ئەگەر یەکێکیکیت لەو کەسانەی کە تا ئێستاش ڕوون نییە لە لات شارەزابوون لە ماتماتیک چەندە گرنگە بۆ ئەوەی ببیتە فیزیکزانێکی سەرکەوتوو ئەوا ئەمە بۆ تۆیە. ڕەنگە چی لە کاتی خوێندنی قۆناغی ئامادەیی یاخود چی لە زانکۆ کەس بۆی ڕوون نەکردبیتەوە کە واتای چییە کە دەگوترێت ماتماتیک ئەو زمانەیە کە گەردوونی پێ نووسراوەتەوە. ئەمە وتەی من نییە، ئەمە ئەو درکپێکردنەی باوکی فیزیای مۆدێرن، زانای ئیتاڵی گالیلیۆیە کە سەرلەبەری ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە لە سروشتی گۆڕی. هەر لەوەوە بوو کە سەرنجی سەرەکی خرایە سەر بەکارهێنانی ماتماتیک بۆ لێکدانەوە و فۆرمەڵەکردنی هەڵسوکەوتی تەنەکانی بەرچاومان و سەری کێشا بۆ فیزیکەکەی نیوتن و تا ئێستاش کە فیزیکزانە پێشەنگەکان کار لەسەر تیۆریگەلێکی هاوشێوەی تیۆری سترینگ String Theory دەکەن هەموو ئامرازە سەرەکییەکەی دەستیان هەر ماتماتیکە بەڵام لە ئاستێکی زۆر بەرزتردا.
بە شێوەی سەرەکی بۆ خوێندکارێک کە سەرەتای دەستپێکردنی ڕێگاکەیەتی ئەوەی گرنگە بریتییە لە بابەتی کاڵکڵەس Calculus. بە کورتی کاڵکڵەس ئەو لقەی ماتماتیکە کە لە گۆڕانکارییەکان دەکۆڵێتەوە (یاخود بە شێوە ئاڵۆزترەکەی دەکرێت بڵێین لە چارەسەری کێشەی ناکۆتا دەکۆڵێتەوە). بۆ نمونە یەکێک لە سادەترین چەمکەکان لە فیزیکدا بریتییە لە خێرایی. بەڵام خودی خێرایی بریتییە لە گۆڕانکاری لە شوێندا بە پێی تێپەڕینی کات یاخود بە پێی گۆڕانکاری لە کاتدا. کاتێک دەچیتە وردەکارییەکانەوە بۆ داڕشتنی ئەمە بە فۆرمە ماتماتیکییە پێویستت بە کاڵکڵەسە. لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندنی فیزیک لە زانکۆ، کۆرسی کاڵکڵەس وەردەگریت. بەڵام بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبیت، پێویستە لە کاتی خوێندنی ئامادەییدا کۆمەڵێک بابەتت بە باشی خوێندبێت و لێیان تێگەیشتبیت. ئەگەر بە هەر هۆکارێک ئەوە ڕووینەداوە و هەست بەوە دەکەی کەلێنێک لە توانا ماتماتیکییەکانتدا هەیە دەبێت ئامانجی یەکەمت پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە بێت. وەک باسمکرد چەند بابەتێک هەن کە پێشمەرجن کە دەبێت بیانزایت بۆ ئەوەی بتوانیت لە کاتی خوێندنی کاڵکڵەسدا زاڵ بیت بەسەریدا و تووشی کێشە نەبیت. بۆ ئەمەش دوو کۆرسی ئۆنڵاینتان پێ دەناسێنم کە لە لایەن زانکۆی پادۆڤا ئامادەکراون و هەردوو کۆرسەکە بە خۆڕایین مەگەر ئەوەی کە بتەوێت بڕوانامەکە وەربگریت کە مەگەر زۆر پێویستت پێی بێت ئەگەر نا تەنها خوێندنی کۆرسەکە پێموایە بەس بێت. سەیری هەردوو کۆرسەکە بکە، ئەگەر لە بابەتەکانی کۆرسی یەکەمدا باشیت ئەوا ڕاستەوخۆ بە کۆرسی دووەم دەستپێبکە بەڵام ئەگەر لە بابەتەکانی کۆرسی یەکەمدا باش نیت ئەوا پیویستە لە کۆرسی یەکەمەوە دەستپێبکەیت.
کۆرسی یەکەم: ماتماتیکی ژمارەکان، نەخشەکان و هاوکێشەکان
کاتی پێویست: ٥ هەفتە (هەفتەی ٦ کاتژمێر)
زمان: ئینگلیزی
پێشکەشدەکرێت لە لایەن: زانکۆی پادۆڤا
بابەتەکانی ئەم کۆرسە:
- ژمارەکان
- نەخشەکان
- جەبر
- هاوکێشەکان
- لاسەنگە
کۆرسی دووەم: ئەندازە، سێگۆشەزانی، نەخشە توانییەکان
کاتی پێویست: ٤ هەفتە (هەفتەی ٥ کاتژمێر)
زمان: ئینگلیزی
پێشکەشدەکرێت لە لایەن: زانکۆی پادۆڤا
بابەتەکانی ئەم کۆرسە:
- ئەندازە
- لۆگاریتم و نەخشە توانییەکان
- نەخشە و بڕە سێگۆشەییەکان
- یەکسانە و لاسەنگە