
مامۆستا حوسێن حوسێنی (حوسێن ڕابی) ، وێنە لە لایەن: Nasih Ali Xayat
ساڵی یەکەمی خوێندنم بوو لە بەشی فیزیک لە زانکۆی سلێمانی، دەرسێکمان هەبوو بە ناوی Scientific debate. خوێندکارەکان بەش بەش کرابوون بەسەر چەند مامۆستایەکی جیاوازدا. لە ڕاستیدا ئەوەندەی سەرنجمدابوو، لە لای زۆرێک لە مامۆستاکان وەکوو هەر دەرسێکی تر ئەو دەرسەش ببووە ڕۆتینێک و شتێکی وا نزیک نەبوو لە دیبەیتی زانستی، بەڵام خۆشبەختانە من لە ناو ئەو خوێندکارانەدابووم کە لای مامۆستا حوسێن حوسێنی ئەو دەرسەمان دەخوێند. مامۆستایەک کە زۆربەی کات گوێی بە ڕێککردنی جلوبەرگ و قژ و سیمای نەدەدا. ئەمە ڕەنگە وەک مۆرکێک وا بێت بۆ فیزیکزانەکان، ئەو شڕ و شێواوییە جوانەی سیمایەکی جیاکەرەوە دەدات بە زۆرێک لە فیزیکزانەکان جا لە هەر ئاستێکدا بن. مامۆستایەک کە هەمیشە ئامادەبوو بۆ ئەوەی هەر بە دەم پرسیارەوە دیبەیتێکی زانستی لەگەڵدا بکەیت، جا چی لە پۆلدا بێت و چی لە ڕێڕەوەکانی بەشەکەدا و چی لە ژوورەکەی خۆی. ئەوەی دیبەیتەکانیشی زۆر سەرنجڕاکێش دەکرد، بیرۆکە جیاوازەکانی و بە ئاگایی مامۆستا بوو لە بەرەی پێشەوەی بوارەکە.
ڕۆژێک لەو دەرسەدا باس لە چوار هێزەکەی گەردوون کرا. پێش ئەوەی بێمە سەر باسەکە، دەمەوێت بڵێم کە ئێمە زیاتر دەرسی هەندێک لە قۆناغەکانی ئامادەییمان وەکوو ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە زانکۆ خوێند، بە جۆرێک غەدرێکی گەورەی زانستیمان لێکراوە و ئێستاش ئەمە لە ژێر چەندەها ناوی جیاوازدا لە خوێندنگاکان دەکرێت. غەدری ئەوەی کە لە بری تێگەیاندنی بابەتەکان و پەیوەستکردنەوەیان بە ژیانی ڕۆژانەوە تەنها وەکوو شتێک بۆ نمرە هێنان دەرخواردی خوێندکار دەدرێن. ناوی چوار هێزەکەم بیستبوو و شتێکیشم لێ هەڵدەکڕاندن. مامۆستا کەوتە باسی ئەوەی کە کامیان بەهێزترە، کە باسی ئەوەیکرد هێزی کارۆموگناتیسی بەهێزترە لە هێزی کێشکردن پێم قبوڵ نەدەکرا. ئاخر چۆن دەکرێت هێزێک کە گەردوونی لە ئاستە هەرە گەورەکەیدا ڕاگیر کردووە لاوازتر بێت لە هێزێک کە لە نێوان پڕۆتۆن و ئەلیکترۆنێکدا بوونی هەیە؟! کەوتینە باس و خواستی ئەوە. زۆر بە جوانی هەڵستایە سەر تەختەکە و هەردوو یاسای کێشکردنی نیوتن و یاساکەی کۆڵۆمی نووسی و بۆ دوو بارگە شیکاری کردن و لەوپەڕی سەرسوڕماندا بینیم کە ئەوەی دەیڵێت ڕاستە! ئەمە هەنگاوێکی زۆر سادە بوو کە ئێستا تەنانەت خوێندکارێکی ئامادەییش ئەگەر مامۆستاکەی گرنگی پێبدات دەکرێت لێیتێبگات و بیزانێت، بەڵام ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی ئەمە وایە و چۆن دەکرێت ئەم ئەنجامە وابێت زۆر گرنگبوو بۆ من. ئەمە نیشاندانی هێزی هاوکێشەکان بوو، خستنەڕووی شتێک بوو کە دەکرێت ئەنجامە زانستییەکان زۆر بە سادەیی پێچەوانەی بیرکردنەوەی باو بن و لە هەمان كاتیشدا بە تێگەیشتنەوە زۆر ماقوڵ و ڕێتێچوو بن.
مامۆستا لەو سەردەمەدا کە بە دەگمەن نووسین و کتێبی زانستی هەبوون، نووسەر و وەرگێڕ بوو لە بواری فیزیادا. بیرمە ئەوکاتەی کتێبی ‘ئەودیوی فیزیا’ی ‘وێرنە هایزنبێرگ’ی وەردەگێڕا، لەگەڵ تەواوکردنی هەر بەشێک لای خۆی بڵاوی دەکردەوە. منیش بەش بەش چاپم دەکرد و دەمخوێندەوە. بۆ منێک کە لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی فیزیادا بووم و ئینگلیزییەکی ئەوتۆم نەدەزانی و سەرچاوەگەلێکی ئەوتۆم لەبەردەستدا نەبوون ئەم نووسینانە زۆر بەنرخ بوون. ئاخر هەموو ئەو جیهانەی کە بەشێکی زۆر لە مامۆستاکانی تر پێیان ناساندبووین بریتی بوو لە مەلزەمە و هیچی تر. لە ناو ئەم دنیابینییە زۆر تەسکەدا کە تەنها و تەنها مەلزەمە بە دەست خوێندکارەکانەوە بوو، بۆ من زۆر سەرسوڕهێنەر بوو کە هەر بە ڕاستی زانایەکی وەکوو هایزنبێرگ جیا لە پەیپەر و کارە زانستییەکانی، کتێبی نووسیوە. وەکوو هەموو شتەکانی تر، ئەمە کردنەوەی دەروویەکی گەورە بوو بە ڕووی جیهانێکی زۆر فراواندا کە بریتی بوو لە نووسینی زاناکان لە زمانی خۆیانەوە.
بێ هیچ دوودڵییەک مامۆستا حوسێن یەکێکە لەوانەی ئێمەی خستە سەر ڕێگاکە جا بە ڕاستەوخۆ بێت یان بە ناڕاستەوخۆ. جیهانێکی تری بە خوێنەری کوردزمان ناساندووە کە لەودیو ئەوەوەیە کە هەر تاکێک ڕۆژانە پێیەوە سەرقاڵە. بێگومان هەم وەرگێڕان و نووسینەکانی و هەم ڕێچکەکەی لە ناو تاک بە تاکی ئێمەی خولیای زانستدا درێژەی دەبێت. پێشموایە ئەو کاتە ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێ گەیاندووە بەرانبەر ئەو و هەموو کەسێکی کوردزمان کە لانیکەم هەوڵەکانمان هەنگاوێک لەسەروو ئەوەوە بێت کە ئەو ناویەتی بۆ ئاشناکردنمان بە زانست. ئەمەش لە پێناو پێشخستنی زیاتری بوارەکە لە ناو گەلی خۆماندا و لە پێناو ئەوەشدا کە ئەوانەی دوای ئێمە دێن، هەنگاو بە هەنگاو ئەم هەوڵە بەرەو پێشتر ببەن.
سوپاس مامۆستای ئازیز …
ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لە بەرهەمەکانی مامۆستا حوسێن کە زۆربەیان وەرگێڕانن و نووسینیشی تێدایە و لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاو کراونەتەوە: