لە بەشی ١.١.٥ی نوسخەی چوارەمی کتێبی (Introduction to Electrodynamics) کە نووسینی (David J. Griffiths)ە، نووسەر بەم شێوەیە باس لە ئاڕاستەبڕ دەکات کە بریتییە لە هەر ڕادەیەک کە بڕ و ئاڕاستەی هەبێت، هەڵبەت زۆربەمان بەم پێناسەیە ئاشناین و سەرەتاییترین شت کە بیستوومانە دەربارەی هەر ئەوەیە. ڕەنگە زۆرێکمان پێمان وابێت ئاڕاستەبڕ هەر شتێکە کە سێ پێکنەری هەبێت کە لەگەڵ پێکنەرە هاوشێوەکانی لە بارودۆخی گونجاودا بکرێت کۆبکرێنەوە. بەڵام نووسەر پاشان ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەمە پێناسەیەکی ڕازیکەر نییە. نمونەیەک دەهێنێتەوە بەوەی کە وا دادەنێین بەرمیلێکمان هەیە پڕە لە میوە، ئەو بەرمیلە بە بڕی Nx قۆخ، بڕی Ny سێو و بڕی Nz مۆزی تێدایە. دەتوانین بۆ دەربڕینی ئەو بەرمیلە بە میوەکانییەوە ئەمە بەکاربهێنین:
ڕوونە کە ئەوەی لە سەرەوە نووسراوە سێ پێکنەری هەیە، دەکرێت لەگەڵ هەر شتێکی هاوشێوەی خۆی پێکنەرە هاوشێوەکانیان کۆ بکرێنەوە، ئەمەش واتە تەواو دەچێتە چوارچێوەی ئەو پێناسەیەی لەسەرەوە کردمان بۆ ئاڕاستەبڕ. ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا ئەمە ئاڕاستەبڕە و دەتوانین بەمە کە وەسفی بەرمیلە پڕ لە میوەکە دەکات بڵێین ئاڕاستەبڕ؟ بێگومان ئەمە بە تێروانینی فیزیکزانێک ئاڕاستەبڕ نییە. چونکە سەرەڕای ئەوەی unit vectorی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە هیچ ئاڕاستەیەکی نییە چونکە وەک پێناسەمان کرد وا پێویست دەکات کە ئاڕاستەبڕ، بڕ و ئاڕاستەی هەبێت. کەواتە کێشەی ئەمە چییە و ئەی پێناسەیەکی دروست و وردتری ئاڕاستەبڕ چییە؟
وەڵامەکە ئەمەیە کە ئەوەی سەرەوە بۆیە ئاڕاستەبڕ نییە چونکە بە گونجاوی و بە دروستی ناگۆڕێت کاتێک کە سیستمی پۆوتانەکەی دەگۆڕین. ئەو سیستمی پۆوتانەی ئێمە بەکاری دەهێنین وەسفی شوێنی شتێک دەکات لە فەزادا و بە تەواوی شتێکی هەڕەمەکییە، بەڵام یاسایەکی ئەندازەیی هەیە بۆ گۆڕینی پێکنەرەکانی ئاڕاستەبڕێک لە چوارچێوەی سیستمێکی پۆوتان بۆ یەکێکی تر. نمونەیەکی زۆر سادە ئەوەیە کاتێک ئاڕاستەبڕێکت هەیە لە سیستمێکی پۆوتانی x و y و zدا و هەردوو تەوەرەی y و z بە گۆشەیەک دەجووڵێن بێ ئەوەی تەوەرەی x بجوڵێت و بێ ئەوەی شوێنی خاڵی بنەڕەت بگۆڕێت، وەک ئەم وێنەیە:
وەک لە وێنەکەدا دەبینن تەنها تەوەرەکان بە گۆشەیەک جووڵاون و ئاڕاستەبڕەکەمان هەر لە شوێنی خۆیەتی، بەڵام ئێستا وا پیویست دەکات سەرلەنوێ بۆ دەربڕینی ئاڕاستەبڕەکە لە سیستمی پۆوتانە نوێیەکەدا دووبارە دایبڕێژینەوە بە پێی ئاڕاستەبڕە کۆنەکە، کە ئەم گۆڕانکارییەش بەو یاسا ئەندازەییەی گۆڕان دەکرێت کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد کە بابەتێکە پێدەڵێن Vector Transformation (بۆ وردەکارییە ماتماتیکییەکانی چۆنێتی ئەنجامدانی ئەم گۆڕینە، بڕواننە بەشی ١.١.٥ی کتێبەکە کە لینکی داونڵۆدەکەی لە کۆتایی بابەتەکە دادەنێم).
کەواتە با دیسان پرسیارەکە بکەینەوە: ئایا ئەو دەربڕینە ماتماتیکیییەی لە سەرەوە بۆ نیشاندانی بەرمیلە پڕ لە میوەکە دروستمان کرد و ناومان نا N و پێکنەرەکانیمان نووسی، ئایا ئەو پێکنەرانە بەو گۆڕانکارییە ئەندازەییەی لە کاتی گۆڕانی سیستمی پۆوتاندا ئەنجامی دەدەین دەگۆڕین؟ بێگومان نەخێر. چونکە هەر سیستمێکی پۆوتان بەکاربهێنین هێشتا هەر بەرمیلەکە هەمان ژمارە قۆخ و سێو و مۆزی تێدایە و بە گۆڕێنی سیستمی پۆوتانەکە هیچ یەک لە میوەکان ناگۆڕێت بۆ ئەوەیتر، نە سێو دەبێت بە قۆخ و نە قۆخیش دەبێت بە مۆز و …هتد. بەڵام کاتێک ئاڕاستەبڕێک دەگۆڕێن دەبینین Ax دەگۆڕێت بۆ Āy. کەواتە ئێستا دەتوانین پێناسەیەکی تەواو و دروستی ئاڕاستەبڕ بکەین. ئاڕاستەبڕ بریتییە لە هەر کۆمەڵە سێ پێکنەرێک کە هاوشێوەی گۆڕانی لادان دەگۆڕێت کاتێک سیستمی پۆوتانەکەیان دەگۆڕێت. لیرەشدا مەبەست لە لادان هەر وەک نمونەیەکە بۆ هەڵسوکەوتی هەموو ئاڕاستەبڕەکان.
ئامادەکردن و وەگێڕان بە کەمێک زیادکردن و دەستکارییەوە : ئارمان
پەیجی فیزیک Physics