تا ئێستا دەربارەی یەکە سروشتییەکان هیچت بیستووە؟
کەی یاسای E=mc^2 دەتوانرێت بە شێوەی E=m بنووسرێت؟
لە ئاستە هەرە بچوکەکەی سروشت و هەرە وزە بەرزەکاندا چیتر کیلۆگرام، مەتر، سانتیمەتر و ئەو یەکانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەدا و بۆ شتی بەردەست بەکاریان دەهێنین هیچ مانایەکیان نامێنێت و لە حیساباتەکاندا فریامان ناکەون. لەمەشەوە پێویستی هاتنەکایەی سیستەمێکی نوێ بۆ یەکەکان دێتە کایەوە.
ئەگەر نرخی ħ کە نەگۆڕێکی بنەڕەتی میکانیکی کوانتەمییە و هەروەها خێرایی ڕووناکی c کە یەکێکە لە نەگۆڕە بنەڕەتییەکانی تر یەکسان بکەین بە ١ [واتە c=ħ=1]، و لەمانەوە نرخی بارگەی ئەلکترۆن سەر لە نوێ بدۆزینەوە کە بێ یەکە دەردەچێت و یەکسان دەبێت بە ٠.٣٠٣ و تێکڕای ئەمە لە فیزیای تەنۆلکەیی و ئەو شوێنانەدا بەکاربهێنین کە سنووری کارکردنی تیۆڕیی ڕێژەیی و میکانیکی کوانتەمین، ئەوە سەرەڕای هاتنە کایەی زۆر تێگەیشتن و بەرچاوڕوونیی نوێ و گرنگ لە وردەکاری هاوکێشەکاندا، هەروەها ئاسانکارییەکی زۆریش بۆ کار کردن لەسەر هاوکێشەکانی فیزیای تەنۆلکەیی دروست دەبێت. جا بە یەکسانکردنی نرخی ئەم دووو نەگۆڕە بە نرخی ژمارەییی یەک، ħ=c=1، دەتوانین سەر لە نوێ نرخی هەموو نەگۆڕەکانی فیزیک بە گوێرەی ئەمە دابڕێژینەوە و بە یەکەی ħ و c و eV سەر لە نوێ نرخی هەموویان بدۆزینەوە. ئێستا لە زۆرێک لە کارکردنە تیۆرییەکاندا ئەمە بەکاردێت و لە زۆربەی کتێب و سەرچاوەکانی فیزیکی تەنۆلکەییدا لە سەرەتاوە ئاماژەی پیدراوە. ئەم سیستمی یەکەیە پێی دەوترێت سیستەمی یەکە سروشتییەکان چونکە نەگۆڕەکان سەر لە نوێ بە پێوەردانان و بە سروشتی ئەژمار کردنی نەگۆڕی وەک ħ و c و یەکەی وزە eV نرخیان بۆ دۆزراوەتەوە، هەروەها تێکڕای سیستەمی یەکەی گۆڕاوە فیزیاییەکانی تریش بە هەمان شیوە [لە یەکەم لینکی خوارەوەدا هەموویان بە وردی هەن].
بێگومان لەمەشەوە ئەگەر کار لە سەر هاوکێشەکان بکەین بەم سیستمی یەکەیە ئەوە نمونە هەرە ڕوونەکەمان کە هاوکێشەی هاوتایی وزە و بارستەیە لە تیۆریی ڕێژەیی تایبەتدا: E=mc^2 دەبێتە E=m، چونکە نرخی c دەکاتە ١ و لەمەوە c^2 دەکاتە ١ و هاوکێشەکە تەنها بە فۆڕمی E=m دەمێنێتەوە.
لەمەشەوە وەک پرسێکی لاوەکی دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێک بدەم کە هەڵەتێگەیشتنێکی باوە لە هاوکێشەی E=mc^2. هەڵە تێگەیشتنەکە لەوەوە دێت کە زۆرێکمان پێمان وایە ئەو هاوکێشە بەناوبانگەی ئاینشتان ئەوەمان پێدەڵیت کە ئەگەر بارستەیەک بە خێرایی ڕووناکی بڕوات ئەوە دەبێتە وزە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە لێکدانەوەیەکی تەواو هەڵەیە بۆ ئەو هاوکێشەیەیە. چونکە هاوکێشەکە بەم فۆرمە E=m بە هیچ شێوەیەک چیدی لە ڕواڵەتدا هەڵگری نەگۆڕی خێڕایی ڕووناکی c نییە تا ئەو لێکدانەوە ڕووکەشەی بۆ بکەین. بەڵکوو لەمەوە دەتوانین بڵێێن وزە و بارستایی دوو فۆڕمی هاوتای هەمان شتن.
بۆ زیاتر خوێندنەوەی دەربارەی ئەم سیستمی یەکەی سروشتییە ئەم فایلە PDFە کە Lecture noteی دەرسی میکانیکی کوانتەمیی MIT داونڵۆد بکەن:
https://stuff.mit.edu/afs/athena/course/8/8.06/spring08/handouts/units.pdf
یاخود لەم فایلەی بەشی فیزیکی زانکۆی فلۆریدا:
http://www.phys.ufl.edu/~korytov/phz5354/note_01_NaturalUnits_SMsummary.pdf