(لە پەیوەندیدا بە فیزیاوە)
(لە پەیوەندیدا بە فیزیاوە)
ناوم ئارمان-ە. دەرچووی بەشی فیزیای کۆلێژی زانستی زانکۆی سلێمانیم. خولیایەکی زۆرم بۆ تێگەیشتن لە گەردوون و بە گشتی پرسیارە گەورەکان هەیە، هەر ئەمەش هۆکاری هەڵبژاردنی فیزیکە لە ناو هەموو شتەکانی تردا. لە ناو فیزیکیشدا ئەوەی زۆر تایبەتە لە لام، فیزیکی تەنۆلکەیی و کۆزمۆلۆژی-یە. لە هەوڵدام و ئامانجم ئەوەیە بتوانم وەک توێژەرێک کار لەسەر کێشە بنچینەییەکانی ئەو بوارانە بکەم. لە چەند خوێندنگایەکی ئەهلی، حکومی و نێودەوڵەتی وانەی فیزیکم وتۆتەوە. خوێندکارەکانم تایبەتترین بەشی کارەکەمن، شانازییان پێوە دەکەم و بۆ هەمیشە بەشێک دەبن لە بیرەوەریەکانم.
بە گشتی لە زانکۆ تەنها یەک شتی زۆر گرنگم بۆ دەرکەوت و فێری بووم. ئەویش ئەوە بوو کە فیزیا و زانست چی نییە و نابێ چۆن پێیەوە خەریک بم ئەگەر بمەوێت ببم بە فیزیاییەک یان کەسێکی زانستیی ڕاستەقینە. بۆیە هەر زوو بە تەواوەتی وازم لەوە هێنا کە زۆربەی کاتەکانم تەرخان بکەم بۆ سەرقاڵبوون بەو هەموو بێکەڵکییەی کە لە زانکۆ دەگوزەرێت کە زۆر زۆر دوورە لەوەی هیچ کەسێک بتوانێت بە پەیڕەوکردنی ئەوەی ئەوێ بە هیچ بگات. هەمیشە ئەو پرسیارەم لە بیر بووە کە ئایا بە تەنها سەرقاڵبوون بە فیزیا و بە گشتی زانست وەڵامە بۆ ویستەکانی من؟ زۆر بە سادەیی ئایا فیزیا بەسە؟ چیتر هەیە وەڵامی ئەو پرس و کێشانە دەداتەوە کە لای مرۆڤ گەڵالە دەبن و هەموو دەم لە خەیاڵیدا دێن و دەچن تا وای لێدێت بە ویستی خۆی دەبنە هەموو ئەوەی کە مانایەکیان هەیە لە ژیایندا؟ تا ئێستا لەم بێنەوبەرەیەدا لەگەڵ خۆم، فیزیا هەر لە جێی خۆی ماوە، بەڵام فەلسەفە زۆر سەرنجی ڕاکێشاوم، هەستکردن بە گرنگیی فەلسەفە و بینینەوەی بەشێکی هەرە گەورەی کێشە وپرسیارەکانی خۆم لە فەلسەفەدا بۆ من وەک دۆزینەوەی گەنجینەیەکی بێ ئەندازە گەورە بوو، گەنجینەیەک کە بەداخەوە زۆر زۆر درەنگ بە هەبوونیم زانی. هەرچەند تا ئێستا تەنها توانیومە زۆر ڕووکەشانە و بە گشتی شتێک دەربارەی بزانم و زۆر کەم دەرفەت هەبووە سەرقاڵ بم پێیەوە، نەک لەبەر ئەوەی نەمویستووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی زۆر دواکەوتووم لە هەموو شتەکانی تر و دەرفەت نەبووە. بۆیە لە ئێستادا زۆربەی کاتەکانم بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو دواکەوتنانە تەرخان دەکەم. هێند نابێت کە زۆر بە چڕی دەستم کردۆتەوە بە خوێندنەوەی سەرلە نوێی فیزیک و ماتماتیک و فەلسەفە و زۆربەی کاتەکانم بۆ ئەوانە تەرخان دەکەم.
بەهەرحاڵ ئەمە ڕێگایەکی دوور و درێژە و هیلاکبوونێکی باشی دەوێت. ئەم بلۆگەش تەنها خەمخۆرییەکی بچوک و تەرخانکردنی بەشێکی کاتەکانم و هەوڵێکە بۆ بەشداری پێکردنی ئەوەی پێیەوە خەریکم لەگەڵ هەموو ئەوانەی دەیبینن یان ئەوانەی وەک خۆمن و بە هەمان ڕێدا دەڕۆن یان ئەوانەی دواتر دەیانەوێت هەمان ڕێ بگرنە بەر.