سەرەتایەک دەربارەی میکانیکی کلاسیکی
میکانیک، توێژینەەیە لە جووڵەی شتەکان. چۆن ئەلکترۆن لە ناو تیوبی تەلەفزیۆنە [کۆنەکاندا] دەجووڵێت، چۆن تۆپێکی بەیسبۆڵ بە هەوادا دەجووڵێت یان چۆن نەیزەک بە دەوری خۆردا دەجووڵێت. میکانیکی کلاسیکی [Classical Mechanics] ئەو فۆڕمەی میکانیکە کە لە سەدەی حەڤدەهەمدا لە لایەن گالیلۆ و نیوتن-ەوە پەرەی پێدراوە پاشان لە لایەن لاگرانج و هامڵتۆن-ەوە لە سەدەی هەژدە و نۆزدەهەمدا داڕێژراوەتەوە. بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەدە، وا دەزانرا کە میکانیکی کلاسیکی تاکە فۆرمی میکانیکە و دەتوانێت جووڵەی هەموو سیستەمەکان لێکبداتەوە.

دواتر لە دوو شۆڕشی سەرەتای سەدەی بیستەمدا، دەرکەوت کە میکانیکی کلاسیکی ناتوانێت لێکدانەوە بۆ جووڵەی ئەو تەنانە بکات کە نزیک لە خێرایی ڕووناکی دەجووڵێن[تیۆریی ڕێژەیی تایبەت] و هەروەها ناشتوانێت لێکدانەوە بۆ جووڵەی تەنۆلکەکانی ناو گەردیلەکانیش بکات [تیۆری کوانتەم]. لە نێوان ساڵی ١٩٠٠ بۆ ١٩٣٠-دا دوو تیۆری نوێ هاتنە کایەوە: میکانیکی ڕێژەیی بۆ لێکدانەوەی ئەو تەنانەی بە خێرایی بەرز [نزیک خێرایی ڕووناکی] دەجووڵێن و میکانیکی کوانتەمی بۆ لێکدانەوەی سیستمی تەنۆلکە وردەکان [گەردیلەییەکان و جیهانی مایکرۆیی بە گشتی]. بە ڕووبەڕووبووونەوەی ئەم دوو تیۆرییە، ڕەنگە وا بیر بکەیتەوە کە میکانیکی کلاسیکی بە تەواوەتی پێگە و گرنگیی خۆی لە دەستداوە. لە ڕاستیدا هێشتا و لە سەرەتای سەدەی ٢١-دا میکانیکی کلاسیکی هەروەکوو جاران پڕ بایەخ و شکۆدارە. ئەمەش بە سێ هۆکار: یەکەم ئەوەیە کە بێشومار سیستەمی فیزیکی هەن کە باشترین لێکدانەوە بۆیان بە میکانیکی کلاسیکی دەکرێت. بۆ تێگەیشتن لە خولگەی کەشتییە ئاسمانییەکان و تەنۆلکە بارگاوییەکانی ناو تاودەرە مۆدێرنەکانی تەنۆلکەکان پێویستت بەوەیە لە میکانیکی کلاسیکی تێبگەیت. دووەم، دوایین پەرەسەندنەکانی میکانیکی کلاسیکی کە بە شێوەی سەرەکی پەیوەستن بە بەرەوپێشچوونەکان لە تیۆری بێنەزمیدا [Chaos theory] کە بوونە هۆی دەرکەوتنی لقی تەواو نوێی فیزیک و ماتماتیک و هەروەها گۆڕانیان بەسەر تێگەیشتنمان لە هۆدارێتی-دا [causality] هێناوە. هەر ئەم بیرۆکە نوێیانەن کە بەشێک لە باشترین فیزیکزانەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ سەرلەنوێ توێژینەوە لە میکانیکی کلاسیکی. سێیەم، ئێستا و هەموو کاتێک ئەوە ڕاستە کە بڵێین خوێندنی میکانیکی کلاسیکی پێشمەرجە بۆ خوێندنی تیۆریی ڕێژەیی و میکانیکی کوانتەمی.
فیزیکزانەکان، زاراوی “میکانیکی کلاسیکی” کەمێک بە فراوانی و بۆ زۆر مەبەست بەکاردەهێنن. زۆرێکیان ئەو زاراوەیە بۆ ئاماژە بە میکانیکی نیوتن، لاگرانج و هامڵتۆن بەکاردەهێنن؛ واتە لە ڕوانگەی ئەوانەوە کاتێک دەوترێت میکانیکی کلاسیک، هەردوو تیۆری ڕێژەیی و کوانتەم ناگرێتەوە. لە لایەکی تریشەوە لە هەندێک بواری فیزیکدا، مەیلێک هەیە بۆ ئەوەی تیۆری ڕێژەییش هەر بە بەشێک لە میکانیکی کلاسیکی ئەژمار بکرێت.، واتە بۆ ئەوانەی ئەو ڕایەیان هەیە، میکانیکی کلاسیکی هەموو ئەو میکانیکە دەگرێتەوە کە کوانتەمی نییە. [١]
پێشنیاری کتێب و وانە
١. ئەگەر لە قۆناغی سەرەتادایت، دوو هەڵبژاردنت لەبەردەستدایە، ئەگەر شتێکی کورت و خێرا و نایابت دەوێت، دەتوانیت سەیری کۆرسە ڤیدیۆییەکەی لینارد سەسکایند بکەیت و هاوکات کتێبەکەی بخوێنیتەوە.
لینکی وانەکانی سەسکایند لەسەر میکانیکی کلاسیکی [کلیک بکە]
ناونیشانی کتێب:
The Theoretical Minimum: What You Need to Know to Start Doing Physics
٢. ئەگەر هەر لە قۆناغەکانی سەرەتای زانکۆدایت [یاخود سەرەتاکانی ئاشنابوونتە بە میکانیکی کلاسیکی] و لەگەڵ ئەوەشدا شتێکی دوور و درێژ و پڕاوپڕ لە نمونە و تێر و تەسەلت دەوێت و کاتی پێویستت هەیە بۆ ئەوەی سەرقاڵی بیت، پێشنیاری ئەم کتێبە دەکەم کە ناسراە بە کلاسیکاڵ میکانیکەکەی تەیلەر و یەکێکە لە باشترین سەرچاوەکان بۆ سەرەتای ڕێگاکە:
Classical Mechanics
by: John R. Taylor
٣. ئەگەر لە قۆناغی بەرزتردایت و پێشتر میکانیکی کلاسیکیت لە زانکۆ لە ئاستە سەرەتایییەکەیدا خوێندووە یاخود لە تێکستبووکە سەرەتاییەکانەوە پێی ئاشنایت، ئەوا ئەم کتێبە زۆر بەناوبانگەی گۆڵدشتاین پێشنیاری سەرەکیی زۆربەی ئەوانەیە کە بەم ڕێگایەدا ڕۆیشتوون. ئەم کتێبە لە ناو ئەوانەدا کە سەرقاڵی فیزیکن پێی دەوترێت کلاسیکاڵ میکانیکی ئاستی Graduate واتە ئاستی دەرچوویەکی بەشی فیزیک کە سەرقاڵی خوێندنی ماستەر بەرەوسەرە. بە جۆرێک لە جۆرەکان پێویستە ئەوەی دەیەوێت ببێتە فیزیکزان لە بواری فیزیای تیۆریدا ئاشنا بێت بە میکانیکی کلاسیکی لە ئاستی بەرزی هاوشێوەی ئەم کتێبەدا.
Classical Mechanics
by: Herbert Goldstein
—-
کلیک بکە بۆ فێرکاری شێوازی داونڵۆدکردنی کتێب
سەرچاوەکان:
[١] پێشەکیی کتێبی: Classical Mechanics، نووسەر: John R. Taylor
1 سەرنج
دەستان خۆش بێت هیوادارم بەردەوام بن