339 

زۆر بەداخەوە، ستیڤن واینبێرگ (Steven Weinberg) کە بێ هیچ دوودڵییەک یەکێک بوو لە فیزیکزانەکانە پێشەنگە ئاستبەرزەکان، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. دەکرێت بڵێین گرنگترین کاری واینبێرگ، یەکخستنی هەردوو هێزی کارۆموگناتیسی و هێزی ناوکی لاواز بوو کە ئەمەش هەنگاوێک نزیکتری کردینەوە لە خەونە گەورەکەی ئاینشتاین کە هاوکات خەونی زۆربەی فیزیکزانەکانی ئێستاشە بۆ یەکخستنی چوار هێزەکە. ئەو نیشانیدا کە ئەو دوو هێزە بنەڕەتییەی سروشت، دوو دیوی یەک هێزن کە ناونرا هێزی کارۆلاواز. هەر لەبەر ئەمەش بەشێک لە خەڵاتی نۆبڵی ساڵی ١٩٧٩-ی پێبەخشرا.
لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی ٢٠١٥-ی Quanta Magazine-ەوە لەگەڵ ستیڤن واینبێرگ:
تەمەنت ٨١ ساڵە، زۆرێک لە خەڵکی لەو تەمەنەدا بیر لەوە دەکەنەوە خانەنشین ببن و واز بهێنن، بەڵام تۆ هێشتا زۆر چالاکیت. کار لەسەر چی دەکەیت؟
بابەتێک هەیە کە زیاتر لە ساڵێکە کاری لەسەر دەکەم، ڕەنگە هەر خۆ سەرقاڵکردنی پیرە پیاوێکی وەک من بێت بەڵام هەوڵدەدەم تێگەیشتنێک بۆ میکانیکی کوانتەمی بدۆزمەوە کە مانادارتر بێت لەو تێگەیشتنانەی لە ئێستادا هەن. تازە بە تازە کۆتاییم هێناوە بە نوێکردنەوەی نوسخەی دووەمی کتێبەکەم “وانەکان لەسەر کوانتەم میکانیک”، کە تیایدا پێگەی ئەو ئەرگومێنتە بەهێزتر دەکەم کە پێی وایە هیچ یەکێک لەو لێکدانەوە و تێگەیشتنانەی ئێستای میکانیکی کوانتەمی بە تەواوەتی قایلکەر نین.
من بە نیاز نیم واز بهێنم، چونکە چێژ لەوە دەبینم کە پێیەوە سەرقاڵم. چێژ لەوە دەبینم کە ئاگاداری دوایین توێژینەوەکان بم و خۆم سەرقاڵی توێژینەوە بم. پێرارساڵ، پێش ئەوەی بچمە ناو ئەوەی باسمکرد لەسەر کوانتەم میکانیک، سەرقاڵی نووسینی چەند پەیپەرێک بووم لەسەر تیۆریی تەنۆلکە سەرەتاییەکان، هەروەها کارم لەسەر گەردوونزانی دەکرد. هیوادارم بتوانم بگەڕێمەوە سەریان.
سەرچاوەی وێنە و دەقی چاوپێکەوتنەکە:
https://www.quantamagazine.org/steven-weinberg-on-the-history-of-physics-20150317/