شتەکان لە زاری فیزیکزانێکی گەورەی وەکوو فاینمەن-ەوە هەمیشە تامێکی تریان هەیە. دەکرێت بابەتەکە زۆر سادە بێت و پێشەکی زۆر دەربارەی بزانیت بەڵام کە دێتە سەر ئەوەی فاینمەن باسی بکات هەستێکی تر دەبەخشێت. کتێبی Six Easy Pieces یەکێکە لەو کتێبانەی کە لە کتێبی وانەکانی فاینمەن دەرهێنراوە و. کتێبەکە لە ٦ چاپتەر پێکدێت.هەر بە تیۆری ئەتۆم دەستپێدەکات تا دەگاتە فیزیای کوانتەم. لە هەر شوێنێکیش پێویستی کردبێت هاوکێشەی تێدایە. بەڵام فۆرمی سەرەکی کتێبەکە گێڕانەوەییە. وەک بڵێی لە وانەیەکدا دانیشتوویت و فاینمەن و قسە خۆشەکانی و ڕوونکردنەوە ساکار و هاوکات قووڵەکانی نوقمی فیزیات دەکەن.
“ئەگەر تەنها یەک کتێب هەبێت کە بکرێت ڕادەستی نەوەی داهاتووی زاناکان بکرێت، بەبێ هیچ دوودڵییەک دەبێت کتێبی شەش بەشی ئاسان [Six Easy Pieces] بێت.”
-جۆن گریبین، new scientist
پێشنیاری خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ هەموو ئەوانە دەکەم کە حەزیان لێیە وێنەیەکی گشتی تێگەیشتنمان لە سروشت لە مێشکیاندا بنەخشێنن. کتێبەکە بە زمانێکی ئەوەندە پاراو و ڕوون نووسراوە کە بە هیچ جۆرێک پێویست ناکات فیزیکزان بیت یاخود سەرت لە ماتماتیک دەربچێت بۆ ئەوەی لێیتێبگەیت. هەر بۆیە دەکرێت هەم کەسێکی فیزیکزان و هەم کەسێکیش کە عەوداڵی تێگەیشتنە لە سروشت و گەردوون و خولیای ئاشنابوونی هەیە بە تیۆرییەکانی فیزیک بیخوێنێتەوە.
کتێبەکە لە دوای پێشەکییەکەی لە ٦ بەش پێکدێت کە ئەمانەن:
١. گەردیلەکان لە جووڵەدا:
لەم بەشەدا و پاش باسکردن و ناساندی تیۆری ئەتۆم. لە درێژەی ئەم بەشەدا فاینمەن باس لەو پڕۆسانە دەکات کە پەیوەستن بە ئاستی گەردیلەیی (ئەتۆمی) ماددەووە. پاشان کارلێکە کیمیاییەکان بە شیکردنەوەی گەردیلەیی وەکوو بنەما بۆیان باسدەکات.
٢. فیزیکی بنچینەیی:
لەم بەشەدا پاش باسکردنی ئەوەی کە چی شتێک بنچینەییە و پاش کورتەیەک دەربارەی فیزیک پێش ١٩٢٠ و پاشانیش کورتەیەک لەسەر کوانتەم، فاینمەن دەچێتە باسی ئەوەوە کە چۆن ماددە لە تەنۆلکە بنچینەییەکان پێکهاتووە و تا ئێستا چی دەربارەی پێکهێنەرە بنچینەییەکانی ماددە دەزانین، هەڵبەت دەبێت خوێنەر ئاگادار بێت کە ئەوەی فاینمەن باسی دەکات لە پەیوەندیدا بە فیزیای تەنۆلکەییەوە هی کاتی نووسینی کتێبەکەیە کە ساڵی ١٩٦٣ە و لە ئێستادا گۆڕانکارییەکی زۆر لە بوارەکەدا ڕوویداوە.
٣. پەیوەندی فیزیک بە زانستەکانی ترەوە:
ئەم بەشە بەوە دەستپێدەکات کە فاینمەن، فیزیک، وەک بنچینەییترین و گشتگیرترینی زانستەکان دەناسێنێت. پاشان پەیوەندی هەر یەک لە کیمیا، زیندەوەرزانی، ئەستێرەناسی، زەویناسی، دەروونزانی بە زانستی فیزک ڕووندەکاتەوە.
٤. پاراستنی وزە:
لەم بەشەدا نووسەر بە گشتی باس لە وزە و جۆرەکانی دەکات، هەروەها دەکەوێتە باسی ماتەوزە و جووڵەوزەوە.
٥. تیۆری کێشکردن:
لەم بەشەدا فاینمەن باس لە جووڵەی هەسارەکان و یاساکانی کیپلەر، هۆکارەکانی جووڵە، یاسای نیوتن بۆ کێشکردن، کێشکردن بە گشتی و بە کورتیش باس لە کێشکردن لە تیۆریی ڕێژەییدا دەکات. هەروەها لە چەند شوێنێکدا ئاماژە بە یاساکان دەکات، بۆ نمونەش یاسای کێشکردن.
٦. هەڵسوکەوتی کوانتەمییانە:
ئەم بەشە ڕەنگە یەکێک بێت لە بەشە زۆر سەرنجڕاکێشەکان بۆ ئەوانەی تا ئێستا دەربارەی فیزیای کوانتەم نازانن، لێرەدایە کە خوێنەر ئاشنا دەبێت بە جووڵە لە ئاستە گەردیلەییەکەدا و لەوێشەوە تاقیکردنەوە بەناوبانگەکەی دوو درزەکە و بەیەکداچوونی شەپۆلە ئەلکترۆنەکان، چۆنێتی دیتێکتکردنی ئەلکترۆنەکان. لە درێژەدا و بەرەوە کۆتایی کتێبەکە فاینمەن پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی کوانتەم لە پاڵ یەکێک لە گرنگترین پرەنسیپەکان کە پرەنسیپی نادڵنیایی هایزنبێرگ-ە دەخاتە ڕوو و خوێنەری پێ ئاشنا دەکات.
بۆ فێرکاری چۆنێتی داونڵۆدکردنی ئەم کتێبە Six Easy Pieces سەردانی ئەم بابەتە بکە: