
ئەوەی دەربارەی مێژوو و فەلسەفەی فیزیا دەیزانم، یارمەتیدەرمە لە تێگەیشتن لەو ئالەنگاری, بێ هیوایی و کێشانەی وەکوو مەتەڵ ڕووبەڕوویان دەبمەوە لە توێژینەوەکانمدا، ئەویش بەوەی کە دەیانخامە قاڵبی ئەو مێژووە دوور و درێژەوە کە مرۆڤ بەسەری بردووە لە گەڕان بۆ تێگەیشتن لە سروشتی فەزا، کات، ماددە و جووڵە. ئەمە هاندەرمە لەوەی ئەو ڕوانینە دوور مەودایە بگرمە بەر کە تێیدا دۆزینەوە مەزنەکان و وەرچەرخانەکان زەق و دیارن، بە جۆرێک کە بێ هیوایییەکانی ڕۆژانەی کاتی سەرقاڵبوون بە چارەسەری کێشەکان و ئەو ڕێگرییە بێبایەخانەی لە ڕقەبەرایەتی ناو کۆمەڵگەی زاناکانەوە سەرهەڵدەدەن بە پێی پێویست دەخاتە بەرچاو.
سەرقاڵبوونی من بە درێژایی ژیانم بە فەلسەفەوە دوو شێوەی گرتووە. یەکەم، نووسینی ئەو فەیلەسوفانەی ڕابردوو دەخوێنمەوە کە لەسەر فەلسەفەی سروشتی کاریان کردووە، چونکە وا تێدەگەم کە خۆم و زاناکانی تریش لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەداین کە ئەوانی ئاڕاستە کردووە، چونکە سەرەڕای ئەو سنووردارێتییەی کە ئەوان لە سایەیدا کاریان کردووە و ئەو ململانێیەی لەگەڵ پشێوی و سەرلێشێواوییەکانی نوسخەکانی پێشتری فیزیادا هەیانبووە، هەروەها ئەوەش کە بێبەشبوون لە بەرەوپێشچوونەکانی ئەم چەند سەدەیە، کەچی هەندێکجار بە بەراورد بە هاوکارەکانی ئێستام، ئەوان زۆر قووڵتر لەو کێشانە تێگەیشتبوون کە ڕووبەڕوویان دەبینەوە. بۆ نمونە، بە تێگەیشتنی من، لایبنێز یەکەم کەس بووە کە ململانێی لەگەڵ ئەو پرسیارە سەرەکییەدا کردووە کە ئێستا ئێمە لە هەوڵماندا بۆ دروستکردنی تیۆرییەکی کوانتەمی بۆ کێشکردن ڕووبەڕووی بووینەتەوە، ئەو پرسیارەی کە چۆن وەسفێکی سەربەخۆ لە زەمینە (باگراوند) بۆ گەردوونێکی داخراو بکەین کە هەردوو هۆکارەکان و چاودێرەکانیشی لە خۆ گرتووە (سەربەخۆ لە باگراوند مەرجێکە لە فیزیای تیۆریدا کە وا پێویستە هاوکێشە سەرەکییەکانی تیۆرییەک، سەربەخۆ بن لە یان بەند نەبن لەسەر شێوەی ڕاستەقینەی فەزا-کات یان نرخی بوارە جیاوازەکانی ناو فەزا-کات). هەروەها پێرس، یەکەم کەس بوو کە هەوڵی داوە بە ڕوونی لەو مەتەڵە بدوێت کە کڕۆکی مشتومڕەکانی ئێستای گەردوونزانی و تیۆری سترینگ-ە: ئەویش ئەوەیە کە چی ئەو یاسایانەی هەڵبژاردووە کە حوکمی گەردوونەکەمان دەکەن؟ هەروەها چی بارودۆخی دەستپێک[ی گەردوونی] دیاریکردووە؟
هەروەها نووسینی ئەو فیزیکزانانەی ڕابردوو دەخوێنمەوە کە بە هۆی سروشت و پەروەردەکەیانەوە کاریگەرییان لەسەر فەلسەفەش هەبووە. لە ڕاستیدا، ئەمان بە فەلسەفەکاری بواری فەلسەفەی سروشتی دادەنرێن، هەڵبەت هەموومان پێش لێکجیابوونەوەی فیزیا و فەلسەفە هەر ئەوە بووین. هەر بۆیە، نووسینەکانی گالیلیۆ، کیپلەر، نیوتن، ماخ، بۆڵتزمان، بۆر و لە سەروو هەمووشیانەوە ئاینشتاین دەخوێنمەوە. من بۆیە نووسینی ئەوان دەخوێنمەوە چونکە دەمەوێت شێوازی بیرکردنەوەکانیان زیندوو بکەمەوە، بەو هیوایەی کە لە کێشمەکێشەکانی ئێستادا یارمەتیدەرمان بن.

من دەمەوێت بزانم ئاینشتاین بیری لە چی کردۆتەوە، لەوەش بترازێت دەمەوێت بزانم کە چۆن بیری کردۆتەوە، چونکە وا تێدەگەم خۆم لەگەڵ هەمان ئەو کێشانەدا لە ململانێدام کە ئەویش پێیانەوە سەرقاڵ بووە، ئەو کێشانەش کە بە هۆی دۆزینەوەکانییەوە سەریان هەڵداوە. کێشکردنی کوانتەمی، کێشەی پێوانە، هەموو مەتەڵەکانی تری میکانیکی کوانتەمی و سروشتیی کات لە جیهانێکدا بە ئەندازەیەکی فەزا-کاتی داینامیکییەوە. سەرەڕای تێپەڕینی شەست ساڵ بەسەر مردنیدا، هێشتا ئەم کێشانە بە شێوەیەکی بێ هیوایانە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئاینشتاین بە شێوەیەکی دیار، زیرەکتر و و ژیرتر بووە لە من، هەروەها زانا و بیرمەندێکی زۆر سەرکەوتووتریش بووە. چۆن دەکرێت حەزم لە زانینی ئەوە نەبێت کە بیرکردنەوەی چی بووە دەربارەی ئەو کێشانەی کە بە میرات بۆی بەجێهێشتووین؟
لە ناو شتانێکی زۆر و زەوەنددا کە ئاینشتاین ئەنجامی داون، یەکێکیان ئەوەیە کە سەرکەوتوو بوو لە هەڵگیرساندنی شۆڕشێک لە زانستدا، جووڵەیەک کە زۆرێک لە ئێمە بۆ ئێستا بە پێویستی دەزانین. بەڵام ئەم نەوەیەی ئێمە وەکوو شۆڕشگێر شکستی هێناوە. لێرە، قسەیەکی ڕۆبێرتۆ مەنگابێرا ئونگەر بە نمونە دەهێنمەوە کە لە کاتی قەیرانی ئابووریدا دەربارەی سەرانی وڵات لە پەیوەندیدا بە فرانکلین ڕۆزڤێڵت گوتبووی: “زۆرێک لە فیزیکزانەکانی ئێستا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانەدا کە تێیدان، دەیانەوێت ئەلبێرت ئاینشتاین بن. بەڵام هیچیان نازانن چۆن.”
من بە ڕێگایەکی تر سەرقاڵی نەریتە فەلسەفییەکە دەبم: بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بانگەشەکارەکانی و بەرکەوتنیان. ئەم ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوونانە بە چەند هۆکارێک بە شتانێکی بێئەندازە هاندەر دەزانم. هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە لە زۆر حاڵەتدا، فەیلەسوفەکان کار لەسەر هەمان ئەو پرسانە دەکەن کە من کاریان لەسەر دەکەم و سەرقاڵی پەرەپێدانی بیرۆکەگەلێکن کە پەیوەندیدارن بەو بیرۆکانەوە کە من هیواخوازم بیانچەسپێم لە ڕوانگەیەکی زۆر بوژێنەر و جیاوازترەوە. بێگومان من لەو هەشت ساڵەدا کە لەگەڵ مەنگابێرا ئونگەر لەسەر بابەتی ‘یاسا پەرەسەندووەکان’ و ‘کاتی ڕاستەقینە’ هاریکاری یەک بووین بە شێوەیەکی بێئەندازە ئەمە فێربووم.
بە درێژایی چەندین ساڵ، زۆرێک لە بەرکەوتنەکانی تر لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارە فەلسەفەخوازەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو هانی بیرکردنەوەی خۆمیان داوە و قووڵتریان کردووە. ڕوانگەی فەلسەفی بە شێوەیەکی خودئاگایانە دەربڕی ئەو ژیرییەیە کە بە چەندین سەدە وردبوونەوە و تێفکرین لە زانست بەدەست هاتووە، هەروەها دەربڕی بەرەوپێشچوون و شکستەکانێتی. لەوەش بترازێت، زۆرێک لە فەیلەسوفان، زیرەکانە وردن لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا و دەتوانن هەڵە لۆژیکییەکان (مەغڵەتەکان)، هەڵەکانی تر یان هەر شتانێک کە بە هۆی گوێپێنەدانەوە بە هەڵە تێپەڕیبن دەستنیشان بکەن، ئەمەش شتێکە زۆر جار لە نێو فیزیکزانەکاندا وەکوو ڕێبینین و بەرچاوڕوونیگەلێکی گرنگ دەستاودەستیان پێدەکرێت. بە کورتی، ئەمانە دەکرێت بۆ ئەو بیرمەندانەی هێشتا کاڵ و کرچن [لە بوارەکەدا] کە زۆرێک لە زانستکارەکان لە ڕاستیدا وان، تۆقێنەر بن و ئارامییان لێ هەڵبگرن.
بەڵام بۆچی بەم دواییانە، کۆمەڵە فیزیکزانێکی زیرەک و کاریزما، بە لێشاو هێرشی توند دەکەنە سەر فەیلەسوفان؟ خۆ بە دڵنیاییەوە هەرگیز کەس هۆوکینگ، کراوس و تایسن بە بێ متمانەیی تۆمەتبار ناکات؟
تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی زانست و هەروەها تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی ئەو زانایانەی کە دەستە و تاقمێکی زانستییان پێ دەناسرێتەوە و باڵادەستن تێیدا، جیاوازە لەو ئالەنگاریییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هەر بۆیە، دەکرێت لە ناو کەسە پێشەنگەکانی زانستە جیاوازەکاندا و لە سەردەمە جیاوازەکانی هەمان زانستیشدا، لە ڕووی جۆری کەسایەتییانەوە تووشی خەڵکانێکی زۆر جیاواز لە یەک ببیت. کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠، سەردەمی قەیران و شۆڕش بوون لە فیزیکدا، ئەوانەش کە بەسەر قەیرانەکەدا زاڵبوون، بێشەرمانە شۆڕشگێر بوون (شەرمیان لەوە نەدەکرد کە دەیانەوێت شۆڕشێک لە بوارەکەدا بەرپا بکەن و بە ئاشکرا بانگەشەیان بۆ دەکرد). ئاینشتاین، پلانک، بۆر، پوانکارە، شرۆدینگەر، هایزنبێرگ و هەموو ئەو کەسایەتییە گەورانەی تر کە دۆزینەوەیەکیان کردووە لەو سەردەمەدا، بە باشی ئاگاداری مێژوو و فەلسەفە بوون و خویندوویانە، هەروەها لە ناو کۆمەڵگە زانستییەکەیاندا شتێکی تەواو سروشتی بووە کە قسەیەکی ئەفلاتوون، لایبنێز، کانت و ماخ بە نمونە بهێنرێتەوە. ڕەنگە ئەمە تەنزئامێز دەربکەوێت بەڵام ئەو هزرانەی زۆرترین کار ئەنجام دەدەن بۆ بیاتنان و داهێنانی داهاتوو، هەر ئەوانەن کە زۆرترین تێکئاڵاوی و بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ هاوبیرەکانیانی ڕابردوویان. وەکوو چۆن دەیڤید فینکڵشتاین جارێکیان پێیگوتم: “بۆ ئەوەی بازێک بەرەو داهاتوو بدەین، پێویستە بە ڕاکردن دەستپێبکەین و بۆ ئەوەش چی لەوە باشتر هەیە کە بە خستنەگوڕی هاوبیر و توێژەرانی ڕابردوو دەستپێبکەین.”

هەر کە شۆڕشێک کرا و زانایان توانییان بە کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پارادایمەی شۆڕشگێڕەکان خوڵقاندوویانە پێشکەوتنێک بهێننە کایەوە، جۆرە کەسایەتییەکی جیاواز بەسەر زانستدا زاڵ دەبێت. ئەمانە خەڵکانێکن زۆرتر پراگماتیک، کەمتر ڕۆمانتیک، لە ڕووی تەکنیکییەوە زۆر شارەزا و کەمتر خاوەنی خەیاڵ و خەونن بەوەی سەریان لە نیو فەلسەفەدا بێت.
سەرکەوتنی شێوازی پراگماتیکی لە کۆتایی چلەکان و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا بووە هۆی پەراوێزخستنی ئەو شێوازەی زیاتر بناغەیییە و بووە هۆی وەدەرنانی لایەنگرانی لەو ناوەندانەی نوخبەکانی لێن بۆ ناو زانکۆ بچوکترەکان. لە ناو کۆمەڵگەی فیزیکزانەکانی بواری فیزیکی تیۆریدا، کۆمەڵەی تیۆریی ڕێژەیی بووە شوێنی سەرەکیی تێڕامانە فەلسەفییەکان، کە ئەوانیش بەهای فراوانیی و سەربەخۆیی هزرییان دەزانی و لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە چەندین ناوەنددا گەشەی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینی، تا ئەو کاتەی ئاڕاستەی بناغەیییان لە لایەن گوشاری پراگماتیکیی NSF (دامەزراوەی نیشتمانیی زانست) بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی ماددی بۆ LIGO و ڕێژەیی ژمێرەیی، لە ناوچوو. هاوکات، بەو پەیڕەوە پراگماتیکییە، فیزیکی تەنۆلکەی بە خێرایی گەشەی سەند و سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا تا ئەو کاتەی لە سەرەتای هەشتاکاندا بە گەڕانە شکستخواردووەکان بۆ شیبوونەوەی پڕۆتۆن و ئاماژەکانی تری یەکگرتن لەودیو مۆدێلی ستانداردەوە، لە جووڵە کەوت.
لەو کاتەوە، فیزیکی بنچینەیی لە قەیراندایە، به هۆی ئەوەی کە بە ڕوونی دیارە بیرۆکەگەلێکی شۆڕشگێڕانە پێویستن، ئەمەش ئەوەندەی تر بە شکستی هەر یەکێک لەو تاقیکردنەوانەی کە ناتوانن پشتڕاستی تیۆرییە باوەکان بکەنەوە دەردەکەوێت، هەروەها بە بێ توانایی ئەوانەی کە بە شێوازێکی پراگماتیکی، دژی شێوازی فەلسەفیی توێژینەوە ڕاهێنراون و ناتوانن خۆیان لە شێوازی باو ڕزگار بکەن و ئەو بیرۆکە نوێیانە دابهێنن.
ئەگەر بە ئاواتی ئەوەیت ببیتە شۆڕشگێڕێک لە فیزیکدا، من دەمەوێت بانگەشەی ئەوە بکەم کە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ نەریتی شۆڕشگێڕەکانی ڕابردوودا یارمەتیدەر دەبێت. بەڵام وانەکانی ئەو نەریتە لەو شوێنانەدا نییە کە زانستی باوی ئێستای تێدایە، ئەویش بەو پەروەردە و تێڕوانینە تەسکەیانەوە، بەڵکوو لە کۆمەڵگا و نەریتە فەلسەفییەکاندایە. هەر لەبەرئەوەیە کە من لەگەڵ فەیلەسوفەکاندا دەدوێم و هانی خوێندکارەکانیشم دەدەم کە وا بکەن.