکۆی پرینستۆن، Maria Chudnovsky’s. دۆزینەوە گەورەکەی لە ڕەنگکردنی گرافدا، یارمەتیدەریشی بوو لە ڕێکخستنی شوێنی دانیشتینی میوانەکان لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیدا.
١٤. ماتماتیکزانی ئۆکڕانی Maryna Viazovska، چارەسەری کێشەیەکی ماتماتیکی کردووە کە بۆ ماوەی چەند سەدە بە نەزانراوی مابۆوە، ئەویش مەسەلەی پڕکردنە گۆییەکانە لە بەرزە دوورییەکاندا.
١٥ و ١٦.هەردوو Laura DeMarco و Kathryn Lindsey، توێژینەوە لەسەر نوشتاندنەوەی شێوە ئەندازەییە دووبارەبۆوەکان بۆ شتگەلێکی سێ دووری دەکەن.
١٧ و ١٨. هەردوو Kathleen Fisher و Jeanette Wing، لە پێشەنگی ئەوانەدان کە بەرپرسیارێتی گەشەپێدانی فەرمیی کۆدی دژە هاکیان گرتۆتە ئەستۆ.
١٩. زانای بواری کۆمپیوتەر Cynthia Dwork، کار لەسەر وەرگێڕانی چەمکگەلی وەک تایبەتمەندێتی و دادوەری دەکات بۆ ئەلگۆڕیزم.

سەرچاوە:
نووسینی: Natalie Wolchover