
تیۆریی هەموو شت
ئەمەی لەم ڤیدیۆیەدا لە لایەن فیزیکزان دەیڤید تۆنگەوە ڕوون کراوەتەوە دوا تێگەیشتنمانە بۆ گەردوون لە ئاستە هەرە بنچینەییەکەیدا. ئەمە بەرهەمی ٤٠٠ ساڵ هەوڵدانی شەیدایانی تێگەیشتنە لە سروشت و جیهانی ڕاستەقینە؛ فیزیکزانەکان. مۆدێلی ستاندارد، ئەو مۆدێلەیە کە بەربنەمای دوا تیۆرییەکانی فیزیک، بنچینەییترین پێهاتەکانی سروشت لە خۆ دەگرێت کە پێیان دەگوترێت تەنۆلکە سەرەتاییەکان. وەلامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە هەموو ئەوەی لە گەردووندا هەیە هەر لە من و تۆوە تا دەگاتە سروشتی چوار دەورمان و هەسارە و ئەستێرە و هەموو شتە دوورەدەستەکانی تر لە ئاستە هەرە بنچینەییەکەیاندا لە چی پێکهاتوون. ڕەنگە ئەمە گرنگترین ڤیدیۆی هاوشێوە بێت بۆ کەسێک کە ئارەزووی تێگەیشتن لە سروشتی هەیە و دەیەوێت ئاگاداری دوا دۆزینەوەکان و دوا وێنەی مرۆڤ بۆ گەردوون بێت لە چاوی زانایانەوە. دروستە ئەمە بۆ خەڵکی گشتییە و وردەکارییە زانستی و هاوکێشەکانی تێدا نین بەڵام تا ئاستێکی زۆر باش ئاشنات دەکات بەوەی مۆدێلی ستاندارد چییە و لوتکەی ئێستای زانینمان چییە و دواجار چی شتانێک هەن کە هێشتا نەزانراون. هەر بۆیە چی فیزیکزان، خوێندکار یان ئارەزوومەندێک لە هەر ئاستێکدا بیت، سوودی لێ دەبینیت.