وشەی کۆزمۆس (Cosmos)، لەو سەردەمەوە بۆ گەردوون بەکارهاتووە کە ئەوەی ئێمەی مرۆڤ دەمانزانی لەسەر گەردوون هەر ئەوە بوو کە بە چاو دەمانبینی. لە خۆت بپرسە کە مرۆڤ لەسەر گەردوون چی دەزانی لە سەردەمی یۆنانی کۆندا کە فیساگۆرس ئەو وشەیەی یەکەمجار بەکار هێناوە بۆ گەردوون؟
بێگومان پێش ئەوەی بە چاوی زانست و بە تایبەتیش گەردوونناسی لە گەردوون، لە هەموو ئەوە بڕوانین کە دەزانین هەیە، ڕەنگە پێمان وابێت تێکڕا ئەمە زۆر ڕێکخراو و بە پلان کار دەکات. وەرزەکان هەموو ساڵێک وەک خۆیان دێن و دەچن، خۆر و مانگ و ئەستێرەکان هەموو ڕۆژ و شەوێک هەر وەک خۆیانن، هەر لە سەوزبوونی کەژ و کێوەوە لە بەهاراندا تا بارینی باران و بەفر. ئەو سەردەمەش هەموو ئەوەی دەمانزانی و دەمانبینی ئەو شتانەن کە لەسەر زەوین و ئەوانەش کە بە چاو دەبینرێن لە ئاسماندا. بەشی هەرە زۆری ئەوانەش ڕێکخراون، نەزمێکیان تێدایە. دەڕوانیتە هەر شتێک نەزم و ڕێکخراوییەکی تێدا دەدۆزیتەوە و هارمۆنییەک دەبینیت، لە شتەکانی زەوییەوە تا دەگاتە ئاسمان، هەر بۆیە بەکارهێنانی وشەی کۆزمۆس بۆ تێکڕای ئەمە بۆ ئەو سەردەمە هاوشانی تێگەیشتنمان بووە لە گەردوون.
ئەی بۆ ئێستا؟ ئێستا کە دەزانین بە بەراورد بەو بەرفراوانییەی لە گەردووندا هەیە، شتانێکی زۆر زۆر کەمی لێ دەربچێت کە نەزمێکیان تێدایە، هەموو ئەوەی تر لە گەردووندا بێنەزمییە، ئایا دروستتر نییە کە کەیۆس (Chaos) کە بە مانای فەوزا، بێنەزمی یان ناڕێکخراوی دێت و پێچەوانەی کۆزمۆس-ە بۆ گەردوون بەکاربهێنین؟ ئایا بە ڕاستی گەردوون، ڕێکخراوە و نەزمی تێدایە، بە واتایەکی تر ئایا کۆزمۆس-ە یاخود بێنەزمی و ناڕێکخراوییە و کەیۆس-ە؟
بۆ هەر کەسێک کە ئاستێکی سەرەتاییشدا لە دیدی فیزیکی مۆدێرن و بە تایبەتیش گەردوونناسیی مۆدێرن لە گەردوون بڕوانێت، ئەوە زۆر ڕوونە کە تێکڕا ئەوەی هەیە بێنەزمییەکی گەورەیە و لە ناویشیدا نەزمێکی لۆکاڵ هەیە کە نمونەکانی لە سەرەوە باسکران. کە بێگومان لە هەر بێنەزمییەکی هێند زەبەلاحدا ئەگەری دەرکەوتنی نەزمێک لە ئاستێکی بچوک و ناوچەیی وەک ئەمەدا هەیە.