ئەگەر دەمێکە دەتەوێت لە بنچینەوە قەرەبووی تێنەگەیشتنت لە ماتماتیک بکەیتەوە و هەر لە خاڵی سەرەتاوە دەستپێبکەیت، یاخود ئەگەر پێت وایە تەنانەت پێویستە بە خێرایی ئەو ماتماتیکەی لە قۆناغی ئامادەییش بە نالەباری خوێندووتە، باشتری بکەیت و ئینجا بێیتە سەر ماتماتیکی قۆناغی زانکۆ، ئەوا ئەمە نەک هەر یەکێک لە باشترین کۆرسەکانە لەسەر کاڵکڵەس بەڵو ڕەنگە ببێتە یەکێک لە باشترین ئەو کۆرسانەی لە ژیانتدا خوێندووتە. هیچ کۆرسێکی ماتماتیکم نەبینیوە هێندە ڕوون، ڕێکخراو و باش داڕێژراو بێت. ئەگەر خوێندکاری قۆناغەکانی سەرەتای بەشێکی وەک فیزیا، ئەندازیاری یان هەر بەشێکی تریت و دەبێت کاڵکڵەس بخوێنیت، یاخود ئەگەر دەرچووی ئەو بەشانەیت و پێت وایە لە بنەڕەتەوە ئەم بابەتەت لە زانکۆ بە باشی نەخوێندووە، ئەوا پێشنیاری ئەم کۆرسەت بۆ دەکەم.
دەتوانیت بە بێ هیچ بڕە پارەیەک و بێ بەرامبەر کۆرسەکە بخوێنیت و هەموو تاقیکردنەوەکانی ئەنجام بدەیت، ئەگەر ویستت بڕوانامە وەربگریت بڕێک پارە دەدەیت بە وێبسایتی کۆرسێرا. ئەوەی زۆر تایبەتە لەم کۆرسەدا ڕوونکردنەوە و باسکردنی بابەتەکانە بە باشترین شێواز لە لایەن پرۆفیسۆرەکەوە، بە جۆرێک وا نازانیت ماتماتیک دەخوێنیت. هیچ گرێ و گۆڵەیەک لە باسکردنەکاندا نییە. ڕەنگە دوای خوێندنی ئەمە ئەو پرسیارە بێت بە مێشکتدا کە من چەند ساڵە بۆ بەو جۆرە ماتماتیکم نەخوێندووە و بۆ زووتر ئەمەم نەدیوە. لەوەش باشتر، ئەو فایلە پی دی ئێفانەیە کە لە دوای هەر وانەیەک وەکوو پوختەی بابەتەکەن، ڕوون و پڕ لە نمونەی باشن. تاقیکردنەوەکانی دوای هەر وانەیەک، هەروەها تاقیکردنەوەکانی کۆتایی هەر هەفتەیەک، هەڵسەنگاندنێکی باشن بۆ ئاستی تێگەیشتنت لە بابەتەکان.
ئەمە بە تایبەتی دەبێتە خاڵی سەرەتایەکی باش بۆ ئەوانەی لە قۆناغی یەکەمی بەشی فیزیان یان دەچنە قۆناغی یەکی بەشی فیزیا. بە گشتی بابەتەکانی لە دوو هەفتەی سەرەتادا لەو ماتماتیکەوە دەستپێدەکات کە دەبێت پێش خوێندنی کاڵکڵەس بیزانیت و دواتریش دەچێتە سەر داتاشراوە و تەواوکاری و بەکارهێنانەکانیان.
کۆرسی: پێشەکییەک لەسەر کاڵکڵەس
کاتی پێویست: ٥ هەفتە (٥٨ کاتژمێر)
زمان: ئینگلیزی
پێشکەشدەکرێت لە لایەن: پرۆفیسۆر David Easdown، زانکۆی سیدنی