
ئایا بۆ من گونجاوە کە ببمە فیزیکزانێکی بواری فیزیکی تەنۆلکەیی؟
فیزیکی تەنۆلکەیی، لقێکە لە فیزیک کە مامەڵە لەگەڵ ئەو بچوکترین پێکهاتانەی ماددە دەکات کە کە لە ئێستادا دەربارەیان دەزانین. ئەوانیش پێیاندەگوترێت “تەنۆلکە سەرەتاییەکان”، هەر بۆیە زۆر جار بەم بوارە دەگوترێت ” فیزیکی تەنۆلکە سەرەتاییەکان”. فیزیکزانێکی بواری فیزیکی تەنۆلکەیی، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئەم تەنۆلکانە چۆنن و چۆن کارلێک دەکەن. فۆتۆن، ئەلکترۆن و کوارکەکان، هەروەها بۆزۆنی هیگز کە بارستایی دەبەخشێت بە هەموو تەنۆلکە سەرەتاییەکان، نمونەی ئەم تەنۆلکانەن کە پێیاندەگوترێت تەنۆلکە سەرەتاییەکان و بابەتی لێکۆڵینەوەی ئەو فیزیکزانانەن کە لەم بوارەدا کار دەکەن.
فیزیکزانێکی بواری فیزیای تەنۆلکەیی، سەرقاڵی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی ئەو تیۆرییانە دەبێت کە وەسفی ئەم تەنۆلکانە و کارلێکەکانیان دەکەن. لە ڕاستیدا، هەموو یاساکانی تری فیزیک، دەکرێت لەم تیۆرییانەوە بەدەست بهێنرێنەوە. سەرکەتووترین تیۆریی ناو هەموو ئەم تیۆرییانە، بریتییە لە مۆدێلی ستاندارد (Standard Model) کە وەسفی سێ لە چوار کارلێکە زانراوەکەی نێوان ئەم تەنۆلکانە دەکات.
بەیەکداکێشەری گەورەی هادرۆنەکان (LHC) لە (CERN) یەکێکە لە گەورەترین ئەو شوێنانەی کە ئەم تیۆرییانەی فیزیکی تەنۆلکەیی لێ تاقی دەکرێتەوە. لە ڕاستیدا (LHC) گەورەترین و وزەبەرزترین بەیەکداکێشەری تەنۆلکەکانە لە جیهاندا. هەزاران فیزیکزانی بواری فیزیکی تەنۆلکەیی و تاقیکاری بەیەکەوە لەوێ کار دەکەن بۆ تاقیکردنەوە و زانینی زیاتر دەربارەی مۆدێلی ستاندارد و هەروەها بۆ دۆزینەوەی ئەو کاریگەرییە فیزیکییانەی کە لە لایەن مۆدێلی ستانداردەوە باس نەکراون و ئەگەر هەیە تا ئێستا بەرچاومان نەکەوتبن و ببنە فیزیکی نوێ.
فیزیکزانێکی بواری فیزیکی تەنۆلکەیی سەرقاڵی چی دەبێت؟
پێش هەموو شتێک، دوو جۆر فیزیکزانی بواری فیزیکی تەنۆلکەیی هەن: تیۆری و تاقیکاری.
ئەو فیزیکزانانەی بە شێوەی تیۆری سەرقاڵی فیزیکی تەنۆلکەیین، تیۆریی کوانتەم و تیۆریگەلێکی وەکوو ستاندارد مۆدێل بەکاردەهێنن بۆ پێشبینیکردنی پێوانە و دەرەنجامەکانی نێو تاقیکردنەوەکان. ئەم هەژمارکارییانە یەکەم جارە لە مێژیی مرۆڤایەتیدا ئەنجام بدرێن، هەر بۆیە دەبێت زۆر بە وریارییەوە و بەدەر لە هەڵە کارەکە ئەنجام بدرێت. گرنگترین خاڵ لەم کارەدا ئەوەیە کە حیسابکردنەکان لەسەداسەد بێ هەڵە بن و بە دروستی ئەنجام بدرێن. لەبەر ئاڵۆزیی کارەکە، فیزیکزانەکان زۆربەی جار بۆ ئەنجامدانی ئەم حیساباتانە، کۆمپیوتەر بەکاردەهێنن، جا ئیتر بە شێوەی ژمارەیی، جەبری یان بە هۆی سیمولەیشنی Monte Carlo. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، فیزیکزانە تیۆرییەکان، پەرە بە شێوازەکانی ئەم حیساباتە دەدەن و بە دوای نوسخەی درێژکراوە یاخود جێگرەوەی مۆدێلی ستاندارددا دەگەڕێن. ئەگەر کەسێک لە بواری تیۆریدا کار بکات، پێویستە زۆر بە باشی ئاگاداری بواری تاقیکاریش بێت، چونکە تەنها ئەو پرسیارانە دەکرێت لە ئێستادا بایەخیان پێ بدرێت کە دەتوانرێن بە شێوەی تاقیکاری کاریان لەسەر بکرێت و لە بەیەکداکێشەرەکاندا تاقی بکرێنەوە.
جۆری دووەم، کە ئەو فیزیکزانانەن کە بە شێوەی تاقیکاری سەرقاڵی فیزیکی تەنۆلکەیین، بە گشتی لەسەر ئامادەکاری و ڕێکخستنی تاقیکردنەوەکان، هەروەها دۆزینەوەی ڕێگای نوێ بۆ پێوانەکاری، پێوانەکردن و شیکارکردنەوەی داتای تاقیکردنەوەکان کار دەکەن. چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ نادڵنیاییە تاقیکاری و ئامارییەکان، بەشێکی گرنگی کارەکەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی پێوانەکان بە دروستی لێکدانەوەیان بۆ بکرێت. لە تاقیکردنەوەی گەورەی وەکوو LHC-دا، کارەکە بە هاریکاریگەلێکی زۆر گەورە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە پێوانەکارییەکان زۆرن و برێکی ئیجگار زۆر داتا کۆ دەکرێتەوە. فیزیکزانێکی بواری فیزیکی تەنۆلکەیی کە سەرقاڵی لایەنی تاقیکارییە، دەبێت زۆر بە باشی ئاگاداری بوارە تیۆرییەکەش بێت و لێی بزانێت، چونکە گرنگە کە بزانێت کام پێوانانە شایەنی ئەوەن پیوانەکارییان بۆ بکرێت و چۆن ئەم کارە ئەنجام دەدرێت.
پیویستە چی بخوێنم بۆ ئەوەی ببم بە فیزیکزانێکی بواری فیزیکی تەنۆلکەیی؟
سەرەتای خوێندنت لە قۆناغی بەکالۆریۆس، واتە ئەو کاتەی خوێندکاری زانکۆیت بە میکانیکی کلاسیکی دەستپێدەکات کە ئەمە بنچینە سەرەتاییە پێویستەکەیە بۆ ئەم بوارە، دواتر پێویستە ئەلکترۆداینامیک بخوێنیت و لە درێژەشدا میکانیکی کوانتەمی. ئەگەر بەختت هەبێت و لە زانکۆیەکی باش بیت، ئەو کاتەی هێشتا هەر لە قۆناغی خوێندنی بەکالۆریۆسدایت، مەفهوم و چەمکەکانی میکانیکی کوانتەمی لە ئاستێکی بەرزتردا (Advanced) و هەروەها جێبەجێکردنەکانی تیۆرییەکە دەخوێنێت، لەوەش باشتر ئەوەیە کە ڕەنگە کۆرسێکی سەرەتایی وەربگریت لەسەر فیزیکی تەنۆلکەیی کە ببێتە سەرەتای ئاشنابوونت بە بوارەکە. لە پاڵ هەموو ئەوەدا کە باسکرا، بێگومان ئامرازە ماتماتیکییە پێویستەکانی وەکوو کاڵکڵەسی سەرەتایی و پێشکەوتوو و جەبری بەهێڵ و چەندین بابەتی تر هەر لەسەرەتاوە دەخوێنیت. هەموو ئەوانەی باسکران، دەبنە ئامراز و بناغەی پێویستە بۆ ئەوەی دواتر لە قۆناغی ماستەردا بە تایبەتی سەرقاڵی خوێندنی فیزیکی تەنۆلکەیی بیت. لە تێکڕای ئەمەدا یەکێک لە بناغە تیۆرییەکانی فیزیکی تەنۆلکە سەرەتاییەکان، بریتییە لە بابەتی میکانیکی کوانتەمی و بە تایبەتیش Quantum Field Theory کە بە کورتکراوەی QFT لە زۆر شوێندا ئاماژەی پێ دەکرێت. گرنگی ئەم بابەتە لەوەدایە کە هەموو ئەو یاسا فیزیاییانەی کە حوکم بەسەر کارلێک و خاسیەتەکانی تەنۆلکە سەرەتاییەکاندا دەکەن، بەربنەمای یاساکانی تیۆریی کوانتەمن.
دەکرێت لە قۆناغی ماستەردا لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەک پرۆگرامەکە جیاواز بێت و هەروەها وانەکانیش جیاوازییەکی کەمیان هەبێت لەگەڵ ئەمەی خورەوەدا، بەڵام بە گشتی لە شوێنێکی وەکوو زانکۆی ڤیەننا، ئەمە ئەو بابەتانەن کە دەیانخوێنێت کاتێک سەرقاڵی خوێندنی ماستەریت لە فیزیکی تەنۆلکەییدا. بابەتە سەرەکییەکان بەو جۆرە دەبن کە سەرەتا بە میکانیکی کوانتەمی ئاستبەرز دەستپێدەکەیت کە درێژەپێدەری ئەو میکانیکی کوانتەمییەیە کە لە قۆناغی پێشوودا وەرتگرتووە بەڵام ئەمجارە لە ئاستێکی بەرزتردا. دواتر فیزیکی تەنۆلکەیی ئاستبەرز دەخوێنێت و بە دوایدا مۆدیڵی ستاندارد و فینۆمینۆلۆژی دەخوێنیت و لە کۆتاییشدا کار لەسەر تێزی ماستەرەکەت دەکەیت.