ئەگەر خوێندکاری ئامادەییت و گەردوون و سروشت سەرسامیان کردوویت و دەتەوێت ببیتە فیزیکزانێکی گەورە بۆ ئەوەی هاوشانی هەموو زانستکار و زاناکان بتوانیت لەم بوارەدا کار بکەیت و لە گەردوون تێبگەیت و یارمەتیدەری مرۆڤایەتی بیت لە تێگەیشتن لە سروشت ئەوا زۆر گرنگە کە بە ڕێگایەکی ڕاستدا بڕۆیت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
ئێستا کە خوێندکاری ئامادەییم گرنگی بە چی بدەم و چی بخوێنم؟
ئەگەر لە ئێستادا خوێندکاری ئامادەییت ئەوا زۆر گرنگە کە ئاگات لە کۆمەڵێک وانەی دیاریکراو بێت، لەوانەش وانەی فیزیا و بیرکاری. سەرەڕای ئەمەش هەوڵی پەرەپێدانی توانا زمانەوانییەکانت بدەیت و بە تایبەتیش زمانی ئینگلیزی. ئەو فیزیا و ماتماتیکەی لە ئامادەییدا دەیخوێنیت سەرەتاکانی دەستپێکردنی تێگەیشتن و کارکردنتە وەک فیزیکزانێک. فیزیای ئامادەیی دەبێتە بناغەی هەرە سەرەتاییت بۆ کارکردن لەسەر یاساکان و بەرچاوکەوتنی ئەو یاسا و ڕێسایانەی حوکمی جیهان دەکەن لەو ئاستەدا کە لەبەرچاومانە. ڕەنگە بڵێیت کە تێدەگەم بۆچی پێویستە سەرقاڵی وانەی فیزیا بم، بەڵام بیرکاریم بۆچی پیویستە دەبێت؟ وەڵام کورتەکە ئەوەیە کە زمانی زانست و بە تایبەتیش زمانی فیزیک، بیرکارییە. وەکوو کەسێک کە لە داهاتوودا دەبێتە فیزیکزان زۆر زۆر گرنگە کە بایەخی زۆر بە بیرکاری بدەیت چونکە فیزیای سێ سەدەی ڕابردوو لە سەردەمی گالیلۆوە سەرجەمی تێکەڵ بە ماتماتیک بووە. هەموو ئەو تیۆرییانەی کە لە فیزیادا هەن تیۆریگەلێکن کە پڕن لە هاوکێشەی ماتماتیکی، لە ڕاستیدا ئەو بەشەی تیۆرییەکان کە ماتماتیکی تێدایە و هاوکێشە و دەرکردنی ئەنجامی ژمارەییە، هەر ئەوە فیزیکە. بۆیە زۆر گرنگە هەتا دەتوانیت هاوشانی وانەی فیزیا زۆر زۆر گرنگی بە سەرجەم بابەتەکانی وانەی بیرکاری بدەیت. پاش ئەمەش زمانی ئینگلیزی و ئەگەر بکرێت زمانەکانی تری جیهانیش. هۆکاری ئەمەش زۆری سەرچاوەکانە بەو زمانە. بە گشتی هەر شتێکت بوێت دەربارەی فیزیا، لە وانەی ڤیدیۆییەوە تا دەگاتە کتێب و پەیپەر و … سەرجەمیان بە زمانی ئینگلیزین. ئەگەر لە ڕووی زمانەوە لە ئاستێکی باشدا نەبیت ئەمە دەبێتە ئاستەنگێکی زۆر گەورە لە ڕێگای گەیشتنت بە ئامانجەکەت کە بوونە بە فیزیکزان. زۆر گرنگە لە ئێستاوە هەوڵی فێربوونی زمانی ئینگلیزی بدەیت. ڕێگاکان بۆ ئەم کارە زۆرن، ئەوەی من پێشنیاری دەکەم لە پاڵ هەموو ئەو شتانەی کە خۆت بە باشیان دەزانیت، لەم قۆناغەدا سەیرکردنی دۆکۆمێنتارییە زانستییەکانە بە ژێرنووسی ئینگلیزی و هەروەها خوێندنەوەی کتێبە گشتییە بێ هاوکێشەکان دەربارەی فیزیک[دواتر دێمە سەر باسی ئەوەی مەبەست چییە لە کتێبی گشتی بێ هاوکێشە]. سەدان دۆکیۆمێنتاری زانستی و کتێبی فیزیایی گشتیی هەن کە هەم بۆ لایەنە زانستییەکە وەک تێگەیشتنێکی گشتی و هەم بۆ فێربوونی زمانەکە و دەستەواژە زانستییە گشتییەکان سوودێکی زۆریان دەبێت.
وا دابنێین لە بەشی فیزیک وەرگیراوم، پێویستە چی بکەم؟
سەرەتای وەرگیرانت لە بەشی فیزیک سەرەتای هەرە گرنگیی ڕێگاکەتە بۆ بوون بە فیزیکزان. لە ئێستاوە تۆ ئیدی فیزیکزانیت و پێویستە لەسەرت ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەت وا ڕێکبخەیت کە زۆرترین سوود لە کاتەکانت وەربگریت. هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوەیە کە ئەم چوار ساڵە [ژمارەی ساڵەکان بە پێی وڵاتەکە دەگۆڕێت] کە خوێندکاری فیزیایت ماوە ئاڵتوونییەکەی بەردەستتە بۆ ئەوەی بنەما پێویستەکان و ڕاهێنانی پێویست وەربگریت و بنچینەیەکی تۆکمەت هەبێت. لە ماوەی چوار ساڵەکەدا کۆمەڵێک وانەی زۆر بنچینەیی دەخوێنێت کە لە شتی سادەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە بابەتە ئاڵۆزترەکان، بەڵام بیرت بێت لە ماوەی خوێندنی فیزیکدا لە چوار ساڵەکەی زانکۆ، هێشتا هەموو ئەوەی کە دەیخوێنیت هەرچەند بابەتی ئاڵۆزتر بێت لەوەی لە فیزیای ئامادەییدا بەرچاوت کەوتووە هێشتا هەر بنەما و بابەتە بنچینەییەکانن. بە گشتی ڕێچکەکە لە بەشی فیزیک بەو جۆرەیە کە لە تیۆرییە کلاسیکییەکانەوە تا دەگاتە فیزیای مۆدێرن دەخوێندرێت، لە پاڵ ئەمەشدا هەر لە ساڵی یەکەمەوە ماتماتیک دەخوێنێت تا دەگاتە ماتماتیکێکی ئاستبەرزتر کە پێویستە بۆ کەسێکی فیزیکزان. لە بەشی فیزیکی زۆرێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی سەرەکی خوێندن مەلزەمەکانن کە لە کۆتاییدا هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی دابەزینی ئاستی زانستییە. دەکرێت لە ناو هەموو ئەم مەلزەمانەدا وا ڕێبکەوێت کە وانەبێژێکی دڵسۆز لە خەمخۆرییەوە مەلزەمەی وەکوو Lecture Note بە تێبینی و وردەکاریی نووسراوی گرنگەوە لەسەر بابەتەکان ئامادەکردبێت بۆ خوێندکار، بەڵام دواجار ئەمەش شتێکە زۆر بە کەمی بەرچاو دەکەوێت. کەوابێ ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە بۆ زۆربەی هەرەزۆری وانەکان سەرچاوەکانت دەبن بە مەلزەمەکان. لێرەوە پرسیاری دواتر دێتە کایەوە.
لە زانکۆ زۆربەی سەرچاوەکان مەلزەمەن، چی بکەم و چی سەرچاوەیەک بەکاربهێنم؟ چی جۆرە کتێبێک بخوێنمەوە، کتێبە گشتییەکان یان تێکستبووکەکان؟
لە ڕاستیدا مەلزەمەکان بە هیچ کوێیەکت ناگەیەنن. ئەوان تەنها کورتەیەکی هەموو ئەو نووسراو و ڕوونکردنەوانە کە لە کتێبە مەنهەجییەکاندا هەن. ئەوەی لەسەرت پێویستە ئەوەیە کە سەرقاڵی تێكستبووکەکان بیت. دوو جۆر کتێب هەن لەسەر فیزیا یان هەر بوارێکی تر کە لە زانکۆ دەیخوێنیت:
١. ئەو کتێبانەی بۆ خوێنەری گشتی نووسراون کە پێیان دەگوترێت Popular book
٢. ئەو کتێبە مەنهەجییانەی کە هاوکێشە و وردەکارییە زانستییەکانیان تێدایە کە پێیان دەگوترێت Textbook
جێگرەوەی ڕاستەقینەی مەلزەمەکان، جۆری دووەمی کتێبە کە پێیدەڵێین کتێبی مەنهەجی یان تێکستبووک. لە ڕاستیدا لە زۆربەی زانکۆکانی جیهان و بە تایبەتیش زانکۆ ئاستبەرزەکان، کتێبە مەنهەجییەکان (تێکستبووک) سەرچاوەی سەرەکی خوێندنن نەک مەلزەمە. ئەو کتێبە مەنهەجییانە بە گشتی ئەو کتێبە ئەستوور و قەبانەن کە لە کتێبخانەی بەش یان کتێبخانەی کۆلێژەکەت دەستدەکەون و پڕن لە هاوکێشە و لە کۆتایی هەموو بابەتێکدا چەندین نمونە و ڕاهێنانیان تێدایە بۆ ئەوەی خوێندکار سەرقاڵیان بێت. هەوڵبدە بۆ هەر دەرسێک تێکستبووکێک بکەیت بە سەرچاوەی سەرەکی خوێندنەکەت و گرنگی پێبدە لە ئەلفەوە و بۆ یاء. گرنگترین شت لە دوای تێگەیشتن لە ڕوونکردنەوەکان و لە بنچینە و یاساکان، سەرقاڵبوونە بە شیکارکردنی نمونەکان. لە ڕاستیدا لە کاتی حەلکردنی نمونەکانە کە توانای ڕاستەقینە و ئاستی تێگەیشتنی خۆت لە بابەتەکە بۆ دەردەکەوێت. جۆری یەکەمی کتێبەکان کە کتێبی گشتین popular book ئەو کتێبانەن کە هیچ یاسایەکیان تێدا نییە (یان زۆر کەمیان تێدایە) و هیچ نمونەیەکیان تێدا نییە بۆ حەلکردن و تەنها ڕوونکردنەوە و باسکردنی بابەتەکانن و بۆ خەڵکی گشتی و بە زمانێکی سادە نووسراون. دەمەوێت لەسەر ئەم کتێبانە خاڵێکی باش و خاڵێکی خراپت پێ بڵێم. ئەگەر هەموو کتێبە گشتییەکانی فیزیات خوێندبێتەوە، هێشتا نابیتە فیزیکزان، چونکە ئەو کتێبانە بۆ خەڵکی هەموو ئاستێک نووسراون نەک بۆ کەسی فیزیکزان، ئامانجیش لەو کتێبانە ئەوە نییە کە لە ڕێگەی خوێندنەوەیانەوە کەسێک ببێت بە فیزیکزان، بەڵکوو ئامانجەکە ئەوەیە کە ئەو خەڵکانەی کە شارەزای هاوکێشەکان نین و ناتوانن وەکوو فیزیکزانێک لە فیزیک تێبگەن، بتوانن بە گشتی بە ڕوونکردنەوەیەکی سادە لە گەردوون و تیۆرییە ئاڵۆزەکان تێبگەن. ئەم کتێبانە بە زۆر ئاست و ناوەڕۆکی جیاواز بەردەستن، لە هەمان کاتدا هەمیشە پێموایە جگە لە خەڵکی گشتی، پێویستە فیزیکزانەکانیش ئەم کتێبانە بخوێننەوە، بەڵام هەمیشە دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت کە کتێبە گشتییەکان جێگرەوەی کتێبە مەنهەجییەکان واتە جێگرەوەی تێکستبووکەکان نین بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکان. لەم بەینەدا کتێبگەلێکی تر هەن کە کتێبی گشتین بەڵام لە ئاستێکی زۆر بەرز و قووڵدا نووسراون، سەرەڕای ئەوەش هێشتا نابنە جێگرەوە بۆ کتێبە مەنهەجییەکان بەڵام زۆر زۆر گرنگە فیزیکزانەکان بە تایبەت لە دەرەوەی مەنهەج خوێنەری ئەو کتێبانە بن، هەر بۆ نمونە یەکێک لەوانە کتێبی Dreams of a Final Theory لە نووسینی ستیڤن واینبێرگ-ە. ئەمە کتێبێکی گشتییە و هیچ هاوکێشە و ماتماتیکێکی تێدا نییە بەڵام باسی بابەتێکی قووڵدەکات، لە ڕاستیدا هەرچەند جێگرەوەی هیچ کتێبێکی مەنهەجی نییە بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ فیزیکزانێک کە خەونی گەورەی هەیە خوێندنەوەی زۆر ناوازە و تایبەت و بەسوود دەبێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبە گشتییانەی کە ئاستێکی بەرزیان هەیە ئەوەیە کە وێنا گشتییەکەی فیزیک و توێژینەوەکانی بوارەکەت لەبەرچاو ڕوونتر و ڕێکخراوتر دەکەن و دیدێکی فراوانترت پێدەبەخشن.
لە کاتی خوێندنەوەی تێکستبووکەکاندا ئاگاداری چی بم؟ چی بکەم و چی نەکەم؟
سەرەڕای ئەوەی کە زۆر گرنگە ڕوونکردنەوە، وردەکاری و تێبینییەکان لە کاتی خوێندنەوەی هەر بابەتێک لە تێکستبووکەکاندا بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی بابەتەکە وەکوو فیزیکزانێک تێبگەیت، هەنگاوی هەرە گرنگی دوای ئەمە شیکارکردنی نمونەکانە. لە ڕاستیدا ئامانج لە خوێندنی هەر بابەتێک لە کتێبە مەنهەجییەکاندا ئەوەیە کە دوای تێگەیشتنێکی باش لێی، بتوانیت زۆرترین نمونەی حیسابی لەسەر ئەو بابەتە حەلبکەیت. لەو هەنگاوەدایە کە تێگەیشتنی خۆت دەپێویت و بۆت دەردەکەوێت ئاخۆ لەو بابەتە تێگەیشتوویت و بەشی پێویست وەکوو فیزیکزانێکی توانای شیکارکردنی بارودۆخێکت هەیە بەو یاسا و تێگەیشتنە نوێیەی پەیدات کردووە یان نا. هەوڵبدە تا دوا نمونە سەرقاڵی شیکارکردنیان بیت، ئەوەی توانای ڕاستەقینە و شارەزاییت پیدەبەخشێت و دەتکاتە فیزیکزانێکی باش هەر ئەمەیە.
چیتر هەیە جگە لە تێکستبووکەکان کە یارمەتیدەرم دەبێت؟ سەرقاڵی چیتر بم؟
کۆرسە ڤیدیۆییەکانی زانکۆ یان پێگە ئۆنلاینەکان کە زۆربەیان بەخۆڕایی بە شێوەی ئۆنلاین لە یوتیوب یاخود وێبسایتی سەرەکی زانکۆکان هەن، زۆر یارمەتیدەرت دەبن لە تێگەیشتن لە بابەتەکان. جگە لەمانەش ئەگەر حەزت لە بابەتێکی دیاریکراو بوو لە فیزیکدا و ویستت بە تایبەت پەرە بە زانیاری و تێگەیشتنت بدەیت لەسەر ئەو بابەتە، گرنگە لە دوای هەموو ئەم تێکستبووک و وانە ڤیدیۆییانە ئاگاداری پەیپەرەکان بیت. پەیپەر بریتییە لە نووسراوێکی زانستی کە تێیدا زانستکارێک کارە زانستییەکەی یان دۆزینەوە زانستییەکەی خستۆتە ڕوو و لە گۆڤارێکی زانستیدا کە پێیدەوتریت ژۆرناڵ بڵاودەکرێتەوە. هەڵبەت پەیپەرەکانت ئەو کاتە پێویستدەبن کە بنچینەکان فێربووویت و ویستت بە تایبەت لە بوارێکدا قووڵ ببیتەوە و زیاتر بخوێنیت. جگە لە هەموو ئەمانە زانینی زمانێک یان چەند زمانێکی پرۆگرامینگ زۆر یارمەتیدەر دەبێت لە بوونت بە فیزیکزاندا، زۆربەی فیزیکزانەکان بۆ شیکارکردنی هاوکێشە ئاڵۆزەکان یان شیکردنەوەی داتا زۆرەکانی تاقیکردنەوەکان، پرۆگرامینگ بەکاردەهێنن.
ئایا نمرە گرنگە؟
لە هەر زانکۆیەک بیت و ئاستی خوێندنی فیزیک لەو زانکۆیەدا هەر شتێک بێت، گرنگە هەوڵبدەیت لەپاڵ ئاگاداربوون لە هەموو ئەوەی باسمان کرد، نمرەکانت باش بن. بەڵام بۆچی نمرە؟ ئایا تەنها تێگەیشتن لە بابەتەکان مەرجی سەرەکی نییە؟ ئەی بۆچی پێویست دەکات نمرەیەکی بەرزم هەبێت؟ وەڵامەکە ڕوونە: بۆ ئەوەی بتوانیت درێژە بە خوێندن بدەیت. ئەو کاتەی لە زانکۆ دەردەچیت و چوار ساڵ فیزیک دەخوێنیت هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژت لەبەردەمە. بۆ ئەوەی بتوانیت ببیتە ئەو فیزیکزانەی خەونی پێوە دەبینیت و بتوانیت وەک توێژەر کار لەسەر پرسە گەورەکانی ناو فیزیک بکەیت، پێویستە ماستەر، دکتۆرا و پاشان پۆست دکتۆرا بخوێنیت. هەموو ئەمەش لە پێناو ئەوەدایە بەو ڕادەیە شارەزا ببیت کە هەموو پێویستییەکانی بوون بە توێژەر فێر ببیت، هەم لە تیۆرییە ئاستبەرزەکانەوە هەتا دەگاتە ماتماتیکی پێویست بۆ ئەم تیۆرییانە بۆ ئەوەی بتوانیت کار لەسەر پرسێکی تایبەت بکەیت. ئەمەش پێویستی بە هەوڵدانێکی زۆر هەیە تا دەگەیتە ئاستی پۆست دکتۆرا. بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی چوار ساڵەکەی زانکۆت بتوانیت ئەم کارە بکەیت و یەکەم هەنگاو بتوانیت بچیت ماستەر بخوێنیت ئەوا لە پاڵ تێگەیشتن و توانا و لێهاتووییەکی بەرزدا پێویستت بە نمرەی بەرزیش هەیە. کاتێک داواکاری پێشکەش دەکەیت بۆ خوێندنی ماستەر لە هەر زانکۆیەکی جیهان، تاکە پێوەری سەرەکیی ئەوان بۆ وەرگرتنت وەک خوێندکاری ماستەر، نمرەکانتە (Transcript) کە لە شێوەی بڕوانامەیەکدا دوای تەواوکردنی زانکۆ پێت دەدرێت. تیمی هەڵسەنگاندنی ئەو زانکۆیەی داواکاریت ناردووە، تاکە شتێک کە لەبەردەستیاندایە کە تۆی پێ هەڵبسەنگێنن و بزانن ئاخۆ لە ئاستی پێویستدایت بۆ ئەوەی ماستەر بخوێنیت، نمرەی وانەکانتە لە چوار ساڵی زانکۆتدا. هەر بۆیە هەتا دەتوانیت گرنگی بەوە بدە کە نمرەکەت بەرزترین بیتت بۆ ئەوەی دەرفەتی خوێندنی ماستەرت بە ئاسانی دەستبکەوێت.
دوا قسە:
هەموو ئەمەی باسمکرد مانای ئەوەی نییە تۆ ژیانت بە تەواوەتی تەرخان دەکەیت بۆ سەرقاڵبوون بەمانەوە و واز لە هەموو شتێکی تر دەهێنێت، ڕەنگە زۆر جار خوێندنەوەی بابەتە فەلسەفییەکان ئەگەر سەرنجت ڕابکێشن یاخود بابەتە ئەدەبی یان هونەرییەکان سەرەڕای بەخشینی چێژێک، ببنە هۆی یارمەتیدانت لە فراوانبوونی دنیابینی و بیرکردنەوەت، سەرەڕای ئەمەش سەرقاڵبوونی چڕ بە زانستەوە مانای وایە وەک زانستکارێکی ڕاستەقینە زۆربەی کاتەکانت بۆ ئەوە تەرخان دەکەیت کە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت فێری ببیت و بە ڕادەیەکی باش شارەزای بابەتە فیزیاییەکان و ئامرازە ماتماتیکییە پێویستەکان ببیت. زۆر باسی ماتماتیک دەکەم هۆکاری ئەمەش زۆر ڕوونە، هەندێک جار وا بیر دەکەمەوە کە ماتماتیک لە خودی فیزیا بۆ فیزیا گرنگترە. چونکە هەموو ئەوەی فیزیکزانێک پێیەوە سەرقاڵ دەبێت تیۆرییەکان و شیکارە ماتماتیکییەکەیانە. ناکرێت و ناشێت بتەوێت ببیت بە فیزیکزان و ماتماتیک پشتگوێ بخەیت. لە جیهانی فیزیکدا وەکوو نابیست و نابینا و لاڵت لێ دێت و دواجار هەر لە ئاستە ڕووکەشەدا دەمێنیتەوە و هەرگیز ناتوانیت سەرقاڵی هیچ بابەتێکی جیددی بیت. هەر بۆیە دەبێت بە تەواوەتی دەستت لەگەڵ ماتماتیک ڕابهێنیت.
وەکوو پێشتریش ئاماژەم پێکرد، زۆر گرنگە بۆ هەموو بابەت و دەرسەکان بایەخی هەرە سەرەکی بەوە بدەیت کە زۆرترین نمونە شیکار بکەیت. ئەوەی دەتکات بە فیزیکزان هەر ئەوەیە. ڕەنگە بە شیکارکردنی تەنانەت چەندین نمونە و سەرقاڵبوونی چەندین شەو و ڕۆژ بە بابەتەکانەوە هێشتا هەست بەوە نەکەیت چەندە بەرەوپێشەوە دەچیت بەڵام لە درێژخایەندا ئەم بەردەوامییە وردە ڕۆژانەیە بە بێ پچڕان بە تەواوەتی هەست بە سوودەکەی دەکەیت کاتێک دوای ماوەیەکی زۆر دەبینیت ئاستت چەند بەرز بۆتەوە. لەم ڕووەوە سەرقاڵبوون و ماندووبوونت بە تێگەیشتن لە بابەتەکان وەکوو یاری لەشجوانی وایە، بە ڕۆژێک و دووان و مانگێک و دووان ڕەنگە هەست بە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەکەیت بەڵام ئەگەر هەموو کاتە پێویستەکان بە بێ پچڕان و بە بەردەوامی و پشوودرێژی سەرقاڵی یارییەکە بیت، دەبینیت دوای ماوەیەکی زۆر جەستە و ماسولکەیەکی زۆر جیاوازت هەیە لەوەی سەرەتا. بێگومان لە چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگەکانی سەرەتادا هەستت بەوە نەدەکرد، بەڵام دواجار دەرەنجامی بەردەوامیت لەسەری دەرەنجامێکی نایابی دەبێت، بە هەمان شێوە ماندووبوون بە بابەتەکانەوە لەم ڕێگای بوون بە فیزیکزانییەدا هەر بە هەمان جۆرە.
دوای هەموو ئەمە و دەستکەوتنی بنچینەیەکی باش و تەواوکردنی چوار ساڵی زانکۆ، ئیتر کاتی ئەوە دێت بوارێک هەڵبژێریت، بۆ نمونە حەزت لە فیزیکی تەنۆلکەیی، ئەستێرەناسی، گەردوونزانی یان هەر شتێکی لەو بابەتەیە. ئەگەر بناغەیەکی پتەوت دروستکردبێت و ئاستێکی زانستی باشت هەبێت دوای هەڵبژاردنی بوارەکەت کاتی ئەوە دێت کە بچیت ماستەر بخوێنیت لەو بوارەدا کە ئارەزووی دەکەیت. دواتر دکتۆرا و دواتریش پۆست دکتۆرا و کارکردن وەک توێژەرێکی ئاستبەرز لە فیزیکدا. بە هیوام هەموو ئەوەی دەتەوێت پێیبگەیت بەڵام بیرت بێت خۆت تاکە کەسی سەرەکیت لەم ڕێگایەدا کە دەتوانێت یارمەتیت بدات. خۆت مەخەڵەتێنە و ڕاستەقینە بە لە بڕیاردان و ئەنجامدانی ئەوەی دەتەوێت بیکەیت، بێگومان مرۆڤایەتی و زانست پێویستی بە کەسانێکی وەک تۆیە کە تێگەیشتمان لە گەردوون فراوانتر بکەن بە هەوڵ و بیرکردنەوەیان لە بوارەکەدا.
*هەوڵدەدەم ئەم نووسینە بە پێی توانا نوێبکەمەوە بە زیادکردنی هەر شتێکی نوێ کە پێموابێت سوودی دەبێت.
بێ هیچ دوودڵییەک ئەم بابەتە بخوێنەوە کە لەم لینکەی خوارەوەدا هەیە و هەوڵبدە ئەو کتێبە بخوێنیتەوە کە لە بابەتەکەدا باسکراوە، چونکە یەکێکە لە باشترین ڕێنیشاندەرەکان بۆ بوون بە فیزیکزانێکی سەرکەوتوو:
https://www.kakeshan.com/2022/01/29/jakob-schwichtenberg-books/
هەروەها پێشنیاری خوێندنەوەی ئەم بابەتەش دەکەم [کلیک لە لینکەکە بکە] :
3 سەرنج
سڵاو مامۆستای زانا، زۆر شتێکی چاکە بتوانی ئایکۆنی پرنت دانێی بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەی پەڕاویش ڕاپۆرتەکان دەست بخەین،زۆر سپاس.
دەست خۆش
زۆر سوپاس بۆ ئێوە
وا لە دەستپێکی ئەم پیرۆزیە دام.