تەقینەوەی Betelgeuse
هیچ شتێک لەوە سەرنجڕاکێشتر نییە کە تەقینەوەی ئەستێرەیەک بە چاوی خۆت ببینیت. تەقینەوەیەک کە ڕووناکییەکەی لە ڕۆژدا لە پاڵ خۆر دیار بێت و لە شەویشدا هاوشێوەی مانگی ١٤ هەموو دنیا ڕووناک بکاتەوە.
بە دڵنیاییەوە کاتێک شەوان سەیری ئاسمانت کردووە، تێبینی سێ ئەستێرەت کردووە کە لە ڕێکی یەکترن، کەم کەس هەیە نەیبینیبێت. ئەم سێ ئەستێرەیە وا دەردەکەون لەسەر یەک هێڵن بۆیە زوو سەرنجمان ڕادەکێشن. ئەو ئەستێرانە بەشێکن لەو پاتێرنەی ئێمە پێیدەڵێین Orion یاخود بورجی ڕاوچی. کەمێک بە لای چەپدا بڕوانە، ئەستێرەیەکی ڕەنگ پرتەقاڵی دەبینیت. جوان سەرنج بدە، ڕەنگەکەی وەک ئەستێرەکانی تر نییە. ئەگەر کەمێک شارەزای ئەستێرەناسی بیت بە ڕەنگەکەیدا دەزانیت کە ئەم ئەستێرەیە زۆر بەتەمەنە، ئەستێرە بەتەمەنەکان ڕەنگیان بەرەو پرتەقاڵی و سوور دەچێت.
ئەم ئەستێرەیە پێیدەگوترێت Betelgeuse کە بە بیتڵجوز دەخوێندرێتەوە(ئەگەر هەڵە نەبم). یەکێکە لە ڕووناکترین و بەناوبانگترین ئەستێرەکانی ئاسمان. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە بە بەراورد بە پێنج مانگ لەمەوپێش ڕووناکییەکەی بووە بە نیوە، جاران ئەگەر سەیرت بکردبایە، ئەستێرەیەکی زۆر ڕووناکت دەبینی بەڵام ئێستا بە چاو هەستی پێدەکرێت کە ڕووناکییەکەی زۆر کەم بووە. لە ڕاستیدا ئەم کزبوونی ڕووناکییە شتێکە بە بەردەوام ڕوودەدات بەڵام ئەمە وایکردووە سەرلەنوێ ئەو باسە گەرم ببێتەوە کە ئاخۆ کەی ئەم ئەستێرەیە دەتەقێتەوە. تەقینەوە ئەستێرەی بەمجۆرە پێی دەوترێت سوپەرنۆڤا (Supernova). ئەم ئەستێرەیە تەنها ٧٠٠ ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە. ئەگەر بتوانین لە شوێنی خۆر دایبنێین، نیوەتیرەکەی ئەوەندە گەورەیە کە تاوەکوو لای هەسارەی موشتەری (Jupiter) داگیر دەکات. لەم کارە هونەرییەی خوارەوەدا دەتوانین قەبارەی ئەستێرەکە بە بەراورد بە خۆر و هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆری ببینیت.
ئەم ئەستێرە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە. ئەگەر ئێستا بتەقێتەوە، ڕووناکی ئەم تەقینەوەیە ٧٠٠ ساڵی پێدەچێت تا دەگاتە زەوی، چونکە ئەستێرەکە وەک باسکرا نزیکەی ٧٠٠ ساڵی ڕووناکی لێمانەوە دوورە. ئەگەر بمانەوێت ئەم تەقینەوەی ببینین، دەبێت خۆزگە بخوازین ٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر تەقیبێتەوە بۆ ئەوەی لە ئێستادا ڕووناکییەکەی بگاتە ئێمە. ئەوەی کە ئەم ئەستێرەیە کەی دەتەقێتەوە کەس نازانێت، بەڵام ئەگەر ئەگەر ئێمە بتوانین بیبینین سەرەڕای ئەوەی بە ئەگەری زۆر هیچ زیانێکی بۆ ژیانی سەر زەوی نابێت، دیمەنێکی بێئەندازە ناوازە و سەرنجڕاکێش دەبێت. چونکە لە کاتی ڕۆژدا لە پاڵ خۆر لە ئاسماندا دیار دەبێت و شەوانیش هێندەی مانگی ١٤ ڕووناکی دەبێت! لە ڕاستیدا تەقینەوەی ئەستێرەکان شتێکی نوێ نییە، پێشتر و لە ساڵی ١٠٥٤ زایینیدا، ئەستێرەناسە چینییەکان تەقینەوەی ئەستێرەیەکیان تۆمار کردووە کە ماوەی ٢٣ ڕۆژ لە کاتی ڕۆژدا بە ئاسمانەوە ڕووناکییەکەی دیار بووە. پاشماوەی ئەم تەقینەوەیە ئێستا پێیدەگوترێت نێبیولای M1 یاخود Crab Nebula کە بە تەلیسکۆپێکی ئاسایی لە شوێنێکی دوور لە ڕووناکی شار دەکرێت ببینرێت. جگە لە چینییەکان، ئەم تەقینەوەیە لە لایەن ئەستێرەناسە ژاپۆنییەکان، عەرەبەکان و هیندییە سوورەکانیش تۆمار کراوە. سەبارەت بە ئەستێرەی بیتڵجوز، هەندێک لە ئەستێرەناسەکان پێیانوایە دەکرێت ئەم کزبوونە ئاماژە بێت بۆ لە دەستدانی بڕێکی زۆر لە بارستاییەکەی کە ڕوودەدات لە پێش تەقینەوەی ئەستیرەکان. ئێمە تەنها و تەنها دەتوانین چاوەڕوان بین بزانین چی دەبێت.
سەرچاوەکان:
https://apod.nasa.gov/apod/ap200101.html
nationalgeographic.co.uk/space/2019/12/giant-star-acting-strange-and-astronomers-are-buzzing