*ئەگەر لە کاتی خوێندنەوەی هەواڵەکەدا پێویستت بەوە بوو ئاشنا بیت بە چەمکەکانی فیزیای تەنۆلکەیی، تکایە سەردانی ئەم سێ کورتەوانە سەرەتاییە بکە کە پێشەکییەکن بۆ ئاشنابوون بە فیزیای تەنۆلکەیی: کلیک بکە
دۆزرانەوەی تەنۆلکەی هیگز لە لایەن هەردوو ئالیکاریی نێودەوڵەتیی CMS و ATLAS، بەناوبانگترین دۆزینەوەیە کە تا بە ئەمڕۆ لە بەیەکداکێشەری گەورەی هادرۆن لە CERN ئەنجامدرابێت. زاناکان، لە ٤ی جولای ساڵی ٢٠١٢ دۆزینەوەکەیان ڕاگەیاند، دواتریش خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا: ئەو تیۆریزانانەی کە پێشبینی میکانیزیمی هیگزیان کردبوو بوونە براوەی خەڵاتەکە لە ساڵی ٢٠١٣-دا.
لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە ئەو دۆزینەوەیە بڵاوکراوەی ١٨٣-هەمی ئالیکاریی CMS بوو. لە ١٩ی جونی ئەمساڵدا، زاناکانی CMS بە بۆنەی بڵاوکردنەوەی هەزارەم پەیپەری خۆیان لە ژۆرنالێکی هەڵسەنگێنراودا ئاهەنگیان گێڕا.
ئەمە دەستکەوتێکی بێ وێنەیە. لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، زاناکانی CMS، سەرقاڵی بەرهەمهێنان، تاقیکردنەوە و بڵاوکردنەوەی تێگەیشتنەکانیان بوون کە سەرچاوەکەی بەیەکداکێشانە ناوازەکانی تەنۆلکەکانە لە بەیەکداکێشەری گەورەی هادرۆن، بەمەش پەیپەر لە دوای پەیپەر، وەسفی لایەنە بنچینەییەکانی جیهانی کوانتەمیی دەکەن. بە چوونە قووڵایی و ڕوانین لە هەڵسوکەوتی بچینەییترین پێکهێنەرەکانی سروشت لە چاوی ئامێرێکی گەورە کە پێی دەگوترێت، دیتێکتەری CMS، ئالیکاریی CMS بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشداربووە لە بەرەوپێشبردنی تێگەیشتنمان لە هەرە بنچینەییترین بەشەکانی فیزیکی تەنۆلکەیی.
بە بەرهەمهێنانی داتایەکی زۆر و زەوەند لە تونێلێکەوە کە ١٠٠ مەتر لە ژێر لادێکانی فەڕەنسادایە، دیتێکتەری CMS ئەوەندەی داتا بەرهەمهێناوە بۆ ئالیکارییەکەی کە بەشی ئەوە دەکات بە شێوەیەکی مامناوەند، ساڵی زیاتر لە ١٠٠ پەیپەری توێژینەوە بڵاو بکەنەوە.

دیتێکتەری CMS، یەکێکە لەو چوار دیتێکتەرەی دەکەونە ئەڵقەیەکی ٢٧ کیلۆمەترییەوە کە پێیدەڵێین بەیەکداکێشەی گەورەی هادرۆنەکان یان بە کورتکراوەیی LHC. سێ دانەکەی تر ئەمانەن؛ ATLAS، LHCb و ALICE. بە هەر چواریان، بە کۆمەڵگایەک کە پێکهاتووە لە زیاتر لە ١٠٠٠ زانا، خوێندکار، ئەندازیار و تەکنیککاری هەمەجۆر، دیتێکتەرەکان لە کارکردن بەردەوام دەکەن و ئەو داتایەی لێیەوە بەرهەمدێت شیدەکەنەوە.
ڕۆبێرتۆ کارلین کە زانایەکی CERN-ە، پرۆفیسۆرە لە زانکۆی پادۆڤا و وتەبێژی تاقیکردنەوەی CMSە دەڵێت:
بڵاوکردنەوەی ١٠٠٠ پەیپەری زانستیی کوالیتی بەرز لە دەیەیەکدا، ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەرە، شایەتیدەری ئەو پانتاییە فراوانەی فیزیکە کە لە لایەن داتای LHC دابین دەکرێت، هەمەکاریی تاقیکردنەوەکە و بلیمەتیی و خۆتەرخانکردنی هاوکارەکانمانە. ئێمە زۆر شانازییان پێوە دەکەین و چاوەڕوانی ئەو ئەنجامانەین کە لە دەیەکانی داهاتوودا بەرهەمیان دەهێنین. ئەمانە ڕێگەمان دەدەن بەرەوپێشچوونێکی گرنگی زیاتر لە تێگەیشتن لە گەردووندا بەدی بهێنن.
ئەو پەیپەرانەی لە لایەن ئالیکاریی CMS بڵاو کراونەتەوە دەکرێت لە حەوت بواری توێژینەوەی فیزیادا ڕێکخستنیان بۆ بکرێت. پێنج لەم بوارانە ئەو پێوانە پەیوەستانەن بە فیزیاوە کە بە مۆدێلی ستانداردی تەنۆلکە و هێزەکان، فیزیای کوارکی جۆری bottom، فیزیای کوارکی جۆری top، فیزیای بۆزۆنی هیگز و ڕاپەڕاندنی دیتێکتەرەوە وەسف دەکرێن. ئالیکاریی CMS بە وردییەکی بەرزەوە تەنۆلکە ناسراوەکان و هێزەکانی مۆدێلی ستانداردی سەر لە نوێ دۆزیوەتەوە، کە بەمەش، بە وردییەکی بەرزەوە پشتڕاستی زۆرێک لە پێشبینییەکان و پێوانەکانی پارامیتەرە ناسەرەوەکانی مۆدێلی ستاندارد دەکاتەوە.
بواری شەشەم بریتییەکە لە فیزیای ئایۆنە قورسەکان. زۆربەی هەر زۆری جارەکان بەیەکداکێشەری گەورەی هادرۆنەکان، پڕۆتۆنەکان بە ئاڕاستەی پێچەوانە دەکێشێت بەیەکدا، کە ئەمەش بابەتیی نزیکەی لەسەدا ٩٠ی پەیپەرەکانی CMS-ە. بەڵام بەیەکداکێشەرەکە لە چەند جارێکی بەکارخستنیدا، لە بری پڕۆتۆن، گورزەی ئایۆنی قوڕقوشم دەگرێتە ناو جەرگەی دیتێکتەری CMS بۆ توێژینەوە. لە هەر ١٠ پەیپەری بڵاوکراوەی CMS، یەکێکیان فیزیای ئایۆنە قورسەکان و داتای کۆکراوەی ئەم بەکارخستنانەی باسکران لە خۆدەگرێت.
بواری حەوتەم، گەڕانە بە دوای فراوانکردنی ستاندارد مۆدێل (SME) و کارلێکەکانی . مۆدێلی ستاندارد، باشترین تیۆریی ئێستای مرۆڤایەتییە بۆ وەسفی تەنۆلکە و هێزە بنچینەییەکان، بەڵام ناتوانێت وەڵامی هەندێک پرسیاری گەورەی فیزیکی تەنۆلکەیی بداتەوە، لەوانەش: بۆچی لە گەردووندا بڕێکی زیاتر ماددە هەیە بە بەراورد بە دژەماددە؟ ماددەی تاریک لە چی دروستبووە؟ ئایا زیاتر لە یەک تەنۆلکەی هیگز هەیە؟ زاناکانی CMS، ئامانجیان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەیە، کە ئەمەش پێویستی بە فراوانکردنی ستاندارد مۆدێلە (SME).
بۆز کلایما، ڕاگری دەستەی بڵاوکردنەوەکانی CMS، دەڵێت:
بە بڵاوکردنەوەی پەیپەری هەزارەمی CMS، ئێمە شانازی دەکەین کە گەیشتووینەتە ئەم ئاستە مێژووییە بێ وێنەیە. کاریگەریی زانستیی بڵاوکراوەکانی CMS لەوپەڕیدا بووە. هەروەها بەرزیی ئاستی بڵاوکراوەکان و هەمەچەشنێتییان لە ڕووی ئەو بوارانەی فیزیا کە لە خۆی دەگرن، تەواو بێ هاوتایە.
هەردوو LHC و CMS بۆ توێژینەوە لەو لایەنانەی گەردوون دروستکراون کە پێشتر هەرگیز دەستمان پێیان نەگەیشتووە. ئەم لێکۆڵینەوانە، لە ڕەهەندە بەرزەکان، کونە ڕەشە بچوکەکان، تۆپە سترینگەکان، بەربژێرەکانی ماددەی تاریک، بوونی تەنۆلکە تەمەن درێژەکان و دیاردەگەلێکی تر دەکۆڵنەوە کە دەکرێت تێگەیشتنمان لە جیهانی ژێرگەردیلەیی زۆر بەرەو پێش ببەن. بەشێکی هەرە گرنگی تر لە پرۆگرامی CMS-دا بریتییە لە گەڕان بە دوای تەنۆلکەکانی بەرزە هاوجێیەتی (supersymmetric particles).
پەیپەری هەزارەمی ئەم ئالیکارییە، کاری گرنگیی تێدایە لە لایان بەشی ئەمریکای CMS کە بە US CMS ناسراوە و هەروەها سەنتەری فیزیکی LHC کە بنکەی زاناکانی CMS-ە لە ئەمریکا و لە بەشی وزەی تاقیگەی فێرمییە (Fermilab). زیاتر لە لەسەدا ٩٠ی دامەزراوەکانی US CMS، ئەندامگەلێکیان هەیە کە پەیوەستن بە سەنتەری فیزیکی LHC، کە بەمەش هەمەچەشنێتییەکی زۆر لە خۆ دەگرێت لە هەموو سووچێکی وڵاتەکەوە. ئەو مەراسیم و کۆبوونەوانەی لە لایەن سەنتەرەکەوە ڕێکدەخرێن، ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ زانا و خوێندکار لەخۆدەگرن.
میناکشی ناراین، کە زانایەکی زانکۆی براون-ە و ڕاگری ئالیکاریی US CMS-ە، دەڵێت؛
هەرچەند CMS ئالیکارییەکی نێودەوڵەتییە و لە ٢٣٨ پەیمانگای ٥٥ وڵاتەوە ئەندامی هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە تەنها US CMS یەک لەسەر سێی ئەم ئالیکارییە پێکدەهێنێت. هەر بۆیە کاریگەریی زانا ئەمریکییەکان لەسەر ئالیکاریی CMS، بە پەیپەرە بڵاوکراوەکانیشەوە، زۆر گەورەیە و بە تەکنیکی پێشکەوتوو و بلیمەتیی و لێهاتووییانەوە باشتر کراوە بۆ پەردە هەڵدانەوە لە نهێنییەکانی گەردوون.
ئانادی کانیپا. سەرۆکی بەشی CMS لە تاقیگەی فێرمی، دەڵێت:
تا ئێستا LHC تەنها لە سەدا ٥ی بەیەکداکێشانە پلان بۆ داڕێژراوەکانی ئەنجامداوە. لە سەدا ٩٥-ەکەی کە ماوە لە نێوان ئێستاوە تا ناوەڕاستی دەیەی ٢٠٣٠ دەبێتە گەورەترین داتای کۆکراوە لە بەیەکداکێشانی پرۆتۆن-پرۆتۆن لە مێژوودا.بۆ ئەوەی ئامێرەکە بە تەواوی توانای خۆی بخرێتە کار، لە ئێستادا CMS بە پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای سەردەم نوێدەکرێتەوە. کاریگەریی زانستی، ئاست و ئاڵۆزیی تاقیکردنەوەکانی LHC، بێ هاوتان. ئەم هەوڵانە دەبنە بناغەی تێگەیشتنمان لە سروشت بۆ چەندین دەیەی داهاتوو.