سەرەڕای ئەوەی تیۆریی کوانتەم، جیهانی مایکرۆسکۆپیمان بۆ لێکدەداتەوە، بەڵام کاتێک بەو ئامرازانەی ئێستا لەبەردەستماندان لە جیهان ورد دەبینەوە و دەمانەوێت وردتر و وردتر ببینین، ئەوەی دێتە بەرچاومان لێڵی و ناڕۆشنیی زیاتر و زیاترە. کێشەیەک هەیە و نازانین لە کوێدایە.
ئەوەی هەستی پێدەکەین کاتێک دەستی لێدەدەین، ئەوەی بۆنی دەکەی. هەموو ئەمانە بەشێکن لە واقع، بەشێکن لەو جیهانە ڕاستەقینەیەی ئێمە تێیدا دەژین. بەڵام ئەی چی دەبێت ئەگەر تێکڕای ئەمەی ئێمە پێمان وایە گەردوونە، تەنها دیوێکی چیرۆکەکە بێت؟ هەندێک لە فیزیکزانە پێشەنگەکانی ئێستای جیهان، پێیان وایە کە واقع لەمە زیاترە و ئەمەی ئێمە ناومان ناوە واقع و بە جیهانی ڕاستەقینە ناوی دەبەین، تەنها دیوێکی بابەتەکەیە. ئەوان باوەڕیان وایە کە واقعی ئێمە، دەرکەوتەیەکی شێوە هۆلۆگرامیی ئەو یاسا و پڕۆسانەیە کە لەسەر ئەو ڕووە (دوو ڕەهەندییە) ڕوودەدەن کە دەوری گەردوونی داوە. هەرچەند ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر نامۆ و سەیرە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە پرەنسیپێکە کە ماوەی چەند ساڵێکە جێی باسە و سەرەتا لە توێژینەوە لە کونە ڕەشەکانەوە سەریهەڵداوە. لەم ساڵانەی دواییدا، بە هۆی دۆزینەوەیەکی نوێوە لە تیۆری سترینگ (ژێ)-دا، ئەم بیرۆکەیە کەوتە ناو ڕەوتی ئێستای فیزیک و بووە جێی لێکۆڵینەوەی فراوان. ئەوەی لە ڤیدیۆیەکەی خوارەوەدا دەبینرێت، گفتوگۆیەکی ساڵی ٢٠١٤ی چوار زانای پێشەنگی بوارەکەیە سەبارەت بە دوا دۆزینەوەکانی ئەم بوارە کە ڕەنگە تێڕوانینمان سەبارەت بە واقع بگۆڕێت.
بە پێی ئەم پرەنسیپە (پرەنسپی هۆلۆگرافی | The Holographic Principle) ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان، جیهانی ڕاستەقینەی ئێمە، هۆلۆگرامێک بێت.
هۆلۆگرام چییە؟

پرەنسیپی هۆلۆگرافی چییە و لە کوێوە سەریهەڵداوە؟
بیرۆکەکە وەک پێشریش باسمان کرد لەو لێکۆڵینەوانەوە سەریهەڵداوە کە لەسەر کونەڕەشەکان ئەنجام دەدران. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، زانایان دەیانزانی کاتێک تەنێک دەچێتە کونێکی ڕەشەوە، دوو شت ڕوودەدەن. یەکەم، هەموو زانیارییە وردەکان دەربارەی تەنەکە وندەبن. دووەم، ڕووبەری ڕووی کونە ڕەشەکە (event horizon) فراوان دەبێت، کە ڕووبەری ڕووی کونەڕەشەکان (event horizon) ئەو شوێنەیە لە کونێکی ڕەشدا کە ئەگەر هەر تەن یان وزەیەک بچێتە ئەودیوی ئیتر گەڕانەوەی بۆ نییە. ئەم دوو شتەی ڕوودەدەن، یەکەمیان، دژیەک بوو لەگەڵ یاسای دووەمی ثێرمۆداینامیک، چونکە بەشێک لەو زانیارییەی کە وندەبێت، بریتییە لە ئینترۆپی تەنەکە، یاخود بە شێوەیەکی تر، بریتییە لە ئەو زانیارییەی کە وەسفی بەشە مایکرۆسکۆپییەکانی (پێکهێنەرە زۆر وردەکانی) تەنەکە دەکات. بەڵام دووەمیان، وەکوو قەرەبوویەکی ئەو دژیەکییەی یەکەم بوو: وەکوو دەزانین، ئینترۆپی هەمیشە لە زیادبووندایە ( بە واتایەکی تر، گەردوون لە ئاستە گەورەکەیدا هەمیشە لە ڕێکییەوە، یاخود لە نەزمەوە بەرەو ناڕێکی یاخود بێنەزمی دەچێت)، و بە هەمان شێوە وەک زانیمان، ڕووبەری ڕووی کونەڕەشەکانیش دەبێت بەرەو گەورەبوون بچن. کەوابێت لەمەوە دەتوانین بڵێین ڕەنگە بۆ کونەڕەشەکان ئەو دوو شتە هەر هەمان شت بن و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو زانیارییەی کە پێمان وابوو وندەبێت، لەو ڕووبەرەدا کە پێیدەڵێین horizon یاخود ئاسۆی کونەڕەشەکەدا، پارێزراو بێت و ون نەبێت.
لە ١٩٩٣-دا، دوو فیزیکزانی بواری فیزیای تەنۆلکەیی، بە جیا جیا لە توێژینەوەکانیاندا گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە خودی گەردوون بە هەمان شێوە زانیارییەکان دەپارێزێت. واتە لەسەر ڕوویەکی دووڕەهەندی کە دەوری گەردوونی داوە. بەم بیرۆکەیە دەگوترێت پرەنسیپی هۆلۆگرافی چونکە بیرۆکەکە هاوشێوەی هۆلۆگرمە و وەک باسکرا لە هۆلۆگرامدا زانیارییە سێ ڕەهەندییەکان 3D لەسەر ڕوویەکی دوو ڕەهەندین 2D.
ئەمەی باسکرا، هەرە سەرەتاکان بوون بە زمانێکی زۆر سادە و ناتەکنیکی، پێشنیار دەکەم بۆ ئاگاداربوون لە دوا پێشهاتەکان و دەستکەوتنی زانیاری زۆر وردتر (هەڵبەت دیسان بە زمانێکی سادە)، بینەری ئەم گفتوگۆیە بن (بە ئینگلیزی) کە چوار لە زانا پێشەنگەکانی فیزیک و بە تایبەتیش ئەو بوارە دەربارەی دەدوێن:
2 سەرنج
[…] بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەم بابەتە بە زمانی کوردی و هەروەها بینینی لینکی ڤیدیۆیەکی ١ کاتژمێر و نیوی بە زمانی ئینگلیزی، کلیک لێرە بکە. […]
داڕشتن