323
زوو لەدایکبووین، بەڵام لانیکەم لە کاتێکدا لە دایکبووین کە ئەمە ببینین. ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە چاودێری دەکەین، هەڵدان و بەکارخستنی تەلیسکۆپێکە کە شتانێکی ئەوەندە دوورمان بۆ دەخاتە ڕوو کە دەکرێت بڵێین بە کاتدا دەمانگەڕێنێتەوە و تا نزیک سەرەتاکانی گەردوونمان پێ نیشان دەدات، شتانێک کە تا ئێستا نەمانبینیون و تەنها بە شێوەیەکی تیۆری پێشوەختە دەزانین کە ڕەنگە چۆن بن. بەڵام ئەمە ڕێگا تاقیکارییەکەیە کە دڵنیامان دەکاتەوە لەوەی ئاخۆ تێگەیشتنمان لە سەرەتاکانی گەردوون ڕاستە یان هێشتا شتانێکی تر هەن کە بیرمان لێ نەکردوونەتەوە.
بە بەراورد بە تەمەنی گەردوون، زەوی و ئەوەی دەکرێت مرۆڤ بیزانێت لەو کاتە زۆرانەدا، ئێمە زوو لە دایکبووین. ئەوەندەی دەزانین ١٣.٨ ملیار ساڵێکە گەردوون هەیە، کەچی هەمووی چەند هەزار ساڵێکە ئێمەی مرۆڤ فێری نووسین بووین و بیرۆکەکانمان تۆمار دەکەین، لەوەش کەمتر ئەوەیە چەند سەد ساڵێکە زانستییانە دەڕوانینە سروشت و بە تاقیکردنەوە و بە زمانێکی وەکوو ماتماتیک یاساکانی دادەڕێژین و دەمانەوێت بزانین چی بە چییە.
دەی کە بیری لێ دەکەیتەوە ئەو ماوانە زۆر کەمن بە بەراورد بەو کاتەی بەسەر گەردووندا تێپەڕیوە و لەبەردەستدایە. ئەگەر مرۆڤ خۆی لەناو نەبات یان بە ڕووداوێکی گەردوونی لەناو نەچێت و پەلبهاوێژێت بۆ دەرەوەی هەسارەکەی خۆی و بە گەلەئەستێرەکەی خۆماندا و بە گەردووندا بڵاو ببێتەوە، دەبێت چی شتانێکی تر هەبن کە بیانزانین دەربارەی ئەم هەموو نەزانراوی و پرسیارە بێ وەڵامانەی هەن! دەبێت لە سەروو ئەمانەوە چی ئامرازگەلێکی تر بەکاربهێنین بۆ گەڕان بە دوای وەڵامی پرسیارەکانماندا، گەڕانێک دوور لە خوڕافە و پەنابردنە بەر هێزە نادیارە نەزانراوە بێ بەڵگەکانی سەردەمی پێش زانست کە تا ئێستاش بێ ئەوەی هەبن، لە ناوماندان.
سەرەڕای ئەوەی زوو لە دایکبووین، بەڵام لانیکەم لە سەردەمێکداین کە تازە بە تازە چاومان دەکەینەوە بە ڕووی گەردووندا و لانیکەم چاوێکی بینامان هەیە بە هۆی زانستەوە. وەکوو مرۆڤایەتی، لەو منداڵە دەچین کە تازە لە دایکبووە و چاوی کردۆتەوە، چاوێکمان کە سێ چوار سەدەیە کردوومانەتەوە پێیدەگوترێت تەلیسکۆپ. هەر لە تەلیسکۆپەکەی گالیلۆوە تا دەگاتە JWST. ئەو تەلیسکۆپەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکرێت و تا ئێستا ١٠ ملیار دۆلاری تێچووە و کە هێندەی نەماوە هەڵبدرێتە شوێنێک کە زۆر دوورترە لە شوێنی مانگ لە زەوییەوە.
لەم لینکەی خوارەوە، کاتژمێر ٣:٢٠ ئەمڕۆ ٢٥/١٢/٢٠٢١ سەیری هەڵدانی تەلیسکۆپەکە بکەن: